توندوتیژی دژی ژن له ئاستی دنیادا بەشێوەی جیاواز هەیە، زۆر کاتیش ھه‌موو میدیاكانی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، بنەماکەشی دەگەڕێتەوە بۆ كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریی، به‌و پێیه توندوتیژی دژی ژنان كات و شوێنی نییه و ھه‌موو كۆمه‌ڵگەی مرۆڤایه‌تی چ به پێشكه‌وتوو و چ دواكه‌وتوو، به‌جۆری خۆیان توندوتیژی ده‌نوێنن. ژنان له له‌لایه‌ن باوك، برا، ھاوسه‌ر، كه‌سوكاری نزیك وه‌ك خاڵ، مام و ته‌نانه‌ت ئامۆزا و خاڵۆزایش، ڕووبەڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه، به‌ڵام له هه‌مووی ناخۆشتر بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌وه‌یه، كوشتن كه دواخاڵی توندوتیژییه لای ئێمه، باڵای كردووه و به‌رده‌وامه. دەرکەوت دەزگای یاسادانیش شوێنێکی ئەمان نییە.
به‌پێی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی چالاكانی مافی مرۆڤ و ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی كه داتایان تۆمار كردووه، توندوتیژی دژی ژنان جگه له‌وه‌ی كاریگه‌ریی نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر ژن وه‌ك تاك، كاریگه‌رییه‌كی زۆر مه‌ترسیداریشی له‌سه‌ر ته‌ندروستی خێزان و كۆمه‌ڵگه هه‌یه و ده‌بێته ھۆی ئه‌وه‌ی شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه لێك بترازێت. كاتێكیش وەک لای خۆمان ده‌گاته كوشتن، دۆخەکە ته‌واو قێزه‌ون ده‌بێ و وه‌ك ده‌ڵێن "ئاو راده‌وه‌ستێ”، چونکە رووداوێكی ئه‌وه‌نده دڵته‌زێنه و گوزارشته له ئاستنزمی بیركردنه‌وه‌ی پیاوی كورد.
توندوتیژی دژی ژن تەنانەت ئەگەر کوشتنیش نەبێ، ئه‌نجامی زۆر مه‌ترسیداری بۆ سه‌ر ته‌ندروستی و دەروونی ژن هه‌یه، لێكۆڵینه‌وه‌كان توندوتیژیی دژی ژنان و كچانیان به‌سته‌وه به كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه، هاوکات دەرکەوتووە هه‌ندێك له هه‌ڵسوكه‌وته مه‌ترسیداره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هاوبەشن له نێوان قوربانییه‌كاندا. بۆیە دەبێت کار لەسەر کرانەوە و جوانکردنی دنیابینی کۆمەڵگە بکرێت بەرانبەر ژن، لایەنی کەم لە رێزی دایکەوە بڕواننە هەموو ژنێک بۆ ئەوەی بەچاوی نزم سەیری نەکەن. و کەی رەفتارێکیان بەدڵ نەبوو بیکوژن.
دۆخەکە لە کوردستان مەترسیدارە، ئەوەتا لای ئێمە لە دەزگای یاسادانانەوە بە سووکی سەیری ژن دەکرێ بە ئاشکراو و بێشەرم بەرانبەر سەرۆکی دەزگاکەکە کە ژنە، ئێستە ئیتر روونە لە چ زەلکاوێکدا چەقیوین، بۆیە دەبێ بەخێرایی بیر بکەینەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست بنیات بنێین، بەپێچەوانەیشەوە دەبێت دڵنیابین هەرچی پێشکەوتنە بەدەستی بێنین، لە دنیادا ژن‌کوژی دەبێ بە ناوبانگمان، کەواتە با کار لەسەر پەروەردەیش بکەین و تاکێکی تێگەیشتوو ببەخشین بە کوردستان.
سووکایەتییەکەی پەرلەمانی کوردستان کە لە دەمی پەرلەمانتارێکی خێڵەکی کۆنەپەرستەوە دەرچوو، دەبێت بمانبات بۆ تێگەیشتن لەو مەترسییەی کە هیچکوێ ئەمان نییە بۆ ژن، چیتریش داودەزگای وڵات و لایەنەکان بەررپرسیارانەتر کادرەکانیان بۆ پۆست دەستنیشان بکەن، من زۆرم هێنا و برد و لەو قسەیەم کۆڵییەوە بزانم چ مەبەستێکی هەبوو، نەگەیشتمە هیچ ائەنجامێک جگە لەوەی کەسێکی بازاڕی بێ ئاستە و قسەکەی پێگوتراوە یان لە میدیاوە گوێی لەو بابەتانە بووە و بێ ئەوەی لێی تێبگات مێینەی مۆدێلی لەبەر کردووە و رەنگە بەدرێژایی رۆژەکە لەبەر خۆیەوە هەر وتبێتی مێینەی مۆدێل بۆ ئەوەی بیری نەچێ، بۆیە کە دەمی کردەوە یەکسەر رشایەوە بە ژن. و مێینەبووندا لەکاتێکدا پێوەندی بە باسەکەی پەرەمانەوە نەبوو.
سەیر لەوەدا بوو دواتریش کە روونکردنەوەیدا ئەوەندەی تر دەریخست کەسایەتیشی زۆر لاوازە، دەیویت من وتمە "مێ” کە زۆر شت دەگرێتەوە، وەرە مرۆڤ ئەوەندە سەرەتایی بیت نەزانی تۆماری ڤیدیۆیی هەیە و دوو سەعاتی بەسەردا نەچووە. بەهەرحاڵ تۆی پەرلەمانتار ئاستت ئەوەندەیە، بەڵام من وەک ژن ئەو سووکایەتییە قبوڵ ناکەم و دەبێت ئەم ئەقڵانە رامانبچڵەکێنن، چونکە ژیان دکەوێتە مەترسییەوە ئەگەر ئەوان بڕیاردەر بن.