لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌راوردكارییه له‌ناوان ئاین و ئه‌وانیتر‌دا
بەشی یەکەم
ده‌ستپێك:
تێڕوانین و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاین، له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ی كورددا بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی قووڵتری ده‌وێت (ئه‌مه ده‌هێڵینه‌وه بۆ زانایان، پسپۆڕانی ئه‌كادیمی و ناوه‌نده روناكبیرییه‌كان تا وردتر كاری له‌سه‌ر بكرێت)، جیاواز له هه‌موو ئه‌و قسه له‌سه‌ركردنانه‌ی دنیای ده‌ره‌وه‌ی كورد، (لێره‌دا مه‌به‌ست له ڕوانگه‌ی ناكورده، به هه‌موو زمان و نه‌ته‌وه‌كانه‌وه) كه به درێژایی مێژوویی ته‌ده‌یون بۆ دنیای ئاینداری كوردی‌یان كردووه.
كه ده‌ڵێین ئاینداری كوردی گه‌ره‌كمانه بڵێین كورد له دید و جیهانبینیی ناكورده‌كانه‌وه دینداری كردووه یان به جۆرێكی تر بڵێین له‌وه‌ته‌ی كورد بووه‌ته مسوڵمان جگه له سێ كوچكه دیاره‌كان (شێخ سه‌عیدی نه‌وڕه‌سی، ئه‌حمه‌دی موفتی زاده، ناسری سوبحانی)، كه‌م ڕوویداوه كوردێك تێگه‌یشتنێكی كوردانه‌ی بۆ ئاین كردبێت و ئه‌م دیده‌ی وه‌ك به‌شێك له مه‌نزومه‌یه‌كی زیندوویی قسه‌كه‌ر له‌ناو ڕۆحی‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ كرابێت، به‌رده‌وام ئه‌ویتر منی كوردی ئاڕاسته كردووه. بێگومان دنیای ئێمه بووه‌ته به‌شێك له توراسی ئاین، هه‌میشه ئاینداری وه‌ك سێكته‌رێكی ئه‌خلاقی و له زۆر كاتانیش وابه‌سته به مه‌زه‌و و بیروباوه‌ڕ و عه‌قیده‌یه‌ك به درێژایی مێژووی دروستبوون و گه‌شه‌كردنی له به‌رگ و فۆرمی جیا جیا له‌ناوماندا خۆی نمایش كردووه‌ته‌وه.
كورد له‌وه‌ته‌ی بووه‌ته به‌شێك له‌م فۆرمه ئایندارییه‌ی كه ده‌ره‌وه‌ی خۆی له وێستگه‌ی جوداوه به ڕه‌نگ و بۆی جیاواز جیاوازه‌وه، ئه‌م وێنانه‌ی بۆ ئێمه كێشاوه، له بنه‌چه‌دا وێنه‌ی دینێكی ڕاسته‌قینه نه‌بووینه، وه‌ك سه‌رچاوه سروشتییه‌كه‌ی خۆی كه له‌به‌رده‌ستدا بووه یان وه‌ك تێكست، به‌ڵكو وێنه‌كان به‌هۆی به‌ركه‌وتنیان به شه‌ڕ، ململانێیی مه‌زه‌وه عه‌قائیدیه‌كان و كوشتار له‌ناویاندا، پاشان دیارده‌ی ته‌كفیركردنی یه‌كتری و حه‌ڵالكردنی خوێنی براكانیان له‌به‌ر جیاوازی تێگه‌یشتنیان بۆ ئاینداری، هه‌موو ئه‌و وێنانه دواجار بوونه‌ته تایتڵێك و له زهنی ئێمه‌ی كورددا دیمه‌نی خوێناوییان خوڵقاندووه.
ئاینی هاتوو بۆ كورد، ئاینی ململانێیی مه‌زه‌وی و عه‌قائیدیه‌كان بووه، به موعته‌زیله ، خه‌واریج، جه‌بری، قه‌ده‌ری، باتنی، ئه‌شعه‌ری، وه‌هابی، سۆفی، سه‌له‌فییی و به‌م دواییانه‌ش ته‌كفیریی و جیهادیی و قورئانیی و هتد...... هه‌موو ئه‌م برین و كاره‌سات و قوربانیانه‌ی له‌ناوان شمشێری دوو ئاینزای شیعه و سوننه و ئه‌و نه‌بزه سیاسییه جیۆپۆڵه‌تیكیه‌ی بۆ دین هه‌یانبووه، هاتووه‌ته ئاراوه. ئه‌گه‌رچی وێنای كورد له‌ناو ئه‌م مێژووه خوێناوییه‌دا، به‌لای ئێمه‌وه هێشتا زاوێیه‌كی ماوه بۆ ئه‌وه‌ی لێیه‌وه جارێكی دیكه كوردبوون له‌ناو ئه‌م ڕۆحه ئاینداریه، به‌لای كه‌مه‌وه بیخه‌ینه‌وه سه‌ر وێستگه‌ی قسه‌له‌سه‌ركردنه‌وه. ڕه‌نگه كه‌سانێك پرسیار له‌وه بكه‌ن، بۆ ده‌بێ ئاین به‌م ده‌رده ببرێت و له‌به‌رده‌م كورددا جارێكی دیكه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت یان بۆچی ده‌بێ ئاین ببه‌ینه‌وه ناو ناوه‌نده زانستیی و ئه‌كادیمیی و رووناكبیریه‌كانمانه‌وه؟ گرینگی ئه‌وه له چییدایه یان به‌م كاره‌مان چ له دنیای ئێمه ده‌گۆڕێت؟.
پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه، هه‌قه له خۆمان بپرسین ئاماده‌ییی ئێمه‌ی كورد له مێژوویی ئاینداریدا چ ئاماده‌گیه‌ك بووه، یا تێگه‌یشتنی ئه‌وی ئایندار بۆ دنیای ئێمه چ جۆره تێگه‌یشتنێك بووه؟ ڕه‌وایه به هێمنیی و به له‌به‌رچاوگرتنی مانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ئێمه له‌ناو ئه‌م توراسه ئایندارییه عیملاقه‌دا بڵێین كورد له‌ناو ئه‌م مێژووه‌دا (مه‌به‌ست لێره‌دا دیارده‌ی ئایندارییه له ڕۆحی كورددا) ته‌نیا بكه‌ر و سوژه بووه یان به‌كاربه‌ر و ئۆبژه بووه و هه‌میشه وه‌ك پله دوو و له زۆر كاتیش وه‌ك ئامرازێك بۆ ململانێكان به‌كار هێندراوه. ئه‌وه‌یه وامان لێده‌كات كه‌متر كاتی خۆمان به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه بكوژین، به‌ڵكو واقیعه‌كه وامان لێده‌خوازێت دۆخی ئاینداری كورد له به‌رده‌م ئه‌و ماهیه‌ته هه‌ژموونكراوه‌دا لێك هه‌ڵوه‌شێته‌وه، ورد ورد له‌سه‌ر چه‌مك و به‌ركه‌وته مێژووییی و ئایدیاكانی بوه‌ستین، ده‌بێت پرسیار له خۆمان بكه‌ین، ئێمه له كوێی ئاینداریداین؟. نابێت بوه‌ستین ئه‌ویتر ڕه‌نگمان بكات و چۆنی بووێت به‌و شێوه‌یه تابلۆی بوونمان بنه‌خشێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌دوای روخساره ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆماندا بگه‌ڕێین و كه‌سێتی بوونمان بدۆزینه‌وه.
ئاین چاك په‌رتی كردووین، به جۆرێك ڕۆحی شه‌كه‌تكردووین ده‌بێت له به‌ردمی بوه‌ستین، نه‌ك وه‌ك دوژمن، نه‌ك وه‌ك نه‌یار، تازه ئاین بووه‌ته ناوكی كولتووری ئێمه، بووه‌ته دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێمان، وا ئاسان نییه جیابینه‌وه لێی، مه‌حاڵه دین دوور بخه‌یته‌وه له خۆت، چونكه وه‌ك مرۆڤ ده‌ژیت و مرۆڤ به‌ركه‌وته‌ی ئاینه، بۆیه ئاماده‌یی دین له هه‌ناوی مرۆڤدا ئاماده‌ییه‌كی متبووه. هه‌میشه ده‌نگێك، ختووكه‌یه‌ك به ئاگای دێنێته‌وه، پێیی ده‌ڵێت من هاوڕێ بێده‌نگه‌كه‌ی تۆم، بقیژێنه با گوێم له خۆم بێت.
مرۆڤ به‌رده‌وام له به‌رده‌م ئه‌م قیژه‌یه‌دا ده‌ژیی، بۆ هه‌میشه له به‌رده‌م ئه‌م ئاماده‌ییه بۆماوه‌ییه‌دا ئاماده‌گیی هه‌یه. نابێت بیرمان بچێت خه‌فڵه‌ته سۆسیۆلۆجی و سایكۆلۆجییه‌كه‌ی مرۆڤ پڕیه‌تی له حزووری دین، له دیدی ئاین، له خودای نوستوو.
سروشتی ئاین وه‌ك له پێناسه‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت (گرێدان و پێكه‌وه‌به‌ستن)ـه. ئه‌م فیگه‌رانه‌ی دین كه خۆی ده‌نوێنێت له گرێدان و پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه بووه‌ته به‌شێك له ڕه‌هه‌نده هیومانیه‌كانیش، به‌شی زۆری قوتابخانه‌كانی ئاینی و په‌رستگا، ئاین به‌و جۆره پێناسه ده‌كه‌ن كه فاكتێكه بۆ پارێزگاریكردن له مرۆڤ، ئیدی ئه‌م جیهانبینیه‌ی ئاینزاكان بۆ دین فۆرم و به‌های تری وه‌رگرتووه، له زۆر شوێندا ئاین ئه‌م پێناسه‌یه له‌ده‌ست ده‌دات، مرۆڤ ده‌كاته‌وه به قوربانی، له پێكه‌وه‌گرێدان و به‌ستنه‌وه‌ی دڵه‌كان، ده‌گوازرێته‌وه بۆ لێكترازان و كوشتنی ئاینداران.
ئه‌م فیگۆر و دالانه به‌دوای جۆرێك له مه‌دلوولی شاراوه‌دا ده‌گه‌ڕێن له مرۆڤدا، له ده‌ربڕێنێكی مه‌جازیه‌وه ده‌چێته ته‌لبه‌ندێكی تر، كه ئاماژه‌یه‌كه له باوه‌ڕ و به پیرۆز سه‌یركردنی ئه‌وه‌ی ڕۆحی پیرۆز گوتوویه‌تی كه له ئیمانێكی ده‌روونییه‌وه خۆی ده‌رده‌خات. ناشتوانین بڵێین ئه‌م ئاكاره ئیمانییه ته‌نیا تایبه‌ت به ئاینی ئیسلام یان هه‌ر ئاینێكی دیكه‌یه، به‌ڵكو ڕۆحیه‌تێكه هه‌میشه له ژینگه‌ی مرۆڤ و له هه‌ناوی سایكۆلۆجیای مرۆڤه‌كاندا له دیزاینێكی ئاكاری خۆی مانیفێست ده‌كاته‌وه.
به‌و تێگه‌یشتن و ده‌رهاویشتانه، به واتا گشتییه‌كه‌ی دین لوغزێكی نادیاره و وه‌ك ڕووداوێكی ده‌روونی كه له ئاره‌زووه‌كانی ناهۆشیاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه. ئاره‌زوویه‌ك كه ده‌یه‌وێت له ڕێگای ئیمانه‌وه به نادیار یان هه‌ر سوژه‌یه‌كی دیكه‌وه بێت، جه‌سته و گیانی ڕزگار بكات. وه‌ك ماكس ڤێبه‌ر ده‌ڵێت: (ته‌نیا شتێك توانای ڕاگرتنی ئه‌م به‌ڵانسه‌ی هه‌یه، ئاگایی و هۆشیاری كه‌سه‌كانه).
به بۆچوونی من، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه مرۆڤ ئیدی ده‌ربازی ده‌بێت له ئیمانهێنان به ئاینێك یان كاریگه‌ربوون به هێزێك كه به ئه‌ودیوی سروشت (میتافیزیكا) ناوزه‌ند كراوه، پێموایه مرۆڤ له ڕێی توانا ئه‌قڵی و ئاگاییه‌كانیه‌وه، ناتوانێت سنوور بۆ كوشاره ده‌ره‌كییه‌كان دابنێت، بۆیه هه‌میشه ئاین كه به گرێدان و به‌ستنه‌وه وێنای كراوه، له زۆر حاڵه‌تدا شوناسه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و له كاتی شڵه‌ژانی ده‌روونی و بێهێزیدا له به‌رده‌م كاره‌ساته سروشتیه‌كاندا، جارێكی تر ده‌بێته‌وه به هاوڕێ بێده‌نگه‌كه‌ی مرۆڤ.
كورد.... وه‌ك به‌ركه‌وته له دنیای ده‌ره‌وه‌یدا
بۆ ئه‌وه‌ی له مرۆڤ و نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ی خۆت بگه‌یت، ده‌بێ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ت ده‌ست بكه‌وێت كه یارمه‌تیت ده‌ده‌ن خۆتی پێ بخوێنێته‌وه، یان سكێجی خۆتی پێبكه‌یت و له خۆت حاڵیبیت، تا لێیانه‌وه وێنای دروستیان بۆ بكێشیت. ناكرێ خوێندنه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌یت، فرۆید وه‌ك بیرمه‌ندێكی ده‌روونشیكاری پشتگوێ بخه‌یت. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن له كتێبی (سایكلۆژیای ئه‌قڵی كوردی) ده‌روازه‌كانی ناسینی ئه‌و شوناسه‌مان به دنیابینییه‌كی فرۆیدیانه بۆ ده‌كاته‌وه. ئه‌دۆنیس ده‌ڵێت (بۆیه كولتووری رۆژئاواییه‌كان ده‌خوێنمه‌وه، تا كولتووری داخراوی رۆژهه‌ڵانی خۆمانی پێ بكه‌مه‌وه). هه‌ر ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كان بڵێین په‌نابردنی فرۆید بۆ شیكاری دۆخی سایكۆكۆمه‌ڵایه‌تی كورد جۆرێكه له میتۆدی ته‌فكیك، به‌ڵام له دۆخی سۆسیۆلۆجیه‌كه‌یدا. شۆڕبوونه‌وه بۆ كه‌ینونه‌ی مرۆڤ كورد، بێ فرۆید به‌رهه‌می نابێت.
لێره‌دا قسه له‌سه‌ر كورده وه‌ك به‌ها، وه‌ك میتافۆرێك له‌ناو دنیای ده‌ره‌وه‌دا، قسه‌كردنه له‌سه‌ر ده‌ركه‌وته‌كانی مرۆڤی كورد له‌ناو پرۆسیسی ئه‌قڵدا چ وه‌ك چه‌مك چ وه‌ك خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه و غه‌ریزه‌كانی. كاتێك ئه‌نیشتاین له نامه‌كه‌یدا بۆ فرۆید لێی ده‌پرسێت: چۆن له شه‌ڕ رزگارمان ده‌بێت؟. فرۆید ئه‌وه ناشارێته‌وه كه شه‌ڕانگێزی وابه‌سته‌ی ده‌روونی مرۆڤه‌كانه و ناتواندرێت بنبڕ بكرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه رێگه‌كانی قه‌لاچۆكردنی، یان كاڵكردنه‌وه‌ی شه‌ڕانگێزی لای مرۆڤ ئیدی گه‌یشتووه‌ته بنبه‌ست و چاره ناكرێت.
فرۆید چه‌ند فاكتێك بۆ دربازبوون له‌م دۆخه دیاری ده‌كات:
- به‌ئه‌قڵانیكردن
- گه‌مارۆدانی مرۆڤ له‌ناو سیستم و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
- په‌ره‌پێدانی ئیرۆس (خۆشه‌ویستی).
به‌م سێ رێگه‌یه، ده‌توانرێت هێزی شه‌ڕ كه‌م كه‌ینه‌وه. نووسه‌ر ره‌هه‌نده مێژووییه‌كه‌ی ئه‌م ئه‌قڵه ناباته‌وه ناو گریمانه شیكارییه‌كانی فرۆید، مێژوو ده‌وه‌ستێنێت، تاك وه‌ك سه‌نتڕاڵێك ده‌به‌ستێته‌وه به‌و ژینگه‌ی تاكی كورد لێیه‌وه بیر ده‌كاته‌وه، ژینگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه ته‌نیا نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به جیناته‌وه.
ده‌مێكه پرسیاری ئه‌و نائه‌قڵانیه‌ته‌ی خۆمان له خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌و پرسیاره ئێسته وه‌ك گومان رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، خه‌یاڵمانی وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك له‌ناو جه‌سته‌مان هێشتووه‌ته‌وه، هه‌میشه ڕوانینمان بۆ خۆمان هه‌ستكردن بووه به بوونێكی شه‌رمن، غه‌ریب له دنیای ده‌ره‌وه‌مان، كاتێكیش فرۆید له كتێبی (دڵه‌ڕاوكێ له‌ناو شارستانیه‌تدا) ئه‌وه ناشارێته‌وه كه مرۆڤ، له دنیای ژیاره‌كاندا ئاستی دڵه‌ڕاوكێی كه‌سیی تا دێت زیاد ده‌كات، تا ئاستی ئه‌وه‌ی ترس له ئاینده ترس له مانه‌وه‌ی مه‌به‌ست له رووی فیزیكه‌وه نا، به‌ڵكو له رووی به‌ها و فسیۆلۆجیه‌وه، كه به‌رده‌وام له شه‌ڕێكی سروشتیدایه له‌گه‌ڵ ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه‌دا. ده‌ربازبوونیش له‌م حاڵه‌ته ده‌به‌ستێته‌وه به ماڵ و بایه‌خدان به شوێن، بۆیه ئه‌و جه‌سته‌ی دایك به ماڵی یه‌كه‌می مرۆڤ ده‌زانێ كه تا ئه‌به‌د سۆزمان بۆی ده‌بێ و ئینسان تێیدا هه‌ست به ئارامی ده‌كات و پێی وایه له‌وێدا خۆشی و ئاسووده‌ییه‌كانی له ته‌واونه‌بوودایه.
نووسه‌ر ئه‌م لێكچونه‌ی فرۆید بۆ ماڵ وه‌ك ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ گیان ده‌به‌ستێته‌وه به تێگه‌یشتنی بیرمه‌ندێكی وه‌ك باشله‌ر، كه له كتێبی (جوانیه‌كانی شوێن) ماڵ به دۆخێكی ڕۆحی وێنا ده‌كات. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن لای خۆیه‌وه دروستكردنی ماڵ وه‌ك چاوگێك بۆ گه‌شه‌كردنی ئه‌قڵ ده‌خاته ڕوو و پێی وایه ماڵ جۆرێكی تره له شارستانیه‌ت كه ژیانی تێدا به فه‌ردانیه‌ت بكرێت، هه‌ر ئه‌وه‌یه وا له تاك ده‌كات هێزی ژیان و بیناكردن كه ده‌رهاویشته‌كه‌ی ئه‌قڵه، فه‌راهه‌م بكات و بره‌ویان پێ بدات. لێره‌دا ماڵ مانا مه‌جازییه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و خاك، نیشتمان، كۆمه‌ڵگه، شارستانیه‌ت وه‌ك به‌رهه‌می ژیاری مرۆڤایه‌تی وه‌ك نموونه بۆ خوێندنه‌وه‌ی سایكلۆجیای ئه‌قڵی كوردی وه‌رگیراوه. هه‌ر ئه‌وه‌یشه وای له نووسه‌ر كردووه هزری فرۆیدی ورد بكاته‌وه، تا ئاستی ئه‌وه‌ی دایبه‌زاندووه‌ته ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و شرۆڤه‌ی ئه‌قڵ و لۆجیكی حاڵی كوردی پێ كردووه.
لێكچوونێك له نێوان پرۆژه‌ی نووسراوه‌كانی بیرمه‌ندی عه‌ره‌ب محه‌مه‌د عابد جابری له‌باره‌ی نقد العقل العربی و پرۆژه و كتێبه‌كه‌ی محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن هه‌یه، به‌س به‌دوو میتۆدی جیاواز، عابدی كۆمه‌ڵناسانه خوێندنه‌وه بۆ دنیای عه‌ره‌بی ده‌كات و ره‌خنه له عه‌قڵی په‌تی عه‌ره‌بی و دۆخی مێژووه‌كه‌ی ده‌گرێت. به‌ڵام ته‌ها له مه‌نزومه‌ی فرۆیدییه‌وه شیكاری پارادۆكسانه‌ی لۆجیكی كوردمان بۆ ده‌كات.
جابری مێژوو داده‌ڕمێنێت له‌ناو ده‌قدا، به‌ڵام ته‌ها له گۆشه‌نیگای غه‌ریزه و چێژی باڵا و شۆڕبوونه‌وه بۆ حاڵه‌ته فسیۆلۆجییه‌كانی ئینسان له دنیای به‌ركه‌وته‌كاندا سه‌یری لێكه‌وته‌كانی ده‌كات.
تێگه‌یشتن له ئاین
بێگومان ئه‌مه به‌ركه‌وتنێكی ڕه‌وایه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و بڕوادار و ئایندارانه‌ی ئه‌ركی ئاینی له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. هه‌ر لێكۆڵینه‌وه و روانگه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی بۆ ئاین، لای ئایندارانی میلی، كارێكی زیاده‌یه و له زۆر كاتیش به دژه دین و لاده‌ر پێناسه و خوێندنه‌وه‌یان بۆ كراوه، هه‌رچه‌ند ئاین وه‌ك كولتوور و نه‌ریت كه له حاڵی ئێسته‌ماندا باوه، جێی خۆی گرتووه له دنیای كۆمه‌ڵایه‌تیماندا، ئیتر چ پێویست ده‌كات بێین ده‌رده‌شه و گفتوگۆ و كێشمه‌كێشمی تیۆری و فه‌لسه‌فی له‌رباره‌یانه‌وه بكه‌ین؟ به‌ڵام ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌موو قۆناغه‌كانی تر پێویسته باس له ئاین و ده‌ركه‌وته‌كانی ئاینی و نه‌ریته هیومانستیه‌كانی بكه‌ین. به‌و فۆرمه‌ی ئاین وه‌ك ڕه‌هه‌ندێكی مرۆیی كۆمه‌ڵگه، هه‌لومه‌رج و ئاكامی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، واته ئاین له سیاقی بوونیدا سروشتێكی مرۆیی و مرۆدۆستی هه‌یه، به‌مه‌ش ده‌گه‌ین به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه ئاین جۆرێك له ئاكاری فیزیكیانه‌ی خۆی كردووه‌ته پێداویستییه‌ك بۆ مرۆڤایه‌تی، به‌م شوناسه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی داوه ئه‌م وجووده‌ی بكاته پێداویستییه‌كی حه‌تمی، بۆ ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤ.
هه‌ر ئه‌مه‌یه وامان لێ ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌كان خوێندنه‌وه بۆ ئاین و جۆری ئایندارییان بكه‌ین، ئه‌مه یارمه‌تیده‌رمان ده‌بێت وه‌ك به‌شێك له نووسه‌ر و بیرمه‌ندانی دنیا پێیان وایه: ئاین جه‌وهه‌ر و كرۆكی كولتووره‌كانه). كولتووریش هه‌میشه وه‌ك فۆرمی ئاین چاوی لێكراوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ ئه‌وه بڵێین كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌م مه‌نزوومه فراوانه‌ی جیهان، بووه‌ته هێمایه‌ك بۆ ئاینناسی لای كه‌سانی تر، چ جای ئێمه‌ی كورد ماف به خۆمان نه‌ده‌ین قسه‌یه‌كی رژد له‌باره‌ی ئاینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ین، بۆیه چه‌ندی لای پێڕه‌وكارانی پیرۆزه و پڕ به‌هایه، پێویسته لای ناوه‌نده ئه‌كادیمی، زانستی و رووناكبیرییه‌كانیشمان به‌های خۆی وه‌رگرێت.
ده‌توانین بڵێن هه‌میشه ئاین و ئاینداران چه‌ندان پرسیاری شاراوه‌یان كردووه‌ته قوربانی بێده‌نگی خۆیان، واته كورد لای بووه‌ته نه‌ریت و شوناسێك كه ئاین به بێده‌نگی پێڕه‌و ده‌كات و هیچ قسه‌یه‌كیان له‌باره‌یه‌وه ناكات، كه‌میش ڕوویداوه /مه‌به‌ستم لای كه‌سه عه‌وام و ته‌نانه‌ت لای به‌شێك له هه‌ڵگرانی بیری ئاینییش ئه‌سته‌م بووه، چه‌له‌حانێ له باره‌ی ئاینه‌وه بكرێت/ بۆیه وشه‌ی چه‌له‌حانێ به‌كار دێنم، چونكه به‌شی زۆری ئه‌م گفتوگۆیانه دیبه‌یتی زانستی و ئه‌كادیمی نه‌بوون یان بۆ شكاندنه‌وه یان بۆ ناشیرینكردنی به‌رانبه‌ر بوونه، ئه‌مه‌ش جێی داخه و پێویسته به له‌به‌رچاوگرتنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاینیمان، ئه‌م قۆناغه تێپه‌ڕێنین و دنیای خۆمان به‌رز ڕابگرین. سوودی ئه‌مه ڕه‌واندنه‌وه‌ی كۆی ئه‌و نیگه‌رانییانه‌یه كه خۆمان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری نامسوڵمانانه و هه‌ڵسوكه‌وتی توند و دوور له ئاینی به‌شێك له ئێمه به‌رانبه‌ر هه‌م خۆمان، هه‌میش ئاینه‌كانی تر، هه‌مانه.
ئاساییه پێمان وابێت به دیوێكدا ئاین له دنیای كورددا، لای ئه‌وانه‌ی وه‌ك خۆی له ئاین نه‌گه‌یشتوون، بووه‌ته ئامراز و هۆكارێك بۆ به‌لاڕێدابردن و قبووڵكردنی داگیركاری و سته‌مكاری، واته سستی له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ییی و نیشتمانیی به‌هۆی جۆرێك تێگه‌یشتنێك بووه له ئاین، له هه‌ناوی مێژووی ئێمه‌دا به‌شێك له‌و كاره‌سات و رووداو و ماڵوێرانیانه‌ی هه‌بوون، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه له ئاین.
ئه‌مانه و زۆر فاكتی تر، میكانیزمێكن بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاین، سه‌یركه‌ن بۆ تا ئێسته نه‌مانتوانیوه هیچ هه‌نگاوێكی رژد بنێین له‌باره‌ی ئاینناسییه‌وه، چونكه ئاین له‌ناو كوردا له‌سه‌رووی پیرۆزیه و ئه‌وه‌نده‌ی پابه‌نده به نه‌ریتی ئایندارییه، ئه‌وه‌نده پابه‌ند نییه به ئاینه‌وه.
هێنده ئاستی پراكتیزه‌كردنی ئاین و دروشم و ڕێوڕه‌سمه‌كانی بۆ ئاستێكی میلی جه‌ماوه‌ری دابه‌زیوه وا له ده‌روونێكی شێواو و هه‌ژار و تووڕه و دڵڕه‌ق ده‌كات، تۆڵه‌سێن بێت، ئه‌وه‌نده مانا و هیوای ژیان و مرۆڤایه‌تی تێدا نه‌ماوه. ئیدی به مانا ئه‌رێنیه‌كه‌یشی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئاین ڕۆڵ و ئه‌ركی خۆی له ده‌ست داوه، ساده كراوه‌ته‌وه بۆ هه‌ندێك داونه‌ریت و سرووتی ئاینی كه هیچ قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی تێدا نییه.
لێره‌وه ئه‌گه‌ر بڵێن هێنده‌ی ئه‌مڕۆ ئاین له بێمانایی، بێنازی، بێ هوده‌ییدا ده‌ژیی، ئه‌وه‌نده‌یش گوێڕایه‌ڵكردنی كوێرانه و دوور له ژیری به‌سه‌ریدا زاڵه.
لە ژمارەی داهاتووی "وشە" لێکۆڵینەوەکە درێژەی دەبێت