له مێژووی كهونارهوه تا ئه‌مڕۆ، چه‌مك و دیارده‌ی توندڕۆیی ئاینی قورسایی و بارگرانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی دروست كردووه، ئازار و مه‌ینه‌تی زۆر و شه‌ڕ و ماڵوێرانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. داگیركاری به‌سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و وڵاتی جیاوازدا سه‌پاندووه، توندوتیژی، تیرۆر، جینۆساید و بگره ده‌یان دیارده‌ی تری هاوشێوه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و مرۆڤدا هێناوه. دۆخی ئێسته‌ی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نموونه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌م دیارده‌یه‌یه و پێویستی به شیكاریی بابه‌تی و زانستی هه‌یه.
له ڕوانگه‌ی توندڕۆ ئاینییه‌كانه‌وه ته‌نیا ڕێی به‌دیهێنانی ئامانجه پیرۆزه‌كانی ئاین و هاوكات جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی خودا له‌سه‌ر زه‌وی و ناو كۆمه‌ڵگه، گه‌یشتنه به لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری و بنیاتنانی سیستمێكی حوكمڕانی قۆرخكار و نابه‌رپرس له ئاست خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه. ئه‌م سیستمه ده‌سه‌ڵاتدارییه به‌شێوه‌ی گشتی ڕه‌وایه‌تیی خۆی له خودا و ئاینه‌وه وه‌رده‌گرێت. بۆیه ته‌نیا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێ له ئاست بابه‌ته ئاینی و چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه ئاینییه‌كاندا، به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه بكات.
ده‌ركه‌وتنی هزری توندڕۆیی ده‌سه‌ڵاتگه‌را، ده‌ره‌نجامی تێكچوون یان كاڵبوونه‌وه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه ئاینییه‌كان، په‌ره‌سه‌ندنی بێ بڕوابوون به ئاین و پشتگوێخستنی ئه‌ركه ئاینییه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه و له هه‌موویشی گرنگتر، ڕه‌نگ و فۆرمی ئایدۆلۆجیدانه به ئاین له‌پێناو به‌راوردكردنی سه‌رجه‌م ئاره‌زوو و داخوازییه‌كانی گرووپێكی دیاریكراو.
به‌گشتی زه‌وینه‌كانی ده‌ركه‌وتنی فكر و دیارده‌ی توندڕۆیی، بریتین له دروستبوونی درز و مه‌ودای كولتووری له نێوان توێژ و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دووركه‌وتنه‌وه‌ی توێژی ده‌سته‌بژێر و رووناكبیری كۆمه‌ڵگه له یه‌كتر، ده‌بێته هۆی لاوازیی كه‌شی گفتوگۆ و دانوستان له‌سه‌ر ئایدیا و ڕه‌فتار و پێڕه‌وه ئاینییه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه دۆخی سه‌پاندن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. ته‌نگژه و بنبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری، بێ سه‌روبه‌ره‌یی و تێكچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه و نه‌بوونی ڕێچاره‌ی گونجاو و كرداری بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، نه‌بوونی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ناسه‌قامگیری له كۆمه‌ڵگه، ده‌رفه‌ت و زه‌وینی ده‌ركه‌وتنی بیری توندڕۆیی و دروستبوونی ڕێكخراوی توندئاژۆ و ته‌نانه‌ت به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیشیان فه‌راهه‌م ده‌كات.
سه‌رچاوه‌ی به‌هێزی ئه‌م چه‌شنه ڕێكخراوانه له ڕوونی ئایدیاكان و چالاكی یه‌كانگیر و هاوته‌ریبی فكری و كرداریاندا نییه، به‌ڵكو راستییه‌كه‌ی بێ سه‌روبه‌ره‌یی كۆمه‌ڵگه و نه‌بوونی ده‌زگه و دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی و ڕووناكبیرییه كه گۆڕه‌پانه‌كه بۆ ئه‌وان جێدێڵێت. بزووتنه‌وه و ڕێكخراوی توندڕۆیی ئاینی، هاوشێوه‌ی ته‌ڤگه‌ره فاشیسته‌كانه و ڕێك له هه‌مان بارودۆخدا ده‌رده‌كه‌ون و گه‌شه ده‌كه‌ن. مه‌یل و خواستی دهسهڵاتگهرایانهی ئه‌مجۆره بزووتنه‌وانه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ته‌نیا ڕێی چاره‌سه‌ری كێشه و گرفته‌كان، گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات، بۆیه له ڕواڵه‌تدا داخوازی و داواكارییه‌كانی توێژه ناڕازی و هیوابڕاوهكهی كۆمه‌ڵگه به‌راورد ده‌كه‌ن.
له ڕوانگه‌ی توندڕۆیی ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی ئاینییه‌وه، به‌بێ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و هێز، مرۆڤ ناتوانێ به‌ره‌و سروشته ئاینییه‌كه‌ی ڕێنوێنی بكرێت. به‌واتایه‌كی تر، ڕێنوێنی ته‌نیا له‌ڕێی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌بێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئاین پێویسته ده‌ستوه‌ردان له ژیان و هه‌ر جۆره جووڵه و ته‌ڤگه‌رێكی تاك و كۆمه‌ڵدا بكات. له هه‌موو بابه‌ته دنیایی و ژیانییهكاندا وه‌ك سه‌رچاوه و لێڤهگهر (مه‌رجه‌ع) ڕۆڵ بگێڕێت. بۆیه پێویستی به قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، یه‌كه‌م ڕاستی ڕه‌هایه. دووه‌م ڕێكار و ڕێوشوێنی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردن وه‌ك ڕێكاری شه‌یتانی له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. سێیه‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هیچ جۆره ئاسته‌نگێك له به‌رده‌م خۆیدا ناهێڵێت و هیچ بوار و گۆڕه‌پانێكی نییه كه مه‌یدانی كار و چالاكی ئه‌و سنووردار یان ئاسته‌نگ بكات.
دیاره بنیاتنانی ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و چه‌شنه، پێویستی به دروستكردنی زه‌وینه و ئاماده‌كاری هه‌یه، سه‌ره‌تا و پێش هه‌ر شتێك ده‌بێ پێویستییه‌كانی هه‌بوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕه‌ها و نابه‌رپرسیاره، بۆ لایه‌نگرانی و بۆ گشت كۆمه‌ڵگه ڕوون بكرێته‌وه، بۆیه چیرۆك و ڕووداوه مێژووییه‌كانی سه‌رده‌می زێڕینی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی به‌بیر ده‌هێنرێنه‌وه و هه‌وڵ ده‌درێت ڕێبازی ئازادی و سه‌ربه‌ستبوونی مرۆڤ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه یان بڕواهێنان به ئاین، وه‌ك ڕێبازێكی ناسه‌ركه‌وتوو له قه‌ڵه‌م بدرێت و ڕێكاره دیموكراتییه‌كان به شه‌یتانی و ئه‌فسانه‌یی ده‌ناسێنرێن.
له كۆتاشدا به باوه‌ڕمه‌ندانی ئاین ده‌گوترێ به‌بێ به‌كارهێنانی هێز و توندوتیژی، ناتوانرێ فه‌رمانه‌كانی خودا جێبه‌جێ بكرێن و ئاین له‌ناو مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه په‌ره‌ی پێ بدرێت.
توندڕۆیی ئاینی سه‌رجه‌م كرده‌وه و چالاكییه‌كانی به پێوه‌ری ئاین ده‌ڕازێنێته‌وه و ڕه‌نگێكی ئاینییان پێ ده‌به‌خشێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌موو بابه‌ته فیقهی، ئه‌خلاقی، فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئاین به‌كار دێنێت. ئه‌م كاره‌ش ئه‌سته‌م نییه، چونكه له هه‌موو كۆمه‌ڵگه ئاینییه‌كاندا كۆمه‌ڵێك نه‌ریت و پێودانگی ئاینی هه‌ن كه ده‌كرێ سوودیان لێ وه‌ربگیرێت. هاوكات زۆر فه‌توا و ڕاسپارده‌ی جۆربه‌جۆر له‌لایه‌ن زانایانی ئاینییه‌وه (له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ) به‌رده‌ستن كه به كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌وانه، ده‌توانن خۆیان به پێڕه‌وی ڕاسته‌قینه‌ی ئاین به خه‌ڵك بناسێنن.
توندڕۆیی ئاینی خۆی له هه‌مووان پێ باشتر و زاناتره. گوتار، بیر، ڕه‌فتار و كرداره‌كانی خۆی وه‌ك ئاینی ڕاسته‌قینه به مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه ده‌ناسێنێت. به پاساوی جێبه‌جێكردنی ئامۆژگارییه‌كانی ئاین و په‌ره‌پێدانیان، ئیتر بڕیار و ڕاسپارده‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره ده‌رده‌كات. تێڕوانینی ئه‌وان بۆ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه هه‌مان تێڕوانینی باوی دهسهڵاتگهرایانهیه. ئه‌وان خۆیان له هه‌مووان پێ شایسته‌تره، بۆیه ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی به مافی خۆیان ده‌زانن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌مان جۆری بیركردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌كانی خۆیان بۆ ئاین به باشترین به‌رنامه و داڕێژهیهكی بێ جێگره‌وه بۆ ئیداره‌دان و ژیانی كۆمه‌ڵگه و مرۆڤ وێنا ده‌كه‌ن، بۆیه وه‌ك نوێنه‌ر و خه‌لیفه‌ی خودا له‌سه‌ر زه‌وی، پێڕه‌وكردنی ئه‌م به‌رنامه و رێبازه به ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆیان ده‌زانن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌و مافه به خۆیان ده‌ده‌ن كه له پێگه‌یه‌كی سه‌رووتر له كۆمه‌ڵگه‌وه بڕیار له‌سه‌ر ژیانی تاك و خه‌ڵك ده‌ربكه‌ن و چاره‌نووسیان دیاری بكه‌ن. هاوكات هه‌ر جۆره كاردانه‌وه، به‌رهه‌ڵستكاری، ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه و فكری جیاواز ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه. بگره ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وان بیر نه‌كاته‌وه و ملكه‌چیان نه‌بێت یاخۆ دژایه‌تییان بكات، مۆری لاده‌ر و ده‌رچوو له ئاینی ده‌خرێته سه‌ر، بۆیه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دژبه‌رانی ئاین، ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی پێڕه‌وانی ئاینه و به جیهاد ده‌ناسرێت. له جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئهركهیشدا به‌كارهێنانی هه‌ر جۆره ڕێباز و ڕێوشوێنێك یان كرده‌وه‌یه‌ك، حه‌ڵاڵ و ڕه‌وایه.
له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی توندڕۆی ئاینی زۆرن. ڕێكخراوی به‌مشێوه‌یه‌ش هه‌ن و ده‌ناسرێن. ڕێكخراوه ئاینییه ڕادیكاڵهكانی وه‌ك قاعیده، داعش، به‌ره‌ی نوسره و تاڵیبان و چه‌ندێكی تریش، ڕێك له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌ڕۆن، به‌ڵام نابێ تووشی هه‌ڵه بین و وا بزانین ڕادیكاڵیزمی ئاینی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ڕێكخراوهكاندایه، به‌ڵكو چه‌ندان ده‌وڵه‌تی ئاینی له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ن پڕ به‌پێست و به كرده‌وه وه‌ك توندڕه‌وه ئاینییه‌كان و بگره خراپتریش، دژ به خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.