دروشمەکانی سلێمانی و قۆناغێکی نوێ

PM:02:23:13/11/2016 ‌

ئەو دروشمانەی لە خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دەگوتران بەهەموو پێوەرێک لە مێژووی 100 ساڵەی میلەتی کورد نوێ بوون، بۆ یەکەمینجارە لە جیاتی داواکردنی مافەکانت بانگهێشتی دوژمن و داگیرکەرەکەت بکەیتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بێ و مێژووی پڕ لە تراژیدیت دووبارە بکاتەوە.
بە لاڕێدابردنی خواست و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و تێکەڵکردنی بە خواستە سیاسییەکانی بزووتنەوەیەکی دیاریکراو لەپێناو تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسییانە هەموو سەروەرییەکانی مامۆستایان کە لە زۆر قۆناغدا کەمتر نەبووە لە سەروەرییەکانی پێشمەرگە، بیانکەن بە رێچکەی خۆهاوێشتنەوە باوەشی بەغدا، نە خزمەت بە سلێمانی وەک دیرۆک و جیۆگرافیا و خەڵک دەکات، نە دەتوانرێ لە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشە سیاسییەکانی ئەو ناوچەیە کەمبکرێتەوە.
لە هەبوونی نووسینگەی پەڕلەمانی کوردستان لە سلێمانی و هەبوونی پارێزگا، دیمەنێکی نەگونجاو بوو رێگە بە پەڕلەمانتارانی بەغدا بدرێ لە جیاتی وەڵامدانەوەی داخوازی مامۆستایان و بەڵێندان بە فشار دروستکردن لەسەر حکوومەتی بەغدا کە ئەوان بودجە و مووچەیان بڕیووە و قوتی خەڵک و ئایندەی منداڵەکانیان دەکەنە کارتێکی سیاسی بۆ ئەوەی فشار لەسەر کوردستان دروست بکەن، تا مل بۆ داواکانیان بدا.
گەڕانەوە بۆ بەغدا پڕۆژەی بزووتنەوەی گۆڕان و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیە کە بە رێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا  لە بەغدا کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەن، رۆژانە سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان و پەڕلەمانتارانیان لە بەغدا ئەوە بە ئاشکرا دەڵێن و وەک دەسکەوت پیشانی خەڵکی سلێمانی دەدەنەوە، بەگوێرەی ئەو رێکكەوتنە بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی کوردستان بکات، نەک لە رێگای حکوومەتی هەرێم، سەرەتاش لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەست پێبکرێت پاشان بە ئاسانی کەرکووکیش دێتە ناو ئەو بازنەیە و هەبوونی حکوومەتی کوردستان لەو دەڤەرانە کۆتای پێدێنن و لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا بەشێک لە داهاتی نەوتی کەرکووک بەو کەسانە دەدرێ کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەو ناوچەیە دەپارێزن، ئەگەر بێگومان پلانەکەیان بەو شێوەیەی دایانڕشتووە سەر بگرێ چونکە لە بەرامبەر ئەونیشدا هێزی تر هەیە كە نایەوێ کوردستان لاواز بێت و بەتەواوی بکەوێتە ژێر نفوزی ئێران و ببێتەوە بەشێک لە دەوڵەتی عێراقی شیعی کە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایی لە سەرەوەی ئەو لایەنانە دێن.
پێشبینی دەکرێ ئەو هەوڵانەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی وەک هەوڵەکانی پێشووتریان لە پێشنیارکردنی بڕینی بودجە بۆ مالیکی و ناردنی نامە بۆ عەبادی تا نەوتی كوردستان ببڕێ و لە هەمووشیان دیارتر بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی سلێمانی کە زیاتر لە سێ ساڵە رەوانەی هەولێر ناکرێت و لەلایەن ئیدارەی گشتی یەکێتی دەستی بەسەردا گیراوە، کەسیش ناوێرێ یەک وشەی لەبارەوه‌ بڵێ، مەگەر لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەک دروست نەکرا بۆ بەدواداچوونی چۆنیەتی خه‌رجکردنی داهاتی سلێمانی کە تەمەنی تەنیا یەک رۆژ بوو و لەژێر هەڕەشەی هێرۆ برایم ئەحمەد هەڵوەشایەوە؟.
باشترە مامۆستایان ئەو پرسانە لە سلێمانی یەکلا بکەنەوە ئەوکات پەنا ببەنە بەر بەغدا نەک لە ئێستاوە تەنیا بۆ وەرگرتنی ئافەرینیکی سیاسییەکان یان بۆ وەرگرتنی کورسییەکی خویندنی ماستەر لە تورکیا، وڵات هەڕاج بکرێ و خۆشمان لەبەر چاوی دنیا ناشرین بکەین.

هاوژین رەسوڵ