میلیشیا.. مەترسییەكی هەمیشە ئامادە لەسەر عێراق

PM:12:17:18/08/2021 ‌
چەمكی میلیشیا لە عێراقی هاوچەرخدا، بۆ ئەو گرووپە چەكدارانەی شیعە بەكار دێت كە بە تێكڕا زیاتر لە 42 گرووپی بێ سیستم و پێ پەتی و چەك بەدەستن. ئەمانە بە ناوی حكوومەتی عێراق یان وەك بەشێك لە حكوومەتی عێراق رۆڵ دەبینن، زۆرجاریش حكوومەت رەت دەكەنەوە و ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەكەن كە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و مەزەوەكەیان بەكەڵكە. 

میلیشیای شیعە لە ناوەڕاستی 2014 لەسەر فتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعە دامەزرا، لەوكاتەی تیرۆریستانی داعش نزیك بوون لە فڕۆكەخانەی بەغدا و عەرشی دەسەڵاتی شیعە لە لەرزیندا بوو، بەڵام دواتر ئێران دەستی بەسەردا گرتن و لە شەڕی تیرۆرەوە ئەركەكەی گۆڕین بۆ شەڕی هاوپەیمانان و لێدان لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، لە بەرانبەردا ئەمەریكایش چەند گورزێكی كوشندەی تێسرەواندن، لەم نێوانەدا مرۆڤ تەنیا یەك شتێك هەستی پێ كردبێت، نەبوونی حكوومەت بوو لە عێراقدا. كەواتە بە روونی دیارە ئەم میلیشیایانە چیتر كۆنترۆڵیش ناكرێن و هەركات بیانەوێ، هەموو شتێكی عێراق دەشێوێنن.

گرووپی حزبوڵا، عەسایب ئەهلحەق، سوپای مەهدی و ڕێكخراوی بەدر، دیارترین گرووپە یاخییەكانن كە هیچ فەرمانێك لە عێراقیش وەرناگرن، ئەوانە سەرپەرشتی ژمارەیەكی گرووپی بچووكتریش دەكەن كە بەردەوام خەریكی خراپەكارین و لەم كاتەدا كە رووداوەكانی ئەفغانستان دەبینین، دەبێ هەستیارتر بیر لە داهاتووی عێراق بكەینەوە و ماڵی كوردستان زۆر جێگیر بكەین، ئاخر لە حاڵەتێكدا ئەمەریكا دەست لە عێراق بەربدات، رەنگە وڵاتەكە وا بشێوێ نەیناسینەوە.

میلیشیاكان بەجۆرێك ناڕێكخراون كە لە نێوان خۆیشیاندا شیعەگەراییان دابەش كردووە، هەندێكیان كە كەمێك ئینتیمای وڵاتیان هەیە، سەربە مەرجەعیەتی نەجەفن و ئەوانیتریش سەربە ئێرانن، كەواتە شەڕی ناوخۆیشیان چاوەڕوانكراوە. بەڵام بۆ ئێمەی كورد ئەوەی گرنگە ئەوەیە لە ئێستەوە حكووومەتی هەرێم هەموو حیساباتەكانی داهاتوو لەیەك بداتەوە و بیر لە مان و نەمانی ئەمەریكایش بكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرچاومان ڕوون بێت كە ژیانی داهاتوومان لە هەموو حاڵەتەكاندا چۆن دەبێت. 
چاوەڕوان دەكرێ ئەم میلیشیایانە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی بەرچاو بهێنن

ئێستە كە هەڵبژاردن نزیكە و ئەگەری كردنی زیاترە لە دواخستنی، چاوەڕوان دەكرێ ئەم میلیشیایانە كە حزبی سیاسیشیان دروست كردووە و فراكسیۆنی پەرلەمانییان هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی بەرچاو بهێنن و بە ستەم و زۆرداریش دەنگی ناوچەكانی سوننە بشێوێنن یان بیخەنە بەرژەوەندیی خۆیانەوە. كەواتە لە پەرلەمانی داهاتوویشدا دۆخەكە هەر شێواو دەبێت و دوور نییە پێكهێنانی حكوومەت كاتی زۆر زۆر بخایەنێت. چونكە بابەتەكە یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندیی رۆژئاوا و ئێرانە، هەردوولا دەیانەوێ حكوومەت هی خۆیان بێت، بەڵام دەبێ ئەگەری ئەوە بخەینە بەرچاو كە حكوومەتەكە بەدڵی میلیشیاكان نەبێت، رەنگە شەڕ هەڵگیرسێنن و دەست بەسەر عێراقدا بگرن.

بەگشتیی، ئەم میلیشیا چەكدارانەی شیعە مەترسییەكی هەمیشەیین و وەك مۆتەكە بەسەر عێراقەوەن، هەركات بیانەوێ دۆخەكە دەشێوێنن، تەنانەت گوێ نادەنە راپۆرتەكانی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشێلكارییە زەقەكانیان و هەموو راپۆرتەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش پشتگوێ دەخەن. بۆیە دەبێت حكوومەتی عێراق زۆر وریای خۆی بێت و بەهەر جۆرێك بێت چەكداماڵین بسەپێنێت و هەموویان بخاتەوە ناو سوپا، هەرچەندە ئەمەش سەختە و ئەوانە لە پەرلەمانەوە بە یاسایی كراون، بەڵام لە مانەوەی ئەو میلیشیایانەدا، بوون و نەبوونی حكوومەت لە عێراق، شتێكی فشۆڵە.