زۆرن ئه‌و گه‌لانه‌ی شانازی به سیمبۆله نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ن، گه‌لی هیندستان تا ئه‌مڕۆش شانازی به گاندییه‌وه ده‌كه‌ن، گه‌لی باشووری ئه‌فریقاش به هه‌مانشێوه، شانازی به نێلسۆن ماندێلای هێمای ئاشتییه‌وه ده‌كه‌ن، گه‌لی تبت به دالای لاما و فڕه‌نساییه‌كان به ناپلوێنه‌وه و هتد...
بێگومان ئێمه‌یش هه‌قی خۆمانه هه‌میشه شانازی به جه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی نه‌مره‌وه بكه‌ین، دڵنیام زۆر له كوردستانییان له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ی مندان، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كه‌مان، زۆر ئه‌سته‌مه له ناو ئێمه‌ی كورد مه‌لا مسته‌فایه‌كی تر دووباره ببێته‌وه، ئه‌مه كه‌مكردنه‌وه نییه له ڕۆڵی هیچ سه‌ركرده و سیاسییه‌كی كوردستان، به‌ڵام بارزانیی نه‌مر سه‌ركرده‌ی سه‌ده‌یه.
مه‌لا مسته‌فای نه‌مر سه‌ركرده و ڕێبه‌ر و ئه‌فسانه‌یه‌كی بێ وێنه بوو، كه‌سایه‌تییه‌كی دڵسۆز و خه‌مخۆری به‌رده‌وامی گه‌له‌كه‌ی بوو، خاوه‌ن كاریزمایه‌كی ده‌گمه‌ن به خۆی بوو، ڕێبه‌ر و ڕێنیشانده‌ری گه‌وره‌ترین شۆڕش بوو له مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا، ئه‌ویش شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلووله، تا بڵێی مرۆڤدۆست بوو، كه‌سایه‌تی و شۆڕشگێڕێكی گه‌وره بوو، هه‌ژاردۆست و له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاری گه‌له‌كه‌یدا ده‌ژیا و بۆ گه‌له‌كه‌ی ده‌ژیا، هه‌میشه بۆ خۆشگوزه‌رانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و ته‌واوی كوردستانییان له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رگریدا بوو، هه‌رگیزیش ئاماده نه‌بوو سازش له بچووكترین مافی گه‌لی كوردستان بكات، مافی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و سه‌رجه‌م پێكهاته كوردستانییه‌كانی له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه دانابوو، ڕێبه‌ر و سه‌ركرده‌یه‌كی ته‌واو خاكی و پڕاوپڕ كوردستانی و هه‌قبێژ و هه‌قخواز بوو.
له‌م ڕۆژانه‌دا گوته‌یه‌كی زۆر جوانی بارزانیی نه‌مرم پێشچاو كه‌وت و خوێنده‌وه، ده‌ڵێت "خۆم له برسان بمرم و هه‌ژارێك له برسێتی ڕزگار بكه‌م، گه‌وره‌ترین شه‌ره‌فه بۆ من".
به‌ڕاستی مرۆڤ كاتێك ئه‌م گوته جوان و پڕ مانایه ده‌خوێنێته‌وه، زیاتر له پێشان مه‌زنی و قوربانیدانی ئه‌م ڕێبه‌ره گه‌وره‌یه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ناوی مه‌لا مسته‌فای بارزانییه، خۆ ئه‌گه‌ر تۆزێك ژیان و سه‌ركردایه‌تیی بارزانیی نه‌مر به‌راوردی ژیانی ئه‌مڕۆی به‌رپرسان بكه‌ین، گریانت بۆ میله‌ته‌كه‌مان دێت كه ئه‌مڕۆ به ده‌ست هه‌ندێك به‌رپرسی نابه‌رپرسه‌وه، له‌گه‌ڵیشیدا هه‌زاران جار خۆزگه‌ی ئه‌وه ده‌خوازین ئێسته بارزانی نه‌مر له ژیان و له‌گه‌ڵماندا بووایه.
ئه‌وه‌ی لای من زۆر جێی سه‌رسوڕمان و ڕه‌خنه‌یشه، ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له به‌رپرسانی ئێسته‌ی پارتی له حكوومه‌ت و حزب، نه‌یانتوانیوه له ئه‌ده‌بیات و میهره‌بانی و مێژووی بێگه‌ردی بارزانیی نه‌مر، وانه‌ی دڵسۆزی و خزمه‌تكردنی ڕاسته‌قینه فێر بن و نه‌یانتوانیوه ڕێبازه‌كه‌ی وه‌ك خۆی پێڕه‌و بكه‌ن.
ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئێسته، به‌داخه‌وه كه وا ده‌ڵێم، زۆریان به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان پێش حزب و گه‌له‌كه‌مان خستووه، بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش زۆرمان ناوێت به دوایاندا بگه‌ڕێین، به‌ڵگه‌كان ڕوونن و سه‌رمایه و ئۆتۆمبێل و ماڵ و كۆمپانیا به ئاشكرا هه‌موو شتێكمان پێ ده‌ڵێن، ته‌واو ئه‌وان ئیتر شه‌رم له (من این لك هژا)ش ناكه‌نه‌وه، بێ شه‌رمتر له ماڵه‌كانیان نووسیویانه (هژا من فچل ربی)، به‌ڵێ زۆربه‌یان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان خستووه‌ته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و حزبه‌كه‌یانه‌وه، هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه ئێسته پارتی وه‌ك ئامرازێك به‌كار دێنن بۆ گه‌یشتن به كۆمه‌ڵه ئامانجێكی تایبه‌تی و كه‌سێتیی خۆیان و داروده‌سته‌كانیان.
ئه‌و به‌رپرسانه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه، ئه‌گه‌ر ته‌نیا تۆزێك له میهره‌بانیی بارزانیی نه‌مر فێر بوونایه، ئه‌مڕۆ دۆخی ئێمه له‌م ئاسته خراپه نه‌ده‌بوو، كه هه‌مووان به ده‌ست ناعه‌داله‌تی و ئه‌و جیاوازییه زۆره‌ی له نێوان ژیانی هه‌ردوو توێژی به‌رپرسان و هاووڵاتییانماندا هه‌یه و هاوارمان لێ هه‌ڵساوه و ده‌ناڵێنین. من كاتێك ده‌ڵێم به‌رپرسانی پارتی، چونكه پارتی به خاوه‌نی میله‌ت و دۆزه‌كه‌مان ده‌زانم، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌وانی تر، لای من گرنگ نییه چی ده‌كه‌ن و چۆن حزبایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌و گه‌نده‌ڵییه زۆره‌دا تێده‌گه‌م بۆ ئێسته چاكسازی سه‌خته و دوژمنی زۆره، تا ئه‌و ئاسته‌ی حكوومه‌ت داوای پاڵپشتی ده‌كات، ئه‌وه پێمان ده‌ڵێت كه زۆرینه‌ی به‌رپرسان هیچ ره‌چاوی قوتابخانه‌ی بارزانی‌یان نه‌كردووه.