سه‌عدیه گه‌ردی
ژن وه‌ك چۆن له كایه‌كانی تری ژیان سنوورداره و ڕۆڵی كارایان تێدا نییه، له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا به‌هه‌مانشێوه زیاتر رۆڵیان لاوه‌كییه و ئه‌گه‌ر له‌وه‌ش زیاتر بڕۆین، زۆرجار رۆڵه‌كه ده‌بێته پاشكۆیه‌تی.
له ده‌نگدا ئه‌گه‌ر هه‌موویشی نه‌بێ، به‌ڵام زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری ژن به‌گوێره‌ی حه‌زی هاوسه‌ر یان باوك و برا ده‌نگ ده‌ده‌ن، باوك و برا یان هاوسه‌ر له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا ره‌نگه به كێماسی و شه‌رمی بزانن، ده‌نگ به ژنێك بده‌ن كه هێشتا له نه‌ستی ئه‌واندا زه‌عیفه و عه‌قڵی كامڵ نه‌بووه.
بۆ خۆكاندیدكردن و هه‌وڵدان بۆ چوونه پێش، بۆ پیاو ئه‌گه‌ر جێی ده‌ستخۆشی بێت، ئه‌وا بۆ ژن جێی هه‌زار پرسیار و لێكدانه‌وه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی ژن هه‌بووه ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماڵی خه‌زوورانی ڕازی نه‌بوونه وێنه‌ی هه‌ڵبواسرێت، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان لێ سه‌ندووه‌ته‌وه خۆی هه‌ڵبژێرێت و بگات به ناوه‌ندێكی بڕیار!
لێره‌دا ده‌گه‌ینه خاڵێكی تری جه‌وهه‌ری تر و قووڵتر، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌ریتی له دنیای سێیه‌مدا چاوی زیاتر له مێشكی ئیش ده‌كات، له‌لایه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س وێنه و سه‌ر و سیمای كچ و ژنه‌كانمان نه‌بینێ، قبووڵ ناكه‌ین له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا وێنه‌یان هه‌ڵبواسرێت، له‌لایه‌كی تره‌وه چاومان زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر وێنه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی وێنه‌كانیان له‌وانه‌ی تر جوانتره و مێنایه‌تیی جوانتر دیاره و سه‌رنجڕاكێشتره.
ئه‌و پارادۆكسه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی تێكه‌وتووه، هاوكێشه‌كانی به‌ره‌واژ كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی حه‌ز ده‌كه‌ن كچی جوان له په‌رله‌مان ببینن، ئه‌وه‌نده حه‌ز ناكه‌ن جوانیی توانای ژن له‌ناو ماڵ و ده‌وروبه‌ری خۆیان ببینن. بۆیه تاكه ده‌رفه‌تی باش كه بۆ ژن ماوه‌ته‌وه، هه‌بوونی سیسته‌می كۆتایه كه هه‌موو لایه‌نه‌كان ناچار ده‌كات ئه‌و ڕێژه‌یه له‌به‌رچاو بگرن، هه‌روه‌ها ناچاریان ده‌كات به دوای ژن‌دا بگه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی بكه‌ن، به‌وه‌یش ڕێژه‌یه‌كی زۆری ژن ده‌گه‌نه په‌رله‌مان و بوونیان ده‌بێت، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا هێزێكی مه‌عنه‌ویی گه‌وره به ژن ده‌به‌خشێ و خول له دوای خولی هه‌ڵبژاردنیش ده‌بینین ژنان به جیاوازی بیروڕا و حزبایه‌تییه‌وه، كاراترن و زیاتر دێنه هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌رگریكردن له كارنامه‌كه‌یان و خۆیان، هه‌روه‌ها زۆرینه‌یان چاویان له‌وه‌یه سیسته‌می كۆتا تێبپه‌ڕێنن و به ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان و له ململانێ له‌گه‌ڵ كاندیده پیاوه‌كان كورسیی په‌رله‌مانی مسۆگه‌ر بكه‌ن.
له هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو بۆ په‌رله‌مانی عێراق، بینیمان ژماره‌یه‌كی زۆری ژن به‌بێ كۆتا توانییان كورسی مسۆگه‌ر بكه‌ن، خۆشبه‌ختانه سه‌تا نه‌وه‌تی ئه‌و ژنه هه‌ڵكه‌وتووانه‌یش كورد بوون.
خاڵێكی تری گرنگ كه پاڵپشتی هه‌ره گه‌وره و كاریگه‌ر بوو بۆ ژنان و ئه‌وانه‌ی ده‌نگی زۆریان هێنا، پاڵپشتی مه‌عنه‌ویی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كه ده‌نگی به ژن دا، ئه‌و كاره‌ی نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌نده‌ی هاندان و پاڵپشتی ژنان بوو، زیاتر هاندانی پیاوانیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر باوه‌ڕیان به توانا و هه‌بوونی ژن بێت له‌ناو هه‌موو كایه و بواره‌كانی ژیاندا، ئه‌وه‌ش هۆكار بوو زۆرینه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی به‌بێ كۆتا گه‌یشتنه په‌رله‌مان، له پارته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بوون.
هاتنه سه‌رخه‌تی سیاسییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێ، چونكه هه‌ڵوێست و گوفتاریان وه‌ك به‌ردێكه فڕێی بده‌یته ناو ئاوێكی مه‌ند، جگه له‌وه‌ی ده‌یهه‌ژێنێ، شه‌پۆله‌كانیشی تا كه‌ناراوه‌كان ده‌چن، ئه‌وه‌ش بژارده‌ی زیاتر ده‌خاته به‌رده‌م ژنان كه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ستكراوه‌تر و به باوه‌ڕتر چاویان له خۆكاندیدكردن بێ.
هه‌موو ئه‌و كارانه ته‌نیا بۆ ئه‌وه نییه ژماره‌یه‌ك پۆست بۆ ژن ده‌سته‌به‌ر بكرێن یان ببن به كه‌ره‌سته‌ی جوانكردنی پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵات، بارته‌قای ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكه بۆ هه‌ژاندنی گۆمی مه‌ندی كۆمه‌ڵگه له‌پێناو به‌خۆداچوونه‌وه و خۆبه‌هێزكردن، چونكه به هه‌بوونی ژن به‌شێوه‌یه‌كی كارا، بووژاندنه‌وه‌ی سه‌تا په‌نجای توانای كۆمه‌ڵگه له‌پێناو دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ وڵات و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات.