بێدەنگی لەگوفتاری بێ کردار باشترە

AM:12:17:22/07/2023 ‌
هەڵبەتە ئەو بارودۆخەی بەسەر زۆنی سلێمانی و دەڤەری گەرمیان هاتووە لەم ساڵانەی دواییدا، نموونەی لە هیچ قوژبنێکی ئەم دونیایەدا نیە، بەتایبەتی لەرووی حکومڕانییەوە دیارە ئەگەر قسە لەسەر حکوومڕانی باش بکرێت لەڕووی تیۆرییەوە ئەوە سەدان پەرتووکی لەسەر نووسراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە پراکتیزەکردنی حکومڕانیە بەجۆرێک جێگەی ڕەزامەندی هاووڵاتی بێت.

 بەڵام لەم دەڤەرە بڕواناکەم هاووڵاتییەک هەبێت لە دەسەڵاتی سنوورەکە ڕازی بێت بەوانەیشی کە ئەندام و لایەنگری لایەنی دەسەڵاتن، چونکە دزی و قاچاخچیێتی و گەندەڵی و بەهەردانی سامانی گشتی گەیشتووەتە ئاستێک نەک هاووڵاتی، بەڵکو خودی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەیش پێیان شەرمە داکۆکی لێ بکەن، چونکە خۆیان دەزانن چی دەگوزەرێت! مەگەر ئەوانەی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو نەهامەتیەی بەسەر خەڵکی ناوچەکەیان هێناوە، جار جار نوزەیەکیان لێوەبێت، ئەویش ته‌نها پاساو هێنانه‌وه‌یه و بۆ پاراستنی پێگەی خۆیانە.

کفری یەکێکە لە شارە دێرینەکانی کوردستان، خەمخۆرانی ئەم شارە زیاتر لە چوار ساڵە هاواریانە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەو نادادیەی لەلایەن ئیدارەی سنوورەکەوە به‌رانبه‌ر به‌ شارەکە دەکرێت، بەڵام کەس ئاوڕیان لێ ناداتەوە، چەند ڕۆژێکە وەک مافێکی سروشتی دەستیان بەخۆپیشاندانێکی مەدەنی کردووە و داوای چارەسەری گرفتی شارەکەیان دەکەن، لەبری پشتیوانی دەسەڵاتی ناوچەکە هەر لەسەرەتاوە دژی گردبوونەوەکەیان بوون، چونکە باشیان دەزانی ئەوەی هۆکاری نەهامەتی ئەو شارەیە خودی خۆیانن.
 
بەڵام پاش ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگ داواکاری خۆپیشاندەرانەوە هات و بەخێرایی لیژنیەکی ناردە لای خۆپیشاندەران، لەماوەی تەنیا 48 كاتژمێردا بەشێکی زۆری داخوازییە هەنوکەییەکانی بۆ جێبەجێ کردن و زیاتر لە ملیارێک و دوو سەد ملیۆن دیناری بۆ شاری کفری خەرج کرد و وەزارەتە پێوەندارەکانیشی ڕاسپارد کە هەموو ئاسانکارییەک بکەن بۆ بووژاندنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان، ئه‌مه‌ش بووه‌ جێگه‌ی پێزانینی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ و هیوایه‌كیان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌، کەچی لەو ڕۆژەوە لایەنی باڵادەستی سنووره‌كه‌ وەکو كێچ کەوتبێتە کەوڵیان كه‌وتوونه‌ته‌ تۆمەت بەخشینەوە و چەواشەکردنی خەڵک بەمەبەستی بێبایەخکردنی ئەو کارانەی بۆ شاری کفری کراوە.

جا لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرسڕمانە ئەوەیە،  ئەوانەی گەرمیانیان تووشی ئەم نەهامەتیە کردووە و لەبەر دزی و گەندەڵی  هۆشیان لای خۆیان و خەڵک نەماوە! تازە بەخەبەر دێنەوە و دەمی هەمبانە کۆنەکەیان کردووەتەوە، وەک ئەوەی پێشتر کفری لەسەر نەخشەی ناوچەکە نەبووبێت. 

بۆیە هیچی بۆ نەکراوە، لەبری ئەوەی خەمێك لەئازارەکانی خەڵکی ناوچەکە بخۆن و سنوورێک بۆ ئەو پاشاگەردانیە دابنێن، کەچی باسی پارەی زبڵ و خاشاک و بەشە ناوخۆی دەکەن بێ ئەوەی باسی سەرچاوەی پارەکە بکەن! یان باسی شەڕی داعش و بەرگری لەناوچەکە دەکەن.

هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی نیشتمانیە و ناکرێ بکرێتە منەت لەسەر خەڵکی سنوورەکە، بەڵام دیارە خۆیان لە گێلی دەدەن و دەیانەوێ وەک کاری هەمیشەییان خەڵک چەواشە بکەن، ئەگینا ئێمە زیاتر لە پەنجا فەرماندە و پێشمەرگەمان لە بەرگری لە گەرمیان لەشەڕی تیرۆرستان لەم میحوەرە شەهید بووە.

ئێمە دەزانین لەشەرمه‌نده‌ییان بەرانبەر خەڵکی بەشەرەفی کفری نازانن چی بکەن؟ بۆیە ناچار پەنا بۆ کۆمەڵێ ڕستەی حەماسی و دروشمی بریقەداری "بێ كردار"  دەبەن! بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن سەردەم جیاوازە و خەڵک هۆشیارە و  قسەی بێ ناوەڕۆک چیتر جێگە ناگرێت، چونکە خەڵک کار و خزمەتی ئەوێت، بۆیه‌ کەرەم بکەن کێ دەستی گرتوون؟ چی لەهەگبەکەتان دایە پێشکەشی بکەن، کە خزمەتیشتان پێ ناکرێت کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردن بە هاوڵاتییان دروست مەکەن، چونکە بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت.