ئه‌كتی توندوتیژی و مێینه وه‌ك یه‌كه‌م قوربانی بنیاتی كۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌كێكه له‌و باسانه‌ی ساڵانێكه جێی مشتومڕی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بووه و فه‌زای گشتی داگیر كردووه، لێره‌دا نامه‌وێ هه‌مان گوتار و هه‌مان ئه‌و په‌یامه سواوانه دووپات بكه‌مه‌وه كه له‌سه‌ر توندوتیژی گوتراون و نووسراون، ڕاسته‌وانه و بێ گرێی فیكری بچینه نیاو جه‌مسه‌ره‌كانی "توندوتیژی" و به‌پله‌ی یه‌كه‌م پێوه‌ندی به مێینه‌وه.
وێڕای سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ده‌ی 21 و گشت ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی مرۆ به‌ده‌ستی هێناون له سه‌رجه‌م ئاست و بواره‌كانی ژیاندا، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له زه‌مه‌نی مۆدێرنه و گڵۆباڵیزه‌یشندا ده‌ژین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و پێشكه‌وتنانه نه‌یانتوانیوه ئاشتی و ته‌بایی و خۆشه‌ویستی بۆ گشت مرۆكان به‌رجه‌سته بكه‌ن، زۆر له بیر و فكره‌كانی پێش ئه‌و سه‌رده‌م و زه‌مه‌نانه هێشتا به زیندوویی و گه‌رموگوڕی ماونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌یه له‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ست هێنراون .
توندوتیژی یه‌كێكه له ڕه‌فتاره هه‌ره باوه‌كان له سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كاندا، له سه‌ده كۆنه‌كانه‌وه ژنان پێوه‌ی ده‌ناڵێنن جا له هه‌ر وڵاتێكدا بووبێت و هه‌ڵگری هه‌ر ته‌مه‌ن و ئاستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری بووبن، واته دیارده‌یه‌كی یونڤێرساڵه و موڵكی شوێنێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌گۆڕێت به‌پێی مه‌ده‌نیبوونی كۆمه‌ڵگه و كولتووری جیاوازه‌وه، واته له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر جیاوازه و هۆكاره‌كانی پشته‌وه‌یشی هه‌ر جیاوازن، توندوتیژی نه‌ك زیانی گه‌وره‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكو بزاوت و گه‌شه‌كردنی ژیان و كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌وه‌ستێنێت.
ڕاپۆرته ڕه‌سمییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی هه‌موو 15 چركه‌یه‌كدا ژنێك دووچاری لێدانی توند ده‌بێته‌وه، له هه‌موو ساڵێكدا 700 هه‌زار ژن تووشی لاقه‌كردن ده‌بنه‌وه.
له ئه‌مه‌ریكا %30 ی ژنان تووشی توندوتیژی ده‌بنه‌وه.
له هیندستان 40% ژنانی هاوسه‌ردار تووشی توندوتیژی جه‌سته‌یی ده‌بنه‌وه.
له فڕه‌نسا 95%ی قوربانیانی توندوتیژی ژنه‌كانن.
له میسر و لبنانیش 35% ژنان دووچاری لێدان ده‌بنه‌وه.
توندوتیژی چییه؟ له‌سه‌ر شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی توندوتیژی ده‌وه‌ستین كه ئاماده‌ییه‌كی له مێژینه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش توندوتیژی جێنده‌رییه. له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كرده‌ی توندوتیژی جێنده‌ری یه‌كێكه له‌و ئامرازه هه‌ره باڵاده‌سته‌ی كه به‌كار ده‌هێنرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و دیسپلینكردنی جووڵه و وزه‌ی ڕه‌گه‌زی مێینه، ئه‌م توندوتیژییه خۆی له چه‌ند شێوه‌یه‌كدا ده‌بینێته‌وه، له ساده‌ترینیانه‌وه تا ده‌گاته ئاستی كێشانی ڕۆح و كرده‌ی كوشتن.
توندوتیژی هه‌ر كارێكی توندی دوژمنكارانی، یا ڕێسواكردن ده‌گرێته‌وه كه به‌هۆی ده‌مارگیریی ڕه‌گه‌زی و مێینه‌بوونه‌وه ده‌رهه‌قی ده‌كرێت، به‌هۆیه‌وه ئازاردانی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و سێكسیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
توندوتیژی جه‌سته‌یی ته‌نیا لێدان ناگرێته‌وه، به‌ڵكو بۆكسێك و قژڕاكێشانێكیش هه‌ر به توندوتیژی هه‌ژمار ده‌كرێت، توندوتیژی ڕۆحی و ده‌روونی و په‌راوێزخستن و جوێندان و چاودێری ژنیش، ده‌كرێت هه‌ر له هه‌مان بازنه‌دا هه‌ژمار بكرێن.
توندوتیژی یه‌كه‌م هه‌نگاوی بێ به‌هایی و بڕوانه‌بوونه به گفتوگۆ، گۆڕانه له زمانی گفتوگۆوه بۆ زمانێكی كرده‌یی كه هێز جێی زمان ده‌گرێته‌وه.
دوو شێوه توندوتیژی سه‌ره‌كی هه‌ن، توندوتیژی خێزان و توندوتیژی كۆمه‌ڵگه. له ماڵه‌وه له‌لایه‌ن باوك و برا و هاوسه‌ره‌وه كه زۆرجار جه‌سته‌ییه، له ده‌ره‌وه‌ی ماڵیش زاره‌كی و ده‌روونییه، شێوه و فۆرمی زۆری بڕیوه، جا له هه‌ره ترسناكیانه‌وه وه‌ك مامه‌ڵه پێكردن و كڕین و فرۆشتن و زینده‌به‌چاڵه‌وه تا ئه‌م فۆڕمه‌ی ئێسته هه‌یه، بۆیه چاره‌سه‌ری شتێكی هه‌نووكه‌یی و سه‌رپێی نییه و پێویستی به پشوودرێژی و میكانیزمی گرنگ هه‌یه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئێسته كرده‌ی توندوتیژی له‌و چوارچێوه‌یه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی خێزاندا خۆی گیر بكات، بووه‌ته دیارده‌یه‌ك دزه‌ی كردووه‌ته ناو جڤات، ڕووبه‌ری گشتی و فه‌زای گشتی داگیر كردووه، به جۆرێك ژنان خۆیان گوزارشت له ئازاره‌كانیان ده‌كه‌ن و باس له مه‌ینه‌تییه‌كانیان ده‌كه‌ن، له زاری خۆیانه‌وه گوێبیستی ده‌نگی كپكراویان ده‌بین.
لێره پرسیارێك قووت ده‌بێته‌وه له به‌رده‌مماندا كه ئایا فاكته‌ره‌كانی توندوتیژی چین؟ له‌وانه‌ش فاكته‌ری مێژووییه، واته كۆی پاشخانه ڕۆشنبیری و مێژووییه‌كه و چه‌كه‌ره‌كردنی بیری زاڵبوونی پیاو به‌سه‌ر ژنبووندا و گه‌شه‌كردنی بیری پیاوسالارییه. دواتریش ڕاگه‌یاندنه به‌وه‌ی ئه‌و پرۆگرامانه په‌خش نه‌كه‌نه‌وه كه عه‌قڵیی توندوتیژی گه‌شه پێ ده‌ده‌ن، ده‌كرێ به‌دیوه‌كه‌ی تردا میكانیزمی چاره‌سه‌ربن به‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی هۆشیاری و ڕێژه‌ی ئاماره‌كان، وه‌رگرتنی ڕای كۆمه‌ڵناس و یاساناس و ده‌روونناسه‌كان، مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌یان بكه‌ن.
په‌روه‌رده، به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كه شوناسی پیاوه‌تی و ژنایه‌تی و په‌روه‌رده‌كردن له‌سه‌ری و چاودێری و وه‌ك سه‌لمێنه‌ری پیاوبوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌بوونی ئابووریی سه‌ربه‌خۆی ژنان، ئه‌مانه فاكته‌رگه‌لێكی هه‌ره گرنگن له پشت كرده‌ی توندوتیژی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
دیارترین ڕواڵه‌تی پشته‌وه‌ی ئه‌م شێوازه سه‌ره‌كییانه‌ی توندوتیژی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرسی شه‌ره‌ف كه پێی ده‌ڵێن (غسل العار) واته پاككردنه‌وه‌ی شه‌ره‌ف، چییه‌تی شه‌ره‌فیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پێناسه باڵاده‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه كه بوونی شه‌ره‌ف ده‌به‌ستێته‌وه به سێكسوالێتی و دامێنی مێینه‌وه، واته شه‌ره‌ف گرێ دراوه به پارچه گۆشتێكی نێوان ڕانه‌كانی ژنه‌وه. ده‌گوترێت پیاو و ژن خاوه‌ن شه‌ره‌فن، به‌ڵام مانه‌وه و به‌رزڕاگرتنی پێوه‌ندیداره به‌هه‌ڵسوكه‌وتی ژنه‌وه، هه‌ر كرده‌یه‌ك به‌هاكانی شه‌ره‌ف له‌كه‌دار بكات له‌لایه‌ن ژنه‌وه، ده‌بێته هۆی له‌كه‌داركردن و نه‌مانی شه‌ره‌ف له‌لای هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز، به‌پێی ئه‌م مانایانه پیاو ئه‌ركی خاوه‌ندارێتی ئه‌م شه‌ره‌فه‌ی پێ هاتووه‌ته سپاردن، بۆیه پێی وایه پێویسته بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ره‌ف و پاككردنه‌وه‌ی شه‌ره‌ف، په‌نا بباته به‌ر توندترین كرده‌وه‌ش.
ئه‌م پێناسه باڵاده‌سته، گواستنه‌وه و هێشتنه‌وه‌ی به پیرۆزكراوی و نه‌مری بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری له‌پشته‌وه‌ن، له‌وانه ناسیۆنالیزم و ئاین و نه‌ریت و عه‌قڵیی خێڵه‌كی، فاكته‌رێكی به‌هێز له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه هه‌میشه ناسیۆنالیزم مانایه‌ك له پیاوه‌تی به‌خشیوه‌ته‌وه به نێرینه، پیاوه‌تی باڵاده‌ست بووه له كۆمه‌ڵگه‌دا كه پێی ده‌گوترێ "پیاوسالاری"، بوونی ئه‌و بنیاته مێژووییه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیوین له ململانێ و پێكدادان و یاخیبووندا بووین، كردنی به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چه‌كدار، ئه‌مه‌ش ڕێخۆشكه‌ری گه‌وره بووه بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی توندوتیژی.
ئاینیش وه‌ك مانا و ده‌لالات و ڕاڤه‌كردنێكی ئاینی كاریگه‌رییه‌كه‌ی بێ هێز و لاواز نه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆمه‌تێكی خێرایه ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ ئه‌م دیارده‌یه بخه‌ینه گه‌ردنی ئاین وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت، چونكه دروستكه‌ری ئه‌م دیارده‌یه به ته‌نیا ئاین نییه و پێش ئاینی ئیسلامیش هه‌ر هه‌بووه، جا له‌مسه‌ری دنیاوه تا ده‌گاته ئاستی كۆمه‌ڵگه هه‌ره داخراو و په‌ڕگیره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له هه‌ر جیۆگرافیایه‌كدا به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كه‌م تا زۆر بوونی هه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵگران و ته‌فسیره‌كانی ئاین، ئه‌وانه‌ی ڕابه‌رایه‌تی بیر و هزری ئاینی ده‌كه‌ن له كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كاندا.
له جۆره‌كانی تری توندوتیژیدا دژی مێینه، ئاین له پێشینه‌ترین ڕێخۆشكه‌ری توندوتیژی بووه، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وانه به‌هانه بۆ ئه‌و نه‌ریت و كولتووره ده‌هێنێته‌وه كه له پرسه‌كانی ژن‌دا مێینه ده‌كات به بوونه‌وه‌رێكی كۆنتڕۆڵكراو. داونه‌ریت و ئه‌و ڕوانینانه‌ی هێشتا به‌ته‌واوی قوتار نه‌بووه و هێشتا عه‌قڵێكی خێڵه‌كی به‌سه‌ریه‌وه ماوه، هه‌م نێر و هه‌م مێ قوربانیده‌ری ئه‌و بنیاته كولتوورییه‌ن كه پێیان به‌خشراوه، ئه‌و نه‌ریته بووه‌ته كه‌له‌پوورێك كه نه‌وه دوای نه‌وه به پیرۆزی هێشتوویانه‌ته‌وه و پارێزگاری‌یان لێ كردووه له‌سه‌ر مانا و به‌هاكانی شه‌ره‌ف، هیچ یه‌كێك له‌م هۆكار و فاكته‌رانه به‌ته‌نیا له پشت ئه‌م دیارده‌یه‌وه نین، به‌ڵكو هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه به‌ئه‌ندازه‌ی خۆیان كاریگه‌ریی خۆیان جێ هێشتووه، ئه‌م هۆكارانه‌ش تاكه هۆكار نین، ده‌كرێ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌ش هۆكارگه‌لێكی تر هه‌بن.
بوونی ئه‌و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییانه و پێوه‌ستبوونیان به مێینه‌وه، به‌خشینی ئه‌ركی خاوه‌ندارێتی شه‌ره‌فی مێینه و پارێزگاریكردنیان له مانا و به‌هاكانی شه‌ره‌ف كه به‌خشراوه به‌نێرینه و ماناكانی پیاوه‌تی له‌سه‌ر بینا كراوه، چاره‌سه‌ركردنیان هه‌ر له‌لایه‌ن دانیشتنی پیاوانه‌وه كه پێی ده‌ڵێن "سوڵحی عه‌شایری" بێ ئاماده‌یی مێینه، ئه‌مه‌ش له خۆیدا شێوه‌یه‌كه له شێوازه‌كانی توندوتیژی، سوڵحی عه‌شایری ڕێككه‌وتنه له‌سه‌ر گرفت و كێشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنه‌كانیان به‌ڕێی خوێن و موڵك و ماڵ و ژن به ژن و به‌خشینی مێینه، واته له‌ناو دیوه‌خانه‌كانه‌وه بڕیار له‌سه‌ر گرفت و مافه‌كانیان ده‌درێت.
توندوتیژی چه‌ند شوێنه‌وارێكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، یه‌ك له‌وانه ته‌ندروستی كه تووشی چه‌ندان نه‌خۆشی و جه‌سته‌یی و ده‌روونیی جۆراوجۆر ده‌بنه‌وه و دیارترینیان نه‌خۆشیی خه‌مۆكییه، شوێنه‌واری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌مانی ڕێز و متمانه له‌ناو خێزاندا و كاریگه‌ریی هه‌ڵگرتنی خه‌سڵه‌تی توندئاژۆیی له‌سه‌ر منداڵ، وه‌ك زانایانی ده‌روونناسی ده‌ڵێن، 50 تا 80%ی ئه‌وانه‌ی كرده‌ی توندوتیژی ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ن كه له خێزانێكدا گه‌وره بوون باوكیان له دایكیانی داوه.
ئه‌م دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه ترسناكه به ته‌نیا باسكردنی به‌س نییه بۆ دروستبوونی دۆخێكی ئاسایش و ئارام بۆ مێینه و كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی، سه‌رباری ناساندنی چه‌مكی توندوتیژی و هۆكار و فاكته‌ره‌كانی پشته‌وه‌ی، چیمان پێویسته بۆ چاره‌سه‌ركردن و بنه‌بڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه و ئه‌و جومگانه‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه بتوانن ڕۆڵی تێدا بگێڕن، كامه‌نه‌ن؟
(په‌روه‌رده، ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی یاسا، ڕۆڵی میدیا، گوتاری ئاینی، بزاوته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی) ئه‌و ده‌ستانه‌ن ده‌توانن ڕۆڵی زۆر ئه‌رێنی و گرنگ ببینن بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی، هه‌ریه‌كێك له‌و ده‌ستانه‌ی ناومان بردن، پێویستییان به له‌سه‌ر وه‌ستان و شیكردنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه، ئه‌وه‌ش ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی مه‌ودای باسه‌كه‌مان، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین یه‌ك به یه‌ك به‌كورتی له‌باره‌یانه‌وه بدوێین.
په‌روه‌رده یه‌كه‌مین سێنته‌ره بۆ كۆمه‌ڵگه كه بتوانێ دووباره په‌روه‌رده‌مان بكاته‌وه و هۆشیاریمان بداتێ له‌سه‌ر مانا و ده‌لاله‌كانی چه‌مكی شه‌ره‌ف و توندوتیژی، به‌رگی مانا و پێناسه ته‌قلیدییه‌كانی شه‌ره‌فمان له‌به‌ر داكه‌نێت.
دواتر ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی یاسا به‌كرده‌یی ستراتیج و میكانیزمی گرنگ بگرنه‌به‌ر بۆ به‌گژداچوونه‌وه له‌ڕێی هه‌مواری یاسا و سزاوه، ده‌سه‌ڵاتی ڕاپه‌ڕاندن ڕه‌خنه له دادوه‌ران ده‌گرن له گرنگیدانی رژد به‌م كه‌یسانه، دادوه‌رانیش گله‌یی له ده‌سته‌ی ڕاپه‌ڕاندن ده‌كه‌ن كه وه‌ك خۆیان فه‌رمانه‌كانیان جێبه‌جێ ناكرێت، به‌ڵام ناشكرێ ئه‌وه نادیده بگرین كه حكوومه‌تی هه‌رێم له سه‌ره‌تای كاریه‌وه هه‌نگاوی زۆر گه‌وره و گرنگی ناوه له هه‌مواری یاساكانی عێراق كه ڕێخۆشكه‌ر بوون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك یاسای گوماناوی هه‌ن كه ڕوون نین، هێشتا ده‌ستیان بۆ نه‌براوه و چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ئه‌وانیش هه‌ر له یاسای سزادانی عێراقی ماده‌كانی 408 تایبه‌ت به "زینا" كه به‌ندكردن زیاتر نابێ له سێ ساڵ و توندكردنی سزا نایگرێته‌وه، ماده‌ی 41 له‌سه‌ر ته‌مبێكردنی ژن له‌لایه‌ن مێرده‌وه و ماده‌ی 393 له‌باره‌ی "لاقه‌كردن".
میدیا، ده‌توانێ ڕۆڵی كارا بگێڕێت له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی هۆشیاری و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی ساڵانه له‌سه‌ر توندوتیژی و گرنگیدان به‌م پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه، له بواره جیاوازه‌كاندا میدیا دوور بكه‌ونه‌وه له تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه به‌یه‌كتر.
گوتاری ئاینی وه‌ك چۆن به یه‌كێك له هۆكاره گرنگه‌كان ده‌بینین، به‌هه‌مانشێوه‌ش ده‌كرێ ئاین ببێت به یه‌كێك له به‌گژداچوونه‌وه به‌هێزه‌كان، ڕۆڵی ئه‌رێنی و گرنگ ببینێت له بنه‌بڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه كه ده‌توانێ له‌ڕێی مینبه‌ر و گوتاره‌كانه‌وه هۆشیاری بڵاو بكه‌نه‌وه له‌باره‌ی ئه‌و ته‌فسیره هه‌ڵانه‌ی هه‌ن، زۆرترین شوێن كه خه‌ڵك گوێی بۆ شل بكات و به پیرۆزییه‌وه لێی بڕوانن و كاریگه‌ری له‌ناو جڤاتدا هه‌بێت، ئه‌و گوتاره ئاینییه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی ڕۆشنبیری و ئینتیمای ئاینییه‌وه‌یه.
دوایه‌مینیشیان دامه‌زراوه و چالاك و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نین كه زۆر له ڕێكخراوه‌كانی ژنان و پارێزه‌رانی مافی ژن دروست بوون، ده‌توانن له‌ڕێی ورووژاندنی فه‌زای گشتی و كۆمه‌ڵگه‌وه فشار له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تیش بكه‌ن و ڕۆڵی ئه‌رێنی بگێڕن.