ئەنجامی چاكسازی لەدایكبوونی سیستمێكی نوێیە

PM:02:35:06/07/2021 ‌
لە ساڵانی رابردوو بەدیاریكراوی لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، پاش بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەلایەن نووری مالیكییەوە و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، دوو تیۆر و بۆچوونی جیاواز لەبارەی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا سەریان هەڵدا. 

لایەنێك پێی وایە هەرێمی كوردستان بەبێ یارمەتی ناوەند، ناتوانێ كێشە ئابوورییەكانی چارەسەر بكات و تاكە ڕێی چارەسەر ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغدا. لە بەرانبەردا لایەنێكی تر پێیان وابوو بەغدا چیتر لە هیچ هەلومەرجێكدا ئامادە نابێت بودجە بۆ هەرێم ڕەوانە بكات. بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێم پشت بە خۆی ببەستێت و خۆی كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازەی خستە كارنامەی خۆیەوە. لەلایەك دانوستانێكی چڕوپڕ و درێژخایەنی لەگەڵ ناوەند لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بەڕێوە برد، دەرەنجام بە پشوودرێژی و لێوەشاوەییەوە، توانی لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجە بگاتە ڕێككەوتن. هاوكات و هاوتەریب لەگەڵ دانوستان لەگەڵ بەغدا، پڕۆژەیاسای چاكسازی بە هاوكاری و هاوبەشی لایەنە سیاسییە بەشدارەكانی حكوومەت، لە پەرلەمان تێپەڕاند و وەك یەكەم هەنگاو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی دەستی بە جێبەجێكردنی كرد.

لە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا، پشكی هەرێم لە چوارچێوەی مادەكانی ١١ و ١٢دا جێگیر كراوە، كەچی دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیوەی ساڵ و هەروەها سێ مانگ بەسەر تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە پەرلەمان، ئەو دوو مادەیەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی بەغداوە، جێبەجێ نەكراوە و بەردەوام پاساو و ڕێگری تازە لە بەردەم جێبەجێكردنی دەخرێنە ڕوو. 

ڕاستییەكەی لە عێراق دەوڵەتی شاراوە كە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەكرێت، دەسەڵاتی ڕەهای لە دەستە و بە عەقڵی شۆڤێنی و تایفی و بە ئەجێندا و مەبەستی دیاریكراو، نایەوێ و ناشهێڵێت ڕێككەوتن لەگەڵ كورد سەربگرێت یان جێبەجێ بكرێت.

لە دۆخێكدا كە هیواكان لەمەڕ جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا و گەیشتنی پارە لە عێراقەوە لە سفر نزیك دەبنەوە، كاتی ئەوە هاتووە كوردستان زیاتر تیشك بخاتە سەر پرۆسەی چاكسازی و پشت بەخۆی و داهاتی خۆی ببەستێت. 

ئەنجامدانی چاكسازی لە هەر وڵات و لەناو هەر سیستمێكدا دوو مەبەست و ئامانجی سەرەكی هەیە. 
یەكەم: سووككردنی باری گران و زیادەی سەرشانی حكوومەت و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەرمایەی گشتی (كەمكردنەوەی خەرجییەكان). 

دووەم: زیادكردنی داهات لەڕێی پەرەدان بە كەرتە جیاوازەكان (فرەچەشنكردنی سەرچاوەی داهات).

پرۆسەی چاكسازی چەند بنەما و پرەنسیپێكی فیكری و هزری پێویستە كە بە كورتی بریتین لە؛
یەكەم: چاكسازی بە تۆمەت بەخشینەوە و دروشم و بانگەشە و بەڵێنی بێ كردار ناكرێت، بەڵكو پرۆسەیەكی كردەییە و پێویستی بە كار و خەبات و چالاكی و هەوڵدانی بێوچان و ماندوونەناسانە هەیە.

دووەم: هەنگاوەكانی ئەنجامدانی پرۆسەكە پێویستە لەسەر بنەمای ڕاستی و واقیعی كۆمەڵگەی كوردستان دابڕێژرێن، نەك لاساییكردنەوە و كۆپیكردنی هزر و نموونەی دوور و واقیعی وڵاتانی تر.

سێیەم: پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسی و پێكهاتە و چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵ، بەشداری چالاك و كاریگەریان لە پرۆسەكەدا هەبێت و بە قەناعەت، متمانە، ئیرادە و پێداگری هەمەلایەنە و بە كۆدەنگی و یەكڕیزی ئاراستە بكرێن. چاكسازی بە یەك كەس یان یەك لایەن بە تەنیا ناكرێت، كوردەواری گوتەنی چەپڵە بە یەك دەست لێنادرێت.

چاكسازی پێویستی بە بوێری و هاوكات ئیرادەیەكی ڕاستەقینە هەیە.


چوارەم: چاكسازی پێویستی بە بوێری و هاوكات ئیرادەیەكی ڕاستەقینە هەیە. ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تاقمی مشەخۆر لە هەر سووچێكی كۆمەڵگە و ئیدارە و دەسەڵات، بوێری و ئیرادە و بەرنامەی تۆكمە و درێژخایەنی دەوێت.

پێنجەم: چاكسازی پرۆسەیەكی درێژمەودا و بەردەوام و هەمیشەییە، ئەنجامەكانی ڕەنگە بە زوویی دەرنەكەون. هاوكات پرۆسەیەكی چەشنی نەشتەرگەرییە كە ڕیشەی نەخۆشی وشك دەكات. بۆیە كارێكی ئەستەم و پڕ ئێش و ژانە. ژانەكە ژانی لە دایكبوونی سیستمێكی نوێن.