لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌راوردكارییه له‌ناوان ئاین و ئه‌وانیتردا
بەشی کۆتایی
فتوا.... وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی جیاوزی له دنیای ئایندا
فتوا وه‌ك چه‌مك له دنیای مه‌عریفی ئێمه‌دا هه‌ڵگری دۆخی ئاینی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه. به درێژایی دیرۆك هه‌میشه ده‌رهاویشته‌كانی فتوا شێوه‌یه‌ك له ریتمی نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌كان وه‌رده‌گرێت، له به‌رگ و ره‌نگی تازه‌وه خۆیان ده‌نوێننه‌وه.
كارین ئارمستروێنگ له په‌رتووكی (مێژووی خوڵقێنه‌ری مه‌زن). دیرۆكی فتوا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی جیاوازیی له دنیای مسوڵماناندا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پێڕه‌وی ئاین و ده‌سه‌ڵات و بواره فقهی و شه‌رعییه‌كان.
نووسه‌ر كۆتایی خه‌لافه‌تی راشیدین به سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی فتوا دیاری ده‌كات و لای ئه‌و، بوونی تێگه‌یشتنی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جیای پێڕه‌وانی ئاین بۆ ئیسلام، ئه‌ده‌بیاتی ته‌ئویل و لێكدانه‌وه‌ی دژ به‌یه‌ك بۆ قورئان و فه‌رمووده‌ی فراوانتر كردووه. هه‌رچه‌نده من جیاوازتر له نووسه‌ر بیر ده‌كه‌مه‌وه و مێژووی فتوا ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی پێشه‌وا ئه‌بوبه‌كری سدیق، كاتێك به‌شێك له مسوڵمان دوای وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ر (د . خ) گوتیان (چیتر زه‌كات ناده‌ین، چونكه ئێمه ته‌نیا محه‌مه‌د به نوێنه‌ری خا ده‌زانین و زه‌كات ناده‌ین به جێنشینه‌كه‌ی).
پێشه‌وای مسوڵمانان فتوای له دژیان ده‌ركرد و گوتی (شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، تا زه‌كات بۆ به‌یتولمال ده‌هێنن). ئه‌مه یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی فتوا بوو له دژی ئه‌وانه‌ی له خه‌لیفه، وه‌ك ده‌سه‌ڵاداری ئه‌وسا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه.
بوێری گه‌وره‌ی ده‌وێت خه‌لیفه ئه‌م فتوایه بدات، چونكه له هیچ ده‌قێكی قورئان به زه‌قی نه‌هاتووه كه ئه‌گه‌ر مسوڵمان زه‌كاتی نه‌دا به ده‌سه‌ڵاتداری ئیمانداران، ده‌بێت جه‌نگی له‌گه‌ڵدا بكرێ، یان بكوژرێت. دیاره ئه‌م شه‌ڕه درێژه‌ی هه‌بوو، تا ناچار به زه‌كاتدان كراون، ئینجا رێ‌یان پێدرا وه‌ك مسوڵمان له‌سه‌ر خاكی ئیسلام بژین. ئه‌مه وێنه‌یه‌كی رۆشنی پێوه‌ندی فتوا و ده‌سه‌ڵاته له فه‌زا گشتییه‌كه‌ی حكومڕانیی ئیسلامی‌دا.
لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به دوو جۆر فتوا بده‌ین، فتوایه‌ك پێغه‌مبه‌ری ئیسلام خۆی وه‌ك ته‌فسیر و ته‌ئویل بۆ قورئان داویه‌تی، بۆ نموونه له‌باره‌ی ئه‌و ئه‌حكام و سه‌نه‌دانه‌ی پێویستیان به شه‌رح و لێكدانه‌وه‌ی زیاتر هه‌بووه، به‌مه ده‌گوترێت (فه‌رمووده). به‌ڵام فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر له سه‌رده‌می ژیانی پهیامهێنهردا وه‌ك به‌شێك له دین تۆمار نه‌ده‌كران، به‌ڵكو له سیاقی مێژوو هێشتبوویانهتهوه و وه‌ك زمانی دووه‌می ئاین مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كرد. به ده‌لیلی چی، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ر فه‌رموویان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا قسه‌كانی تۆش بنووسینه‌وه، ئه‌م گوتی نا.
ئایه‌تی (پێغه‌مبه‌ر هیچ قسه‌یه‌ك ناكات ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت، كه ئێمه وه‌ك وه‌حی بۆی ده‌نێرین). ئاماژه‌یه‌كی روونه كه ته‌نیا قورئان و ئایه‌ته‌كانی رێپێدرا بووه بنووسرێنه‌وه و وه‌ك دین چاوی لێ بكرێت، ئه‌مه‌ش هۆكار بووه كه دوای سێ سه‌ده ئینجا ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بۆ رایكردنی كاره‌كانی بڕیار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر بدات. ئه‌مه دۆخی دووه‌می فتوایه كه ئاماژه‌م پێدا.
ئه‌م دۆخه له دوای كۆكردنه‌وه‌ی فه‌رموده به‌رهه‌م دێت. بێگومان به‌مه‌ش جۆرێك له تێگه‌یشتنمان بۆ دروست ده‌بێت كه فتوا پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتداران بۆ راییكردنی كاره‌كانیان پێویستیان به فتوای زانا و فتواده‌ر ده‌بێت.
ئیمامی حه‌نبه‌ل له كتێبی (المسند) نزیكه‌ی 30 هه‌زار فه‌رمووده‌ی كۆكردووه‌ته‌وه و شه‌رحی بۆ كردوون و دابه‌شی كردوون به‌سه‌ر چه‌ند باب و ئه‌حكامێك له‌ناو شه‌ریعه‌تدا، فتواكانی ئه‌و جێی باوه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وكاته‌ی مسوڵمان بوونه. كاتێكیش ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بستانی سعوودیه داده‌مه‌زرێت، مه‌زه‌وی حه‌نبه‌لی به فه‌رمی ده‌كه‌نه بنه‌مای ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان.
بێگومان ده‌سه‌ڵات، له مێژووی خۆیدا دینی وه‌ك به‌شێك له جه‌سته‌ی خۆی سه‌یر كردووه، هه‌میشه زانایانی به‌كارهێناوه بۆ جێگیركرنی پایه‌كانی خۆی و مه‌ركه‌زیه‌تی بڕیار.
له سه‌رده‌می ئیمامی شافیعیدا ته‌نیا كه‌ناڵێك كه ده‌رفه‌ت بووبێت خه‌ڵك و مسوڵمان به‌رپرس و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی تێدا ببینرێت، مزگه‌وت بووه. ئه‌میش له كاتی گوتاری هه‌ینیدا، چونكه ئه‌وكاته به‌هۆی زۆری سته‌می ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه مسوڵمانان ره‌خنه‌یه‌كی زۆریان له فه‌رمانڕه‌وا هه‌بوو، به‌س ده‌بینین ده‌سه‌ڵات دێت، فتوایه‌ك به ئیمامی شافیعی ده‌رده‌كات كه هه‌ر كه‌سێك له‌ناو گوتار و نوێژی هه‌ینیدا قسه بكات، نوێژی به‌تاڵ ده‌بێت و خودای تاقانه لێی وه‌رناگرێت.
بێگومان مه‌دلولی ئه‌مه ته‌نیا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌سه‌ڵات فتوا بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌رده‌كات. نموونه‌ی جیاوازی بۆچوونی مهزهوهكانی تر له‌گه‌ڵ یه‌ك و ئه‌م خیلافه گه‌وره‌یه‌ی نێوان شیعه و سوننه و دروستبوونی سه‌تان ره‌وتی فكری و ئایدۆلۆجی دژ به‌یه‌ك له‌ناو هه‌ناوی ئیسلامدا، فتوای له دۆخی سروشتی ئاینییه‌وه، گۆڕیوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران.
ئاین و دژه‌كانی
ئهناخسیماندهر ( ٦۱۰- ٥٤٦ پێش زاین) له‌باره‌ی دۆخی مرۆڤ له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریه سروشتییه‌كاندا پێی وابووه، چونكه كۆرپه‌ی مرۆڤ ناتوانێت بێ یارمه‌تی بژیی، كه‌واته ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م مرۆڤ كۆرپه بووبێت نه‌ده‌ما.
به‌لای ستیڤن هۆوكینگی زانای فیزیایی، ئه‌م روانینه‌ی ئهناخسیماندهر ئاماژه‌یه‌كه بۆ بیردۆزی په‌ره‌سه‌ندن.
سروشتناسان، به‌تایبه‌ت چارلز داروین زانای به‌ناوبانگی به‌ریتانی، به سوودوه‌رگرتن له دوو شێوازی گه‌یشتن به ده‌رئه‌نجامی بیرۆكه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن. گه‌ڕان و وردبوونه‌وه له تاقیگه شیكارییه‌كانی تایبه‌ت به دۆزینه‌وه‌ی ره‌چه‌ڵه‌كی بوونه‌وه‌ر، توانی ئاكامی زانستی باش بۆ سروشتناسان به‌رهه‌م بێنێت و كتێبی (ره‌چه‌ڵه‌كی چه‌شن) بنووسێت و له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه سه‌تان كتێب دژی نووسرا، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر بۆچوونی له‌باره‌ی گه‌شه‌ی مه‌یمونه‌وه بۆ مرۆڤ، كه له پێش ئه‌و ئهناخسیماندهر گومان ده‌خاته سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كی مرۆڤ و پێیوایه ئه‌گه‌ر مرۆڤ وه‌ك كۆرپه خوڵقابێت، ئه‌وه توانای خۆبه‌ڕێوه‌بردنی نییه، بۆیه زوو له‌ناو ده‌چێت، ئێسته كه ماوه، كه‌وایه هۆیه‌كی تر بۆ ئه‌فراندنی مرۆڤ له ئارادایه. لای ستیڤن هۆوكینگ له كتێبی (گه‌ردوون له توێكڵه گوێزێكدا) ده‌ریده‌خات كه گه‌ردوون خۆی توانای دروستكردنی شته‌كانی هه‌یه، به مرۆڤیشه‌وه، ده‌ریده‌خات مرۆڤ خۆی خۆی خوڵقاندوه.
لای ستیڤن، ئافرێنه‌ر، گه‌ردوون خۆیه‌تی و به‌لای ئه‌وه‌وه، سروشت ئۆرگالیزهیهكی وزه‌به‌خشه، خۆی توانای خوڵقاندنی گه‌ردیله‌كانی خۆی هه‌یه. ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی زانایه‌كی وه‌ك ستیڤن بۆ سروشت كاریگه‌ری روانگه‌ی زانایان بۆ ئه‌فرێنه‌ر، سروشت، گه‌ردوون گۆڕیوه.
له كتێبی (دیزاینی مه‌زن) ستیڤن، پێداگری زانستییانه له‌سه‌ر پێوه‌ری كه‌ونی ده‌كات و ده‌ڵێ، سروشت خۆی توانای دروستكردن و راگرتنی ئه‌ندازه‌ی كۆی شته‌كانی ناو گه‌ردوونی هه‌یه.
ئه‌ندازه‌ی پێوانه‌یی و ئه‌فراندن و به‌ڕێوه‌بردن، جۆرێكه له سروشتی بوونه‌وه‌ر، بۆیه ستیڤن له كتێبی (كورته‌یه‌ك له مێژووی كات) جیاوازتر له تێڕوانینی زانایان بۆ مێژووی گه‌ردوون بۆچوونی خۆی ده‌رده‌بڕێت. له‌و كتێبه‌دا ستیڤن ده‌چێته سه‌ر دۆخی كات له‌ناو گه‌ردووندا و راماندێنێت كه له دۆخی كاتدا پێوانه‌ی فیزیایی و گریمانه‌ی ناو سروشت ده‌خه‌مڵێندرێت به مێژووی خهڵقهتهوه. له‌مه‌دا ئه‌م تێزه‌ی ستیڤن لای به‌شی زۆری زانایانی فیزیایی و سروشتناسان ده‌بێته پرسیار، له‌باره‌ی سه‌ره‌تای بوون و پێش بوون، ئه‌فرێنه‌ر و دوای ئه‌فرێنه‌ر.
به‌لای كه‌سێكی وه‌ك ریچارد داوكینز كه بلیمه‌تێكی به‌ریتانییه و له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به‌ناوی (وه‌همێك) قسه له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئهتائیستهكان و بونیادی ئه‌م ئایدیایه ده‌كات، وه‌ك دژه خوا، یان دژه ئاین و باوه‌ڕه‌كان. لای ئه‌و ئاسان نییه له ده‌ره‌وه‌ی خودا بیر له سروشت و بوون و گه‌ردوون بكه‌یته‌وه، پێشی وایه، خوای تاك كه ئه‌نیشتاین سه‌ره‌تا ئه‌م زاراوه‌ی به‌كارهێناوه و دواجار بووه‌ته بابه‌تی لێووردبوونه‌وه له‌ناو پیاوانی ئاینی كڵێسادا.
ریچارد له‌م كتێبه‌دا دنیایه‌كی فراوانی بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مكی ئاین و خودا خوڵقاندووه، كێشه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ستووه‌ته‌وه به شێوازی تێگه‌یشتن له خودا و ئاین لای ئاینداران.
لێره‌دا دوو شێوه تێڕوانین بۆ تێگه‌یشتن له خودا و ئاین دێته ئاراوه، به‌شی زۆری تێگه‌یشتنی مرۆڤ بۆ ئاین و خودا تێگه‌یشتنێكی غه‌ریزی و فیزیكییه، له كاتێكدا خودا ئه‌وه‌نده‌ی له‌ناو سروشت و گه‌ردوونه، ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌روونی مرۆڤه‌كان ناخه‌مڵێنرێت، مرۆڤ هه‌میشه ویستوویه‌تی له هه‌ست و نه‌ست و ده‌روونی خۆیه‌وه خودا وێنا بكات، ئه‌مه شتێكی كهینوونییه و له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆڕێت.
ریچارد له كتێبه‌كه‌یدا (وه‌همێك)، نموونه‌ی كه‌سێك دێنێته‌وه كه دواجار بووه‌ته قه‌شه و مامۆستای ئه‌و، ده‌ڵێت: ڕۆژێك مامۆستاكه‌م له شوێنێكی دڵڕفێن داده‌نیشێت و خه‌یاڵی جوانی ژیان بۆ خۆی رایده‌كێشێت، له پڕێك كاره‌ساتێكی سروشتی روو ده‌دات و ئه‌و ده‌ربازی ده‌بێت، دوای ئه‌مه ده‌بێته قه‌شه و باوه‌ڕدار.
ریچارد ده‌ڵێت: ره‌نگه هه‌ر هه‌مان نموونه بۆ كه‌سێكی تر پێچه‌وانه بكه‌وێته‌وه و كه‌سه‌كه ببێت به ئهتائیست. كه‌وایه ژینگه و گۆڕانكارییه سروشتی و گه‌ردوونیه‌كان، مه‌رج نییه یه‌ك ئامانج بپێكن، یان یه‌ك وێنه بخوڵقێنن له ناخی مرۆڤدا.
فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی فریدریك نیچه له كتێبی (دژه مه‌سیح) جگ له‌وه‌ی به خوێنه‌ران ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر كتێبی (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)ان نه‌خوێندبێته‌وه له‌م كتێبه‌م ناگه‌ن، له‌باره‌ی ئاین و كوشتنی مه‌ودای ئه‌قڵ و هۆش، به وردی ورده خواكان، خوای ده‌روون، خوای ناو نائاگایی، به ئه‌نجامده‌ری بێده‌نگكردنی كۆی ئه‌و شتانه ده‌زانێت. لای نیچه، مه‌سیح هه‌میشه دهمانكۆژێت، به یۆتۆپیاكانی، به وێنه و خه‌یاڵه دۆزه‌خیه‌كانی.
ئه‌نجام:
ئه‌وه‌ی له‌م لێكۆڵنهوهیه ئاماژه‌مان پێداوه، هه‌روا كارێكی ساكار و تێپه‌ڕ نه‌بوو. بێگومان ڕه‌نجی بیركردنه‌وه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌و دیارده و بهركهوتنانهی ناو دنیای ئاین و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان كه هه‌موومان هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین و مه‌ترسییه‌كانی ده‌بینین، كۆك دێته‌وه. له كاتێكدا توانای ئه‌وه‌ی نییه له به‌رده‌می ڕابمێنێت و بیخاته چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیی و زانستییانه و تیۆری. زۆرمان په‌یمان به‌وه بردووه ئاین هه‌م گرینگ و هه‌میش پێویستییه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام هێشتا ئه‌م ئاگاییه‌مان نه‌بووه‌ته زانینێكی پشتبه‌ستوو به مه‌عریفه و تیۆری فه‌لسه‌فی یان توێژینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌خنه‌یی.
مه‌عریفه هه‌میشه به‌دوای كێشه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت تا پرسیاری ئه‌قڵانی له‌باره‌وه بكات. ئاین نابێت به‌هۆی ئه‌قڵه‌وه دژایه‌تی بكرێت، به‌ڵكو ئه‌قڵ بۆ ئه‌وه‌یه ئاین رێك بخاته‌وه له‌گه‌ڵ ژیانماندا.
دیاره به چه‌ند لێكۆڵینه‌وه و كتێبێك كێشه‌ی ئاین چاره‌سه‌ر نابێت، چونكه پرسه ئاینییه‌كان به تایبه‌ت له‌ناو كۆمه‌لگه‌ی خۆرهه‌ڵاتیی و ئێمه‌دا، ڕه‌هه‌ندی مێژوویی و قووڵی كولتووریی و ده‌روونیان هه‌یه، جگه له‌مه‌ش، تا ئه‌ژنۆی داچه‌قیوه له فاكتی سیاسی.
ویستمان له ڕوانگه‌ی هه‌ندێك پرسیاری فه‌لسه‌فییه‌وه ڕوانینیی خۆمان له‌باره‌ی ئاینه‌وه بگۆڕین كه له ئه‌نجامی تێگه‌یشتن له دیارده و بهركهوتهكان سه‌ریان هه‌ڵداوه. ئه‌م نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌ستت هه‌رگیز بۆ ئه‌وه نییه، پرسی ئاین له دیدێكی تیۆرییه‌وه ڕیفۆرم بكه‌ین، به‌ڵكو هه‌وڵدانێكی سه‌ره‌تایی تێگه‌یشتنه له ده‌ركه‌وته و به‌ركه‌وته‌كانی ئاین وه‌ك فۆرمێك له بیركردنه‌وه و جیهانبینی مرۆڤ.
به دیدی من، هه‌ر گۆڕانكاری و قسهلهسهركردنێك له بواری كولتووری و په‌روه‌رده و كۆمهڵایهتیمانهوه، به‌بێ ده‌ستبردن بۆ ئاین و لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه له‌باره‌یه‌وه، ناتوانین ده‌ركه‌وته‌كانی ببینین. ده‌ركه‌وته‌كانی جوانی ئاینیش به‌و به‌ركه‌وتانه ده‌كرێت كه ئاین وه‌ك ڕوحێكی زیندوویی ناو جه‌سته‌ی مرۆڤ سه‌یر بكرێت.
المصادر العربیة: معروف الرصافی: الشخصیة المحمدیة –الطبعه الخامسه بغداد – 2011
1-میشال مسلان - علم الادیان
2-فریدریك كوبلستون – تاریخ الفلسفه – المجلد الثالث – ترجمة امام عبد الفتاح الامام. 3-
3-بول دیفیز- الاقتراب من الله - الگبعه الاولى 1944.–– ترجمه منیر شریف. المركز القومی للترجمه – القاهره – الجزیره – الطبعة اولى 2010.
4-د.عباس عبد النور- محنتی مع القرا‌ن و مع الله فی القرا‌ن – طبعة خاصة- جمهوریه مصر العربیة – دمنهور 2004.
5-تالیف ابراهیم علی الغوری - هزا الكون - دار الاشراف العربی – بیروت – لبنان – ص. ب 6918/11.
6-اعداد امام عبدالفتاح امام - معجم دیانات واساطیر العالم (پلاپه اجزاو)–الناشر مكتب مدبولی 6 میدان- طباعت حرب – القاهره.
7-تألیف مصطفى محمود - رحلتی من الشك الى الایمان - دارالعوده بیروت1971
8-د . الشیخ محمد مجتهد الشبستری- قراو ه بشریه للدین - ترجمة احمد القبانجی – منشورات الجمل – بیروت – لبنان ص . ب -5438\113
9-- تألیف احمد القبانجی - الله والانسان –– منشورات الجمل – بیروت –لبنان.
10-الفلسفه الطبیعیه والالهیه – النفس والعقل عند ابی باجه وابن رشد- تألیف غیچان السید على- الناشر دارالتنویرللطباعه والنشر والتوزیع سنه 2009
11-رنیه دیكارت - تأملات میتافیزیقیه فی الفلسفه الاولى
12- ابن السینا –
13- الالهیات من كتاب الشفا- صدره 980ه – 1050م – دار روافد.
14-ارنولد تویبنی – بحپ فی التاریخ – ترجمه وتعلیق – ط باقر- المجلد الاول.
15- د. حسن یوسف - فلسفه ا‌لدین عند كیر كجارد.
16-الفن بلانتنجا – العلم والدین والطبیعانیه – ترجمه: یوسف العتیبی – تعلیق: محمد القرنی.
17-میرسیا الیاد – یوان ب. كوالیانو- معجم الادیان – ترجمه وتقدیم وتعلیق: خلید كدرى. گبعه الاولى 2018م
18-د.سلطان بن عبدالرحمان العمیری – ڤاهره نقد ا‌لدین فی الفكر الغربی الحدیپ – الجز‌و الپانی - الطبعه الپانیه 1439ه - 2018م.
19-د. محمد بن بسیس بن مقبول السفیانی – الاسس المنهجیه لنقد الادیان- دراسه فی سۆال المنهج ونڤریه البحپ – المجلد الاول – الطبعه الاولى 1437ه – 2016م.
سه‌رچاوه كوردیه‌كان:
1-جه‌مال حوسێن- فه‌لسه‌فه‌ى ئیسلامى ده‌ركه‌وتن تا كه‌وتن – چاپى یه‌كه‌م -2019 –
2-نه‌وزاد جه‌مال- فه‌لسه‌فه‌ى ئاین – چاپ 2016.
3-د. كاوه ئه‌حمه‌د – هیمداد شاهین - موقه‌ده‌س و دونیاى مۆدێرن
4-د.كاوه ئه‌حمه‌د – عه‌قڵ و ئیمان –
5-سه‌ید حوسه‌ین نه‌سر- گه‌ڕان به‌دواى موقه‌ده‌سدا – وه‌رگێڕانى له ئینگلیزیه‌وه: عه‌زیز یاسین.
6-سه‌ید حوسه‌ین نه‌سر- مرۆڤ و سروشت- وه‌رگێڕانى له ئینگلیزیه‌وه: عه‌زیز یاسین.
7-بێرنارد لویس - ئیسلام و خۆرئاوا- وه‌رگێڕانى له ئینگلیزیه‌وه: ره‌زوان حه‌سه‌ن، چاپ 2018.