١٠٦ ساڵ به‌سه‌ر تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌لایه‌ن عوسمانییه‌وه تێپه‌ڕی، تێیدا نزیكه‌ی ملیۆن و نیوێك مرۆڤی ئه‌رمه‌نی و كورد بوون به قوربانی. به جینۆساید ناساندنی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه له‌لایه‌ن جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی جینۆساید دوای ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه، پێشهاتێكی گرنگ و جێی سه‌رنجه.
ئه‌و هه‌نگاوه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌گه‌ری ئاڵۆزبوونی پێوه‌ندی ستراتیجی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا، زۆر بوێرانه بوو، گرنگی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بایدن و ئه‌مه‌ریكا له‌ڕووی سیاسی، یاسایی و مافی مرۆڤه‌وه بۆ به‌هێزی پێگه و ڕۆڵ و كاره‌كته‌ری ئه‌و وڵاته ده‌گه‌ڕێته‌وه له پانتایی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا.
به‌ناوكردنی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه وه‌ك جینۆساید، له‌لایه‌ن زلهێزێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌مه‌ریكاوه، ده‌توانێ پاڵنه‌رێكی به‌هێز بێت بۆ وڵاتانی تر و هانی ڕێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و له سه‌رووشیانه‌وه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بدات، ئه‌م تاوانه و زۆر تاوان و كوشتاری هاوشێوه له شوێن و وڵات و جیۆگرافیا و به پاساوی جیاواز ڕوویان داوه، وه‌ك جینۆساید و تاوان له دژی مرۆڤایه‌تی به‌ناو بكه‌ن، هه‌نگاو و ڕێكاری كرده‌یی بۆ سزادانی تاوانبار و قه‌ره‌بووی قوربانیان، له هه‌مانكاتدا ڕێگری له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕووداو و تاوانی هاوشێوه، بگرنه به‌ر.
هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و ئه‌رمه‌ن، هه‌زاران ساڵه له‌سه‌ر ئه‌م خاكه و به تێكه‌ڵاوی و هاوبه‌شی و ئاشتی و برایه‌تی، پێكه‌وه ده‌ژین. كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و ڕێزلێنان له یه‌كتر و جیاوازییه‌كان، كولتوور و نه‌رێتێكی هاوبه‌شی مێژووی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌یه.
له‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئه‌رمه‌نه‌كاندا هات، كوردیش بێبه‌ش نه‌بووه و ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیی كورد وێڕای خوشك و برا ئه‌رمه‌نه‌كانیان، له‌لایه‌ن ڕه‌گه‌زپه‌رسته تاوانباره‌كانی عوسمانییه‌وه قه‌ڵاچۆ كران، به‌ڵام له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو و به‌سه‌رهاته مێژووییه‌كانی ئه‌و قۆناغه و به دیاریكراویش ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌و به‌شه له مێژوو و راستییه‌كانی پشتگوێ ده‌خرێن و به پێچه‌وانه‌وه كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی قوربانی ئه‌و تاوانه‌یه، له ساڵانی دواتر به هاوكاری ده‌وڵه‌تی عوسمانی و به‌شێك له ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كه، تۆمه‌تبار ده‌كرێت.
شێواندن و په‌رده‌پۆشكردنی به‌شێك له راستییه‌كان و به‌لاڕێدابردنی مێژوو، به مه‌به‌ست و نیازێكی دیاریكراو له‌لایه‌ن شۆڤێنیزمی تورك و هاوكاره رۆژئاواییه‌كانیانه‌وه ئه‌نجام درا، باجێكی قورسی بۆ كورد هه‌بوو.
كورد كه خۆی قوربانی كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژییه‌كه بوو، له ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته چه‌واشه‌كارانه‌یه‌دا، جارێكی تر كرایه قوربانی و وه‌ك تاوانبار و هاوكاری عوسمانییه‌كان ناسێنرا.
له‌و هه‌لومه‌رجه تایبه‌ت و هه‌ستیاره‌ی دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا، كه سه‌رله‌نوێ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیزاین كرایه‌وه، گه‌لی كورد به ناحه‌ق سزا درا و په‌راوێز خرا، وڵاته‌كه‌ی پارچه كرا و گه‌له‌كه‌یشی كرایه كۆیله و بنده‌ست و پاشكۆی تاوانبارانی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه.
ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه و ده‌یان و سه‌دان تاوانیتری هاوشێوه، خه‌ڵات كران و بوون به خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و قه‌واره و سه‌روه‌ری، كوردیش كرایه قۆچی قوربانی و له ماوه‌ی زیاتر له سه‌ده‌یه‌كدا، ده‌یان و سه‌دان كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژی و جێنۆسایدی جه‌سته‌یی، كولتووری، سیاسی، یاسایی و ئابووری به‌سه‌ردا هێنرا و دنیاش له ئاست ئه‌م هه‌موو ناحه‌قییه چاوی نوقاندووه و بێده‌نگه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌نده دره‌نگ كه‌وتووه له‌وانه‌یه وه‌ك پێویست نه‌توانێ چوارچێوه‌ی ڕواڵه‌تی و دروشماوی و پڕوپاگه‌نده‌یی تێپه‌ڕ بكات. به‌ڵام ده‌كرێ وه‌ك ڕه‌وتێكی دادپه‌روه‌ری لێك بدرێته‌وه و بكرێته زه‌وینی كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو و چالاكی باشتر.
بۆ ئێمه‌ی كورد، ئه‌م هه‌نگاوه گرنگی تایبه‌تی هه‌یه، چونكه چه‌ندان كاره‌ساتی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵكوژیمان له ئاست و قۆناغی جیاوازدا به‌سه‌ر هاتوون، پێویسته مرۆڤایه‌تی به هه‌مان چاوی دادپه‌روه‌رییه‌وه سه‌یریان بكات.
كیمیاباران، ئه‌نفال، فه‌رمانی سه‌ر ئێزیدی له سه‌ره‌تای هاتنی داعش و چه‌ندان بابه‌تی تر، هه‌موویان كۆمه‌ڵكوژی و جێنۆسایدن، به‌ڵام تا ئێسته‌یش كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌و ڕوانگه‌یه‌وه سه‌یری نه‌كردوون و گرنگی پێ نه‌داون.
ده‌كرێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌ك جێنۆساید، جۆرێك كرانه‌وه بێت به‌ڕووی زۆر دۆسیه‌ی هاوشێوه‌دا.