پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق؛ ئاستەنگی زۆرترن لە هاندەر

PM:01:09:13/06/2021 ‌
كەم و زۆر چوار مانگ بۆ ئەو وادەیە ماوە كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دیاری كراوە. هەموو ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە بەپێی پلان تەواو كراون. یاسای نوێی هەڵبژاردن لە پەرلەمان دەرچوو. پێداچوونەوە بە لیستی دەنگدەران كراوە و تۆماری نوێی ناوی دەنگدەران ئامادە كراوە. ناوی بەربژێرەكان و حزب و لایەن و هاوپەیمانییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن تۆمار كراون و بودجەی پێویست بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دابین كراوە و.. تاد. 

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بەڕێوەچوون یان بەڕێوەنەچوونی ئەم هەڵبژاردنە، هێشتا بەتەواوەتی دیار نییە و لە ژێر سێبەری ئەگەر و مەگەردایە. لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك كەس و لایەن و دامەزراوە باسی گرنگی و ڕۆڵی پرۆسەكە لە بەدیهاتنی گۆڕانكاری و وەرچەرخانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە عێراق دەكەن؛ هاوكات كەم نین ئەو كۆسپ و تەگەرە و بەربەستانە و هەوڵدان و پیلانی ژێربەژێر لە بەردەم ئەو پرۆسەیەدا بەدی دەكرێن. ژینگەی سیاسی ئاڵۆزی عێراق و پێكهاتە جیاوازەكان و دەستێوەردانی دەرەكی و...تاد، فاكتەرگەلێكی بەهێزن كە بەگشتی كاریگەری لە پرۆسەكە دەكەن و چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنە دیاری دەكەن.

بەشێوەیەكی گشتی لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەرێت فاكتەرە سەرەكییەكانی ئاستەنگ بۆ پەكخستن یان ئاڵۆزكردن و شێواندنی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕاڤە بكرێت.

یەكەم؛ یاسای نوێی هەڵبژاردن كە لە كەشێكی نائاسایی و ئاوارتەی خۆپێشانداندا و بە پەلەپڕوزەیی و پەلەپەل لەپێناو دامركاندنی جەماوەری ناڕازی و هێوركردنەوەی دۆخەكەدا، ئامادە كرا و زۆر كەموكوڕیی تێدایە و بەگوێرەی واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی عێراق، دانەڕێژراوە و خزمەتی حزب و لایەنە سیاسییە گەورەكان دەكات، دەرفەتی فرەدەنگی و فرەڕەنگی كۆمەڵگا و بەشداری كارا و كاریگەری لایەنە جیاوازەكانی تر لە پرۆسەی سیاسی ناهێڵێت.

دووەم؛ لایەن و حزب و هاوپەیمانە كلاسیكەكان كە بە درێژایی ١٨ ساڵی رابردوو دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە لە خوڵقاندنی ژینگەی ئاڵۆز و ناسەقامگیری ئەمڕۆی عێراق، بەفیڕۆدان و دابەزینی داهات و لە وێرانكردنی ئەم وڵاتەدا پشكی شێریان بەردەكەوێت، ناوێرن و حەز ناكەن خۆیان لە سەنگی مەحەكی دەنگدان و هەڵبژاردن بدەن و ئەنجامەكەیان لێ دیارە. بۆیە بەهەر شێوە و ڕێكارێك بێت هەوڵی پەكخستنی پرۆسەكە یان گۆڕینی ئاراستەكەی دەدەن.

سێیەم؛ ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەی كە لە ناوەڕاستی شەقامی عێراقەوە و دوابەدوای شۆڕش و خۆپێشاندانەكانی ٢٠١٩ و قۆناغەكانی دواتریش سەری هەڵداوە، هەژان و بوومەلەرزەیەكی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسەت و دەسەڵاتدارێتی وڵاتدا دروست كردووە. هەڵبژاردنی پێشوەخت و گۆڕینی سیستمی سیاسی و دەسەڵات یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپێشاندەران بوو. بەڵام كابینەی مستەفا كازمی كە بە دروشمی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران و ئەنجامدانی چاكسازی دەستبەكار بوو، نەیتوانی ببێتە مایەی ڕەزامەندی جەماوەر، بۆیە دەبینین كە چەندان بزووتنەوە و لایەنی سیاسی هەڵقوڵاوی خۆپێشاندانەكان، لەمدواییەدا خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كشاندەوە و جارێكی تر لە ٢٥ ی مانگی رابردو هاتنەوە سەر شەقام. پێدەچێت ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێی شۆڕش و ناڕەزایەتی جەماوەری بێت لە شەقامی عێراقیدا.

چوارەم؛ پێكهاتە ئەتنیكی و ئاینی و مەزەوییەكان لەسەر بنەمای ڕێككەوتن و هاوبەشی ئارەزوومەندانە لە پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی عێراقدا بەشدارییان پێ كرا. لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و جێگیربوونی پێگەی دەسەڵاتدارێتی شیعە لە عێراق، ئیتر بنەما سەرەكییەكانی سیستمی سیاسیی عێراقی نوێ پشتگوێ خران، ناوەندگەرایی و تایفییەت و شۆڤێنیزم بەرجەستە كران. لەم بارودۆخەدا هەوڵی كەمڕەنگكردنەوە و لاوازكردنی پێگەی پێكهاتەكان لە سیستمی سیاسی و تەنگاوكردنیان لەڕووی ئابوورییەوە دراوە، بەوپێیەش بێت هەڵبژاردن بۆ كورد و سوننە و پێكهاتەكانی تر بایەخێكی ئەوتۆی نابێت.

پێنجەم؛ بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆمەڵێك هێز و قەوارەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئەنجامدانی ڕیفۆرم و هەنگاونان بە ئاراستەی چاكسازی و جێگیربوونی سیستمێكی دیموكراتی، بەواتای لاوازبوون و كەمبوونەوەی هەژموونی و پیگەی سیاسی ئەوان دێت لە عێراق. بۆیە لەڕێی گرووپ و لایەنە شوێنكەوتوو و سێبەرەكانیانەوە، بە دوو ئاراستە هەوڵی پەكخستن یان بەلاڕێدابردن و بێ متمانەیی خەڵك بە پرۆسەكە دەدەن. لە ئەگەری بەڕێوەچوون هەڵبژاردندا هەوڵی سارد و سڕكردنەوەی كەشەكە و لە ئەنجامدا بەشداری كەمی جەماوەری دەدەن. لەو سۆنگەیەوە لایەنە شوێنكەوتوو و سێبەرەكانی خۆیان، جارێكی تر براوە دەبن و دەسەڵات و پێگە و هەژموونی ئەوان پارێزراو دەبێت.