ئایندەی کوردستان بە کاتی مەسروور بارزانی

PM:12:06:01/03/2024 ‌
قەوارەی دەستووریی کوردستان، بە بڕیارێکی عێڕاقی دروست نەبووە، تا بتوانن بیڕووخێنن، هەروەها بەرهەمی خۆڕادەستکردنی هێزێکی سیاسی نییە بە داگیرکەر. بەڵکو دەسکەوت و بەرهەمی قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی خەڵکی کوردستانە.

ئەو هەرێمە فیدڕاڵییە، بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بناغەی بۆ داندراوە، زیاتر لە سی ساڵە زلهێزەکان لە سەرووی هەموویانەوە ئەمەریکا وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆگرافی و گرنگییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ئەوانە بەو ئاسانییە دەستبەرداری نابن، وەک ئەوەی میدیاکانی درێژکراوەی گوتاری بەغدا و تاران بانگەشەی بۆ دەکەن.

لە سەردانەکەی مەسروور بارزانی بۆ واشنتن، لەبارەی بوون و ئایندەی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی نوێی ئەمەریکایی بە دیار کەوتووە کە لە گوتاری سی ساڵی ڕابردوو ڕوونتر و ڕاشکاوانەترە، ئەوەش بە ڕوونی لە کاتی بەخێرهێنانی مەسروور بارزانی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرا کرا.

ئەو گوتارە نوێیەی ئەمەریکا، لە ڕۆژانی دابێ بەهێزتر دەبێت، لە بەرامبەر بڕیارە شۆڤینییەکانی دادگای فیدڕالی عێڕاق کە ئامانج لێی ڕادەستکردنی تێکڕای زەوی و ئاسمانی عێراقە بە سوپای پاسدارنی ئێران. ئەو کارەی بەغدا بە هاوکاری کوڕانی تالەبانی دەیکات، بزاڤێکی ستراتیجیپ و شەڕێکی ڕاگەیەندراوە، بۆ کۆتاهێنان بە ئامادەیی ئەمەریکا لە عێڕاق و دواتریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

پرسیار ئەوەیە، ئایا بەغدا و یەکێتی با تارانیش لە پشتەوەیان بێت، دەتوانن بڕیار و ئیرادەیان بەسەر ئەمەریکادا بسەپێنن؟
لە ماوەی 33 ساڵی ڕابردوودا، هیچ کاتێک قەوارەی کوردستان و حکوومەتەکەی بەو شێوەیە نەکراونەتەوە ئامانج، لەسەر ئاستی ناوخۆیی هێزێکی وەک یەکێتی ئەوەی توانیویەتی لە دژایەتیی حکوومەتدا کردوویەتی، حەشدی شەعبی و هێزە شیعەکان لە ڕێگای درۆن و مووشەک و دادگای فیدڕاڵی، بە هەموو هێزیانەوە دوژمنایەتی کوردستان دەکەن، سەرچاوەی هێز و بڕیاری ئەو دوو لایەنیش ئێرانە، کە ئامانجی سڕینەوەی ئیسڕائیلی گۆڕیووە بۆ لە ناوبردنی قەوارەی دەستووری کوردستان. 

هەموو ئەو دژایەتی و دوژمنایەتیەییان لە شکستپێهێنانی مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتیی حکوومەتدا چڕ کردووەتەوە، لەو چەند ساڵەدا توانیویانە تا ڕادەیەک گوشار لەسەر دەروونی خەڵکی کوردستان دروست بکەن، لە ڕێگەی بڕینی قووتیان و ئەو گوتارە میدیاییەی لە ژێر سێبەری یەکێتی و بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان، خزمەت بە ئەجێندای ئێرانی دەکەن. 

هێمنی و خۆڕاگری سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی، کە ڕەنگدانەوەی هێز و خۆڕاگری خەڵکی کوردستانە، بووە هۆکاری بەدیارخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو هێزانەی کە باوەڕیان بە دەستوور و فیدڕاڵیەت نییە، بەو کارەش ئەو هێزانەی عێراقیان لە دیکتاتۆریەتی شۆڤێنی عەرەبی ڕزگار کرد، لۆجیکی تێدا نییە عێراق بۆ شۆڤینیەتی مەزەوی (شیعە) بۆ بافل و ڕەیان کلدانی و خزعەلی جێبهێڵن، کە بە تەنیا وەشاندنی دوو هاژەک لە بەغدا، کونەمشکی لێ کرفن بە قەیسەریی. ئێستا ئایندەی کوردستان لە بەردەم پرسیاری بەرەو کوێ دەڕوات؟ دایە، تەنیا کات وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، بە کاتی دوژمنانی قەوارەی دەستووریی و حکوومەتی کوردستان بەرەو هەڵوەشانەوە و نەمانە، بەکاتی مەسروور بارزانیش کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر ئایندەی خەڵکەکەی گەشاوەیە و ڕۆژانێکی خۆش بە دوای ئەو ڕۆژە ناخۆشانەدا دێن.