پەكەكە وەك میوانیكی شەڕانی

AM:09:13:17/06/2021 ‌
پەكەكە دەبێ لەوە تێبگات كە لە باشووری كوردستان میوانە نەك خاوەن ماڵ، باشیش دەزانین لە دروستبوونی ئەم ھەرێمەوە تا نووكە، بەردەوام پەكەكە كێشە بووە لە بری چارەسەر بێت، ئەوەش روونە كە بووەتە هۆكاری ئەوەی توركیا سنوور ببەزێنێت، چونكە پەكەكە بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی هەستیار و ناسكی هەرێم نەكردووە.

 هەمیشە ئەم حزبە چەكدارە ماڵوێرانی ھێناوە بۆ سەر ژیان و ژینگەی كوردستان و كاولكردنی گوندەكان، لە ناوچە سنوورییەكاندا خەڵك ناچار كراوە گوندەكان چۆڵ بكەن لە ترسی گیانی خۆیان و ڕۆژ دوای ڕۆژ پەكەكە داگیركارییەكانی خۆی زیاتر دەكات، باج لە خەڵكی گوندەكان بەزۆر وەردەگرێت وەك ئەوەی خاكی باوباپیرانمان موڵكی پەكەكە بێ، بۆیە بە ئارەزووی خۆی و رەزاقورسانە ژیانی لێ تێكداون.

پەكەكە گرووپی ئایدۆلجییە و ھەموو ھێزەكانی تر رەت دەكاتەوە و گوێ بە قوربانی و مێژووی ئەو ھەرێمە نادات كە ئەوان رۆژێك بۆی ماندوو نەبوون، ئەوان ھاتوون وەك كرێچییەكی بێخەم یان میوانێكی شەڕانی ھەر رۆژە و كێشەیەك تووشی ئێمە دەكەن، بەڵام ئیتر دەمانەوێ راستیان بكەینەوە و پێیان بڵێین ئێرە مەیدانی خەباتی ئێوە نییە و پێویست نین بۆ ئێمە، كەچی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و  رۆڵەكانمان شەھید دەكات.

فەرموون ئەگەر دۆزێك بەناوی كوردەوە لە بەرنامەتاندا ماوە، ئەوە توركیایە و بڕۆن تێبكۆشن بۆ ئازادی، ئێمە خۆمان ئازاد كردووە و باوباپیرانمان قوربانیان دا، ئێوەش لەپێناو ستەمی سەر باكور قوربانی بدەن تا ئازادی، نەك ئەوێ چۆڵ بكەیت و فشەفش بەسەر ئەم خاكە ئازادەدا بكەی.

بەردەوام حكوومەتی هەرێم 
 تكا دەكەم پەكەكە گۆڕەپانی شەڕ لە كوردستان دوور بخاتەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتی سڤیل نەبنە قوربانی سیاسەتە چەوتەكانی ئێوە، لەلایەكی تریشەوە، لەبری خێروبێر بۆ رەنجدەر و جووتیاراتی كورد، ئەوەتا سەرانە وەردەگرن و ژیانتان لێ تاڵ كردوون تا بەناچاری گوندەكانیان چۆڵ بكەن، ئەرێ پێمان ناڵێن ئێوە خەریكی چین؟ لە هەركوێ كورد هەیە سەرتان لێ شێواندووە و دوژمنەكەش بە ئیسراحەت و ئارام دەخەوێت و دڵنیایە چەكی ئێوە نابێتە مەترسی بۆی.