خاڵەکانی ڕێکكەوتنی هەولێر و بەغدا

PM:08:19:08/04/2024 ‌
هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێک كەوتوون:
- بەردەوامیی ناردنی مووچە.
- دەست پێ کردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە.
- دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بۆ مانگی ئۆکتۆبەر.
- سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن یۆنامی، هەولێر ناوەندی بڕیاردان بێت نەک بەغدا، ئەنجوومەنی دادوەریی کوردستان سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە و بڕیار لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات.
- کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتاکان.
- دامەزراندنی ئەنجوومەنێک لە نێوان هەردوولا بۆ زوو ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کێشەکان و هەوڵدان بۆ زوو چارەسەرکردنیان.

ئەوانە دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتەیە، کە لە ماوەی ڕابردوودا مەسروور بارزانی پێڕەوى کرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی تر پرسی عێراق بخاتەوە سەر مێزی گرنگیدانی وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمەریکا، کە تێیدا پرسی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان وەک کێشەیەکی ڕژد و جێگای گرنگیپێدانی گەورە ئامادەیی هەیە. لە دوای شەڕی ئیسڕائیل و حەماسەوە، ئەوە بۆ ئەمەریکا و ئەورووپا ڕوون بووەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بە بایەخترین و هەستیارترین جوگرافیایە و دەبێت لەسەر لیستی گرنگیپێدانیان بمێنێتەوە. پرسی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی دەستووریی کوردستان، کڕۆکی سەرلەنوێ گرنگیدانیان بێت.
ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە، پێوەندیی عێراق لەگەڵ ئێران ستراتیژییە و پێوەندیی لەگەڵ ئەمەریکا تەکتیکییە، بۆیە تەنیا بەردەوامیی فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خۆڕاگری و سازشنەکردنی کوردستان دەتوانن دۆخەکە بەو هاوسەنگییە بهێڵنەوە، ئەوەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە کۆبوونەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکانە لە دەورەی سیاسەت و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا، نەوەک هەر لایەک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبیی خۆیەوە، خۆى فڕێ بداتەوە باوەشی بەغدا.