ژینگەی ژن تێك مەدەن

AM:10:12:30/11/2016 ‌

سەرەڕای ئەو دەستكەوتانەی لە بوارە جیاجیاكانی ژیان بەدەست هاتووە و لە سەردەمی عەولەمەدا، هێشتا مرۆڤایەتی ئەو بەربەستەی نەبڕیوە كە دیاردە كۆن و قێزەونەكانی سەدەكانی ڕابردوو لەگەڵ خۆی نەهێنێت، یاخۆ دووبارەی نەكاتەوە. بە پێچەوانەوە زۆر دیاردە پەرەی سەندووە. ئەوەی مەبەستی منە بەهۆی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانەوە تیشك دەخەمە سەر ئەو بابەتە.
 توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، یەكێكە لە دیاردە‌ قێزەون و هەڕەشە ئامێزەكان و پەنجەی بێ بەهایی بۆ ئەو دەستكەوتانەی كە ‌مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەكات، ڕادەكێشێت. لە هەندێك وڵات و ناوچە‌ كە لەسەر پێوەری نێودەوڵەتی توندوتیژی دژ بە ژن ئەو سنوورەی بەزاندووە كە هیچ وڵات و لایەن و ڕێكخراوێك نییە وەك دیاردەیەكی مەترسیدار نەیبینێت.
لە كوردستان و لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا، توندوتیژی دژ بە ئافرەت ئەو دیاردە قێزەونەیە كە نكۆڵی لێ ناكرێت و ڕۆژانە لێرە و لەوێ باسێكی لەو جۆرە بەرگوێمان دەكەوێت، جا توندوتیژی جەستەیی بێت یا دەروونی، ئەویش چەند لایەنێكی هەیە وەك داونەریت و عەقڵیەتی پیاوسالاری لە هزری كۆمەڵگەدا كە پێیان وایە ئافرەت لاوازە لە بیركردنەوە و بڕیار و كار و هەنگاوناندا، بۆیە هەمیشە لای ئەو كەسانەی هۆی چەوساندنەوەن، ئافرەت لە پلە دوودا هەژمار كراوە و ئەگەر ئەو سنوورە ببەزێنێ، ئەوا شكۆی پیاوی شكاندووە و تووشی ئازاری دەروونی و جەستەیی دەبێتەوە.
لەلایەكی ترەوە، شەرەف تەنیا لە جەستەی ئافرەتەوە دەبینن و دەرچوون لە یاسای  پیاو یاخۆ خێڵ و داونەریت، ڕۆچوونی شەرەفە بە ناخی زەویدا و پێیان وایە بە كوشتن شەرەف دەگەڕێتەوە. هەندێك جۆری شاراوەن و لە چوارچێوەی خێزاندا ون دەبن یاخۆ ڕاستی و هۆی بنەڕەتی توندوتیـژییەكە دەگۆڕن و پێچەوانەی ڕاستی دەچێتە دەرەوەی خێزان و لایەنی پێوەندیدار، ئەمەش هۆكاری زۆرە.
بۆ نموونە، ترسی ئافرەت لە دركاندنی یان دڵنەرمی و لێبوردەیی ئافرەت، هەندێك جاریش ناهۆشیاری و خۆ بەكەمزانینی ئافرەت وای كردووە پێی وایە هەڵەی كردووە و سنووری داونەریت یا یاساكانی پیاوی بەزاندووە، بۆیە خۆی بە شایستەی ئەو توندوتیژییە دەزانێت و بە ناچاری قبووڵی دەكات. واتە مەرج نییە ئەو توندوتیژی و چەوساندنەوانەی باس دەكرێن و دەگەنە دەزگەكانی ڕاگەیاندن و ڕێكخراوەكان، كۆی هەموو توندوتیژییەكانی سەر ئافرەتان بێت یاخۆ چیرۆكە راستەكان بێت. 
بەداخەوە جۆرێكی تری توندوتیژی ترسناك كە چەند سەدەیەك بوو بە ئاشكرا هەستی پێ نەدەكرا، لە دوو ساڵی ڕابردوو تا ئێستەشی لەگەڵ بێت سەری هەڵداوەتەوە، ئەویش ئەوەیە كە ئافرەت وەك كاڵا و كۆیلە بازرگانی پێوە دەكرێت و بە كەنیزەك دەكرێت لەلایەن گرووپەكانی توندڕۆ بەتایبەت تیرۆرستانی داعش كە ویژدانی مرۆڤایەتییان هەژاند و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ترسناكترین و قێزەونترین كاری دڕندانەیان بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دا بە گەڕاندنەوەی یاساكانی پێش ئیسلام بەناوی ئیسلامەوە، ئەویش بە كۆیلەكردنی ئافرەتان و كڕین و فرۆشتی. ئەمە جگە لە ئەنجامدانی تاوانی مرۆڤایەتی.
بۆیە ئەگەر بمانەوێت باس لە جۆر و هۆكانی توندوتیژی بكەین، هێندە زۆرن لە چەند پەرتووكێكدا نەبێت ناخرێنە ڕوو بە تەواوی، یاخۆ وەك ئەوەی هەیە ناگات و كاریگەریی ئەوتۆ دروست ناكات بەمەبەستی كەمكردنەوەی، بۆیە دەڵێم شەرەف لە جەستەی ئافرەتدا نییە، بەهێزی پیاو لە چەوساندنەوەی ئافرەتدا نییە، لە بەرامبەردا دەڵێم هزر و تواناكانی ئافرەت وەك چیایە بۆ پیاو، پاڵپشتی بیروڕا و تواناكانی ئافرەت بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە پیاو بەهێز دەكات، ئافرەت ژیانە، تكایە ژینگەی تێك مەدەن با ژیانتان خۆش بێت، ئافرەت بەردەوامیی ژیانە.

هاوژین ڕەسووڵ