سه‌عدیه گه‌ردی
وه‌ك ژنێك و دایكێك تا دێ خه‌مه‌كانم گه‌وره‌تر ده‌بن، چونكه رۆژ به‌رۆژ ئومێدی وه‌به‌رهاتنی خه‌بات و تێكۆشانی ژن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری كزتر ده‌بێ، وه‌ك دایكێكیش دڵنیا نه‌بوون له ئاینده‌ی منداڵه‌كانم خه‌ریكه ده‌بێته پرسیارێك و هه‌رگیز یه‌خه‌م به‌رنادا.
ژن و منداڵه‌كان له كۆمه‌ڵگه نه‌ریتی و دواكه‌وتووه‌كان، چاره‌نووسیان به چاره‌نووسی پیاوه‌كانه‌وه (باوك، برا، هاوسه‌ر، كوڕ) گرێ دراوه، ڕووبه‌ری وه‌ده‌ستهێنانی ماف و تامكردن له ئازادی و بنیاتنانی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆی به‌رهه‌مهێن، پێوه‌سته به ئاستی تێگه‌یشتن و به‌رفراوانی دنیابینی پیاو.
پیاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری كه سیاسه‌ت كوێری كردوون و حزبایه‌تی هه‌ناسه‌ی ته‌نگ كردوون و له تۆڵه‌كردنه‌وه له حزبه ڕكابه‌ره‌كه‌ی زیاتر له مێشكی‌دا نییه، له هه‌وڵدان بۆ زیاتر پاوانكردنی كۆمه‌ڵگه به بۆچوونه‌كانی خۆی و بزاڤێكی تر ناكات، بۆیه چه‌ند ته‌ماشای پیاوی ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌م ده‌كه‌م، خه‌مم وه‌ك ژنێك گه‌وره‌تر و قووڵتر ده‌بێ.
پیاوه‌كانمان ئه‌وه‌نده‌ی گوێیان بۆ گوتاری سیاسییه‌كان ده‌گرن، نیو ئه‌وه‌نده گوێیان له ده‌نگی ژن بگرتایه ئێسته مۆدێرنترین كۆمه‌ڵگه ده‌بووین، چونكه به‌رزترین پێوه‌ری مۆدێرنیته به ئاستبه‌رزی ده‌نگی ژن له‌ناو كۆمه‌ڵگه ده‌پێورێ، بۆیه له نه‌بوونی ده‌نگی به‌رزی ژن‌دا، باسكردنی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و پێشكه‌وتن له درۆ زیاتر شتێكی تر نین، ئه‌وه‌نده‌ی پیاو له پلانی ڕاهێنه‌ری یانه‌كانی تۆپی پێی ئه‌وروپا ورد ده‌بوونه‌وه، ئه‌وه‌نده له پلانی پێشكه‌وتنی عه‌قڵی ئه‌وروپا ورد بوونایه‌ته‌وه ئێسته له ئیسكان و سه‌هۆڵه‌كه كچانیشمان له ته‌نیشت كوڕه‌وه ته‌ماشای تۆپێنیان ده‌كرد.
كه سووكایه‌تیكردن به یه‌كتر و ناوزڕاندن و ته‌خوینكردنی یه‌كتر بووه‌ته گه‌وره‌ترین به‌رهه‌می فكری پیاوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌م و رۆژانه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانبینم و له ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ ده‌یانبیستم و له ڕۆژنامه ده‌یخوێنمه‌وه، خه‌مه‌كه‌م قووڵتر ده‌بن، هه‌موویان هه‌مان وشه و ده‌سته‌واژه له دژی یه‌كتر به‌كار دێنن، كه‌س ئاماده نییه گوێ له‌وه‌یتر بگرێ، هه‌موویشیان خۆیان پێ ڕاست و له‌سه‌ر هه‌قه، نازانن كه ڕاستی و حه‌قیقه‌ت ڕێژه‌یییه و به‌سه‌ر هه‌ردوولا دابه‌ش ده‌بێت، ڕه‌نگه لایه‌نێك رێژه‌ی زیاتر راستییه‌كه‌ی لابێت، به‌ڵام ئه‌وه نابێته مانای ئه‌وه‌ی ڕێژه كه‌مه‌كه شایه‌نی ڕێزلێگرتن نییه.
ڕێزگرتن كه بناغه‌ی هه‌موو شتێكه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و پیاو بڕیاری لێ ده‌دا، تا نزمترین ئاست كاڵ بووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌رفه‌تێكی نه‌هێشتووه‌ته‌وه بۆ گفتوگۆیه‌كی عاقڵانی و لێك تێگه‌یشتن، بۆیه ده‌پرسم كاتێك پیاو زاده‌ی هه‌مان كولتوور و عه‌قڵن، پیاوه‌كان ئه‌وه‌نده له فكر و بڕیاردا هاوشێوه‌ن و كه‌لوپه‌لیان بۆ یه‌كتر ده‌بێت، باشه كه له یه‌كتر تێنه‌گه‌ن چۆن ده‌توانن له ژن تێبگه‌ن؟ ئاخر نێوان ژن و پیاو نێوانی ترس و خۆشه‌ویستییه، ترس دووڕوویی و درۆ و یه‌كتر قبووڵنه‌كردن به‌رهه‌م ده‌هێنێ كه دنیای پیاوه و ژن تێیدا باجی گه‌وره ده‌ده‌ن، خۆشه‌ویستی ڕێز و ڕاستی و یه‌كتر قبووڵكردن به‌رهه‌م ده‌هێنێ كه به‌رهه‌می دنیای ژنانه و تێیدا پیاو وه‌ك هه‌بوونێكی جوان و گرانبه‌ها ڕۆڵ ده‌گێڕێ و ته‌واوكه‌ری هه‌موو خۆشی و جوانییه‌كانه.
خه‌م له‌وه ده‌خۆم ڕێ ناده‌ن دنیایه‌كی ژنانه بۆ پیاوه‌كانمان دروست بكه‌ین تا فێری خۆشه‌ویستی و یه‌كتر قبووڵكردنیان بكه‌ین، ئه‌وه‌یه خه‌می ژنانه‌ی من كه نه ده‌توانم دڵی خۆم بده‌مه‌وه و تۆزێك دڵم شاد بكه‌م، نه ترسی ئاینده‌ی منداڵه‌كانم به‌رۆكم به‌رده‌دا كه دڵنیام له‌م دنیا بێ به‌زیییه‌ی پیاواندا ده‌بێ وه‌ك من باجی مرۆڤبوونی خۆیان بده‌ن.