پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١ له په‌رله‌مانه و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا. پێده‌چێت پرۆسه‌ی تاوتوێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه، پرۆسه‌یه‌كی قورس و ئاڵۆز بێت و په‌سندكردنی وه‌ك خۆی ئه‌سته‌م بێت.
قه‌یرانی فره‌ڕه‌هه‌ندی ئابووری، سیاسی، ته‌ناهی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رۆكی عێراقی گرتووه. ڤایرۆسی كۆرۆنایش میوانێكی ڕه‌زاقورسه كه سه‌رباری هه‌موو ئه‌و بارانه دۆخه‌كه‌ی قورس‌تر كردووه. له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا كۆمه‌ڵێك بابه‌ت له‌پێناو چاره‌سه‌ری به‌شێك له ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م قه‌یرانه جێگیر كراون، كه كاردانه‌وه‌ی جۆربه‌جۆری فراكسیۆنه سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی به دوادا هاتووه كه به نۆره‌ی خۆی گۆمه‌كه‌ی زیاتر شڵه‌قاندووه. هاوكات هه‌ندێ پرس و بابه‌تی سیاسی ناوخۆیی و ته‌ناهی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیش ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كارتێكه‌ری له‌سه‌ر كایه‌ی سیاسی له عێراق ده‌بێت، پێده‌چێت په‌رله‌مان له یه‌ك مانگی داهاتوودا ببێته مه‌یدانی زۆرانبازی و قۆڵبادانی فراكسیۆن و لایه‌نه جیاوازه‌كان و چاره‌نووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه، به‌نده به ئه‌نجامی ئه‌م ململانێ و ناكۆكییانه‌وه.
یه‌كه‌مین ئه‌و بابه‌تانه‌ی ڕه‌نگه له‌و رۆژانه‌ی داهاتوودا جه‌نجاڵی گه‌وره‌ی لێ بكه‌وێته‌وه، بابه‌تی مانه‌وه یان ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كانه له عێراق. هه‌رچه‌نده ئه‌م پرسه ناكه‌وێته ناو بابه‌تی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌وه، به‌ڵام پێوه‌سته به هه‌ژموون و باڵاده‌ستی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته ناكۆكییه‌كانیان یه‌كجار قووڵ بووه‌ته‌وه و عێراقیش كراوه به گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م ناكۆكییانه. كوشتنی قاسم سلێمانی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه و هه‌ڕه‌شه و كاردانه‌وه‌كانی ئێران و گرووپه چه‌كداره شیعه‌كان، ئاگره‌كه‌ی خۆشتر كرد. هه‌ردوو وڵات هه‌وڵی ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی عێراق ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ پێشهات و گۆڕانكارییه‌كان به‌لای خۆیاندا بشكێننه‌وه. بۆیه جێبه‌جێكردنی یاسای ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق /ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به لۆجیكی زۆرینه و به‌بێ به‌شداری كورد له په‌رله‌مان ده‌رچوو/ وه‌ك كارتێك له به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی كازمی به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی هه‌ندێك داواكاری فراكسیۆن سیاسییه‌كان له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١ به‌كار ده‌هێنرێت.
دووه‌مین بابه‌ت كه پێم وایه له په‌رله‌مان هه‌را دروست ده‌كات، بابه‌تی پشكی هه‌رێمی كوردستانه له بودجه‌ی ٢٠٢١ كه هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون. شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و قۆرخكاری عێراق كه به‌بیانووی شه‌ڕی تیرۆر و داعش توانی ده‌ست به سوننه‌دا بگرێت و تا ئاستێك له‌ناوی بدات، ئه‌وجاره سه‌ری ڕمه‌كه‌ی به‌ره‌و كورد سووڕاندووه. له ساڵی ٢٠١٤وه شه‌ڕێكی ئابووری له‌گه‌ڵ كورد هه‌ڵگیرساندووه. شۆڤێنیزمی تایفی عه‌ره‌ب كه له ساڵی ٢٠٠٣وه ته‌خشان و په‌خشانی به سامانی عێراق كردووه و گوێی به دۆخی ناله‌باری ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته نه‌داوه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گریسه ئابوورییه‌ی كه به‌سه‌ر كوردستانیدا سه‌پاندووه، له‌لایه‌ك بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵی و تاڵانی و پاشاگه‌ردانی و شكسته‌كانی له ئیداره‌دانی وڵات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌پێناو كپكردنی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك، شه‌قامی عێراقی چه‌واشه ده‌كات و وای ده‌رده‌خات گوایا هه‌رێمی كوردستان هۆكاره بۆ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له عێراق.
به‌ڵام له بنه‌مادا بودجه كراوه‌ته چه‌كێك و ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌كه‌وه ئیراده‌ی كورد بشكێنن و قه‌واره‌كه‌ی بسڕنه‌وه. بۆیه ئێسته كه كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردنیش به‌سه‌ر عێراقدا زاڵه، كورد بۆ جێگیركردنی پشكی خۆی و تێپه‌ڕاندنی له په‌رله‌مان كارێكی سه‌خت و دژواری له پێشه.
بابه‌تی لێبڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه حكوومه‌تی عێراق ناوی باجی لێ ناوه و هه‌روه‌ها دابه‌زاندنی نرخی دینار له به‌رانبه‌ر دۆلار، بابه‌تێكی تره كه مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت. لایه‌نه سیاسییه‌كان زۆرینه پشكیان له حكوومه‌تدا هه‌یه و له ئاماده‌كردن و داڕشتنی بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌دا به‌شدارن، كه‌چی له په‌رله‌مان و له‌ناو خه‌ڵكدا، به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز نواندن ده‌كه‌ن. هه‌ر خۆی پڕۆژه‌یاساكه پێش په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه درایه ڕاگه‌یاندنه‌كان تا كاردانه‌وه و هه‌ڵوێستی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه بزانن، دواتر به‌گوێره‌ی ڕاوبۆچوونی كۆمه‌ڵگه، لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌ڵوێست بنوێنن.
بۆیه له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن و له دۆخێك‌دا كه ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان له ئارادایه، پێناچێت ئه‌م بڕگه‌یه‌ی پڕۆژه‌یاساكه له په‌رله‌مان وه‌ك خۆی تێپه‌ڕێنرێت. كورتهێنانی بودجه‌ش له‌ڕێی زیادبوونی به‌های نه‌وت له بازاره جیهانییه‌كان و هه‌روه‌ها زیادكردنی ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت پڕ بكرێته‌وه.
بابه‌تی جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران، چاكسازی، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، ڕێكخستنه‌وه‌ی باج و ڕسوومات، كۆنتڕۆڵی ده‌روازه سنوورییه‌كان و كورتكردنی ده‌ستی هێزه چه‌كدار و میلیشیاییه‌كان، كۆتاهێنان به هه‌ژموون و باڵاده‌ستی میلیشیای چه‌كداری تایفی و گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت، كۆمه‌ڵێك بابه‌تن كه له دۆخی هه‌نووكه‌ییدا كه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته به‌ڕێوه‌یه و ته‌مه‌نی ئه‌م په‌رله‌مان و حكوومه‌ته ڕوو له كۆتایه، ته‌نیا وه‌ك قسه و گوتاری شیرین و بانگه‌شه‌ئامێز ده‌مێننه‌وه و هیچی لێ شین نابێت.
چونكه ئه‌م دۆسیانه به‌گشتی ئه‌وه‌نده ئاڵۆز و زه‌به‌لاحن، ناتوانرێ به‌م په‌له‌پڕوزێیه و له چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا چاره‌سه‌ری بۆ ببینرێته‌وه. كوا بیر به ده‌رزی ده‌كۆڵرێت؟ هه‌تا ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه بخرێته سه‌ر پشتی یاسای بودجه‌ی ساڵێك.