فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل
له دواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یه‌كێتیى سۆڤییه‌ت، له سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ته‌كان دنیا له هه‌موو بواره‌كان خۆى بۆ گۆڕانكاریى گه‌وره ئاماده ده‌كرد، له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه گه‌وره‌كانیش، بیرمه‌ندان خۆیان بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێ ئاماده ده‌كرد، بۆ تێگه‌یشتن له‌و دنیایه‌ى خه‌ریك بوو سه‌رله‌نوێ خۆى به‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كى نوێ دابه‌ش بكاته‌وه. له هاوینى ساڵى 1993 گۆڤارى (foreign Affairs) وتارێكى به ناونیشانی "پێكدادانى شارستانیه‌ته‌كان؟" بڵاو كرده‌وه كه نووسه‌ره‌كه‌ى سامۆئیل هینگتۆن بوو.
دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى وتاره‌كه، زۆرترین مشت‌ومڕ له‌سه‌ر وتاره‌كه دروست بوو، ته‌نانه‌ت باس له‌و ده‌كرێ له دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه، هیچ وتارێك هێنده مشت‌ومڕ به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه. دواى چه‌ندان دیدار و كۆڕ و سیمینار له‌سه‌ر ئاستى دنیا، نووسه‌ر بابه‌ته‌كه‌ى فراوانتر كرد و له كتێبێكدا خستیه ڕوو، له ساڵى 1996 بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك كتێب بڵاو كرایه‌وه، وێڕاى سه‌رسامبوون و خوێندنه‌وه‌ى له پانتایییه‌كى فراوانى دنیا، رووبه‌ڕووى سه‌دان ره‌خنه بووه‌وه.
پوخته‌ى تیۆرى كتێبه‌كه
سامۆیل هینگتۆن پێى وایه له سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد و به‌ر له جه‌نگى ساردیش، دنیا دنیاى دوو جه‌مسه‌رى دژ به‌یه‌كتر بووه، هه‌ر هێزێكی دنیا تێڕوانینى ئه‌وه بووه خۆى به‌سه‌ر هه‌موواندا بسه‌پێنێ و ئه‌ویتر له‌ناو ببات، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مى جه‌نگى ساردیش هه‌مان تێڕوانین هه‌بووه، دنیاى كۆمۆنیزمى له به‌رانبه‌ر دنیاى سه‌رمایه‌دارى (لیبراڵى) ئه‌وه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ش بووه، كه زۆر جار به دنیاى سێیه‌م وه‌سف كراوه، گۆڕه‌پانێك بووه بۆ دوو جه‌مسه‌ره‌كه، ئه‌م دووجه‌مسه‌ره‌ش لۆجیكى "ئێمه و ئه‌وانی تر"ى به‌سه‌ردا زاڵه.
به‌ڵام به‌بڕواى هینگتۆن دواى كه‌وتنى یه‌كێتیى سۆڤییه‌ت، دنیا دنیاى فره‌جه‌مسه‌ریى ده‌بێت، زیاتریش ئه‌م دنیایه به‌پێى شارستانیه‌ته‌كان دابه‌ش ده‌بن، شارستانیه‌تیش به پێناسه‌كه‌ى هینگتۆن بریتییه له "گه‌وره‌ترین ئێمه" واته گه‌وره‌ترین شوناسى ئێمه، لێره‌دا گه‌وره‌ترین شوناسى ئێمه شارستانیه‌ته‌كانه كه بریتین له شارستانیه‌تى خۆرئاوا. كۆنفۆشیۆسى، ژاپۆنى، ئه‌فریقی، ئارسۆدۆكسى. دنیاى نوێش به‌پێى ئه‌م جه‌مسه‌رانه دابه‌ش ده‌بێت.
به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و پۆلینكردنه هێنده ئاسانه؟
له سه‌رجه‌م لاپه‌ڕه‌كانى كتێبه‌كه‌ى هینتگتۆن ئه‌وه له بیر ناكات كه دنیاى دواى جه‌نگى سارد، نزیكه‌ى 190 وڵاتى تێدایه، هه‌ر وڵاتێك هه‌وڵ بۆ شوناسى خۆى ده‌دات، جیا له‌مه‌ش چه‌ندان نه‌ته‌وه و گرووپ و تایفه‌ى تر سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه، هه‌وڵى زیندووكردنه‌وه‌ى شوناسى خۆیان ده‌ده‌ن، پۆلێنكردنه‌وه‌ى ئه‌م گرووپ و ده‌وڵه‌تانه به‌پێى شارستانیه‌ته‌كان كارێكى وا ئاسان نییه، چونكه په‌رته‌وازه‌یییه‌ك له دیمۆگرافیاى ئه‌و گه‌لانه هه‌یه، بۆ نموونه مسوڵمانان له ئه‌ندۆنیسا و توركیا و رووسیا و سعوودیه و میسڕ دابه‌ش بوون. ئارسۆدۆكسه‌كان له كرواتیا و یۆنان و رووسیا هه‌ن.
لێره‌دا شارستانیه‌ته‌كان ئه‌وانه‌ى هه‌ڵگرى گه‌وره‌ترین شوناسن له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى جیۆگرافیا تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بن، ئه‌گه‌رچى زۆرجار هێڵێك له‌یه‌كتر جیایان ده‌كاته‌وه كه هینتگۆتن به هێڵى جیاكردنه‌وه‌ى شارستانیه‌ته‌كان ناویان ده‌بات (fault lines). ده‌یان نموونه له كتێبه‌كه له‌سه‌ر هێڵى جیاكردنه‌وه‌ى شارستانیه‌ته‌كان هه‌یه، عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، سوودانى باشوور و باكور، كێشه‌ى قوبڕس له نێوان توركیاى ئیسلام و یۆنانى ئارسۆدۆكسی، كێشه‌ى ڤیتنام، كێشه‌ى كشمیر، كێشه‌ى نێجیریا.
كاتێك باس له هێڵى جیاكردنه‌وه‌ى شارستانییه‌ت و كولتووره‌كان ده‌كرێت، نووسه‌ره‌كه پێی وایه گه‌وره‌ترین شه‌ڕى جیهانیى فره‌جه‌مسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و هێڵانه‌وه ده‌بێت، هه‌ر لێره‌شه‌وه شه‌ڕه‌كان گه‌وره ده‌بن و ده‌بن به‌هۆى پێكدادانى شارستانیه‌ته‌كان. شه‌ڕه‌كانى سه‌رى هێڵى جیاكردنه‌وه‌ى دوو كولتوور وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ، ئاگربه‌ستى تێدایه به‌ڵام كۆتای پێ نایه‌ت، نه ئاشتى به‌رده‌وام و نه جه‌نگى به‌رده‌وام هه‌یه. تێگه‌یشتن له‌م هێڵه شاده‌مارى تیۆره‌كه‌یه، كه‌چى سه‌یر ئه‌وه‌یه له‌م هێڵه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك باسى كورد نه‌كراوه.
هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ى له جه‌نگه‌كانى هێڵى جیاكردنه‌وه‌ى ناو شارستانیه‌ته‌كان باس ده‌كرێت، به‌سه‌ر كورددا جێبه‌جێ ده‌بن، كورد هه‌میشه له‌گه‌ڵ دراوسێكانى كه له هه‌مانكات داگیركه‌رى خاكه‌كه‌ین له حاڵه‌تى جه‌نگى كاتى و ئاشتى كاتى بووه. شه‌ڕى كورد شه‌ڕى كولتوور و شوناس بووه. له هه‌موو ئه‌مانه گرنگتر كتێبه‌كه‌ى هینتگتۆن له سه‌رده‌مێك ده‌رچووه كه كورد بابه‌تى سه‌ره‌كیى میدیاى دنیا بووه، له ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى 688ى بۆ ده‌رچووه. هێڵى جیاكردنه‌وه‌ى فه‌رمى بۆ دانراوه كه به "هێڵى دژه‌فڕین" ناو برا.
له به‌شێكى تر‌ى كتێبه‌كه هینتگتۆن باسی توركیا ده‌كات وه‌ك ده‌وڵه‌تى هه‌ڵوه‌شاوه( torn state ) به‌پێى پێناسه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌تى هه‌ڵوه‌شاوه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه كولتوورێكى به‌سه‌ر زاڵه، به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌یه‌وێ شوناسى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى بگۆڕێت، شوناسێكى تر‌ى پێ بدات، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تێك له شارستانییه‌تێك جیا بكرێته‌وه و بخرێته سه‌ر شارستانییه‌تێكى تر. له توركیادا كه‌مال ئه‌تاتورك هه‌وڵیدا شوناسى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى له شارستانییه‌تى ئیسلام جیا بكاته‌وه و بیخاته سه‌ر شارستانییه‌تى رۆژئاوا، له‌م پرۆسه‌یه‌دا رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه و دواجاریش كۆمه‌ڵێك شوناس له‌ناو ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. هینتگتۆن باس له نه‌وه‌ته‌كانى ده‌وڵه‌ته هه‌ڵوه‌شاوه‌كه‌ى توركیا ده‌كات، كه‌چى دیسان به یه‌ك وشه باسى كورد ناكات، ته‌نانه‌ت له ئاماژه‌یه‌ك بۆ كوردانى باكور، زاراوه‌ى "باشوورى رۆژهه‌ڵاتى توركیا" به‌كار دێنێت، واته ئه‌و زاراوه‌یه‌ى توركیا بۆ ناوچه كوردییه‌كانى باكورى كوردستان به‌كارى بردووه.
به تێڕوانینى سامۆئیل هینتگتۆن له دنیاى فره‌جه‌مسه‌رى، جۆرێك له ده‌وڵه‌تى تر ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویش ده‌وڵه‌تانى دابه‌شبووه (cleft countries) ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌تانه‌ش كه له‌سه‌ر هێڵى جیاكردنه‌وه‌ى نێوان شارستانیه‌ته‌كانن، ده‌ڵێ "ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌تانه له پاراستنى یه‌كێتییه‌كه‌یان رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى تایبه‌ت ده‌بنه‌وه". نموونه‌ى سوودان و كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تى تر دێنێته‌وه كه دوو نه‌ته‌وه‌ى گه‌وره له‌خۆ ده‌گرن، وه‌ك خۆى ده‌ڵێ، كێشه‌یان له پاراستنى یه‌كێتییه‌كه‌یان هه‌یه، له‌وانه هیند (مسوڵمان، هیندۆس) سیرلانكا (سه‌نهالى، بووزى، هیندۆسى تامیلى) مالیزیا و سه‌نگاپووره (چینى و مسوڵمانى مالاوى) چین (چیینه‌كانى هان، بووزى تبت، مسوڵمانى تورك) فلیپین (مه‌سیحى، مسوڵمان) ئه‌نده‌نووسیا (مسوڵمان و مه‌سیحییه‌كانى ته‌یموور). كه‌چى باسى سووریا ناكات (كورد-عه‌ره‌ب) عێراق (كورد- عه‌ره‌ب) ئێران (فارس- كورد) توركیا (كورد- تورك).
ته‌نیا له یه‌ك رسته كاتێك باسى سه‌دام حوسێن ده‌كات، پرسی لێدانى كورد ده‌خاته ڕوو، به‌ڵام باسى 40 ملیۆن كورد ناكات كه كێشه‌ى شوناسى هه‌بێت، باسى كورد ناكات، له‌ناو ده‌وڵه‌تى له‌رزۆك و ده‌وڵه‌تى هه‌ڵوه‌شاوه و ده‌وڵه‌تى دابه‌شبوو بوونیان هه‌یه، یان له‌سه‌ر هێڵه‌كانى جیاكردنه‌وه‌ى شارستانیه‌ته‌كان له جه‌نگى كاتى و ئاشتیى كاتین.
ده‌كرێت زۆر شت له‌سه‌ر كتێبه‌كه بگوترێت، هه‌رچه‌نده بیرمه‌ندانى دنیا به یه‌كێك له كتێبه گرنگه‌كانى وه‌سف ده‌كه‌ن، بۆ تێگه‌یشتن له سه‌ده‌ى 21. یه‌ك خاڵ هه‌یه ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه‌ى بۆ بكرێت، هینتگتۆن باس له‌وه ده‌كات كاتێك نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان شوناسێك ده‌كه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه، په‌نا بۆ دوو قه‌واره ده‌بات، كه ئه‌و به ده‌وڵه‌تى خزم (kin-country) و خزمانى تاراوگه (DIASPORAS) ناویان ده‌بات. كاتێك ئه‌م دوو قه‌واره‌یه له‌سه‌ر شوناسه هه‌ڕه‌شه‌لێكراوه‌كه دێنه ده‌نگ، ئه‌وا گه‌له‌كۆمه‌ى شارستانییه‌ت له به‌رانبه‌ر شوناسى نه‌یار دروست ده‌بێت.
بۆ نموونه، سعوودیه پاره بۆ بۆسنه و ئه‌فغانستان و ئه‌ندۆنسیا ده‌نێرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى مسوڵمانن، توركیا بۆ توركمانه‌كانى ئازه‌ربایخان و عێراق و قوبڕس، لێره‌دا سعوودیه بۆ مسوڵمانێكى ئه‌ندوونسیا ده‌وڵه‌تى خزمه، توركیاش بۆ توركێكى قوڕس به‌هه‌مانشێوه. خزمانى تاراوگه‌ش، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه یه‌ك شوناسیان هه‌یه، كه‌چى به په‌رته‌وازه‌یى ده‌ژین، وه‌ك جوو و چه‌ركه‌سیی، به‌ڵام جوو توانى ده‌وڵه‌ت دروست بكات، به كۆكردنه‌وه‌ى خزمانى تاراوگه. ئاخۆ كورد كامیانى هه‌یه؟