سه‌رهه‌ڵدانی په‌تا و نه‌خۆشیی نوێ یان دووباره ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی په‌تاكانی پێشوو، هه‌رده‌م لای زانا و پزیشكان چاوه‌ڕوانكراو بووه، په‌تای نوێی كۆرۆناش covid_19 نموونه‌ی هه‌ره زیندووی یه‌كێك له‌و په‌تا جیهانییه سنووربڕانه‌یه كه به شێوه‌یه‌كی خێرا بڵاو ده‌بێته‌وه، لێكه‌وته‌ی ئابووریی، سۆسیۆلۆجی و سیاسی.. هتد، كورتمه‌ودا و درێژمه‌ودای خۆی هه‌یه؛ ئه‌م نووسینه هه‌وڵێكی ساده‌یه بۆ تیشك خستنه‌سه‌ر ئه‌م په‌تایه و لێكه‌وته فره ڕه‌هه‌نده‌كانیه‌وه.
یه‌كه‌م تووشبووی كۆرۆنا له 17ی تشرینی دووه‌می 2019 له كه‌سێكی 55 ساڵ له ناوچه‌ی "هۆبی_ووهان"ی چین ده‌ستنیشان كرا؛ له‌و ساته‌وه تا كۆتایی كانوونی یه‌كه‌م، ڕۆژانه یه‌ك تا پێنج نه‌خۆش تۆمار ده‌كران، له سه‌ره‌تا پزیشكان وه‌ك په‌تایه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرد، به‌ڵام له 27ی كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵ، "تشانگ جیكسیان"ی پزیشك به ده‌سڵاتدارانی چینی ڕاگه‌یاند كه له به‌رده‌م ڤایرۆسێكی نوێدان له جۆری "كۆرۆنا"یه و بێ چاره‌سه‌ره.
به دابڕان و كه‌ره‌نتینكردنی ناوچه‌ی ووهان یه‌كه‌م رێكاری خۆپاڕێزی جێبه‌جێ كرا، پاشان به‌خێرایی مه‌ترسییه‌كانی به دنیادا بڵاو بووه‌وه، له سه‌ره‌تا زۆربه‌ی وڵاتان گه‌شته بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ چین، دواتر له‌گه‌ڵ ئێران ڕاگرت، به بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری په‌تاكه له زۆرینه‌ی وڵاتان، هاتۆچۆی بازرگانیی نێوان وڵاتان وه‌ستێنران و زۆر كارگه داخران و كه‌رتی بازرگانی و گه‌شتیاری په‌كیان كه‌وت، داخوازی له‌سه‌ر كڕینی نه‌وت كه‌م بووه‌وه و نرخه‌كه‌ی بۆ خوارترین ئاست دابه‌زی، به‌مه‌ش جووڵه و كارلێكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان وڵاتان و بگره ناو وڵاتانیش نیمچه ئیفلیج بوو.
بێگومان لێكه‌وته ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی كۆرۆنا له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر به‌گوێره‌ی ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری و پشه‌سازیی وڵاتان، پێشكه‌وتنی ته‌ندروستی، ئاستی دیموكراسی، تۆكمه‌یی سیستمی حوكم، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ئایدۆلۆجیا و ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه جیاوازه. بۆ نموونه ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن گه‌شه‌یه‌كی ئابووری و سه‌رمایه‌ن و یه‌ده‌گی خۆراكی و كاڵای پێویستیان هه‌یه، ده‌توانن زیاتر به‌رگه‌ی كۆرۆنا و ئه‌و ته‌نگژانه بگرن كه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌كاربه‌رن و ژێرخانێكی پیشه‌سازی و ئابووریی پته‌ویان نییه و له‌ڕووی سیستمی ته‌ندروستییه‌وه لاوازن، سه‌رچاوه‌ی داهاتیان به نه‌وته‌وه به‌نده، ئه‌وا پتر به‌ده‌رهاویشته‌كانیه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌م وڵاتانه‌ی خۆیان له ڕووی ئابووری و ته‌ندروستی و حوكمڕانی لاوازن یان له بۆشاییدان، زیاتر دووچاری قوربانی و برسێتی و ته‌نگژه‌ی مه‌ترسیدارتر ده‌بنه‌وه.
وه‌ك ئاماژه‌مان پێی دا، به‌هۆی كۆرۆناوه دنیا جۆرێك سڕبوونی به‌خۆیه‌وه بینیوه، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه لێكۆله‌ران "جیهانیبوون" وه‌ك "سیستمی خێرایی له گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه و كاڵا و خه‌ڵك و بیر و كولتوور" ده‌خه‌نه ژێر پرسیار. چه‌پڕه‌وه‌كان وه‌ك نه‌ریتی خۆیان به ته‌نگژه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری هه‌ژماری ده‌كه‌ن، باس له قۆناغێكی تری مرۆیی ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیشان به سه‌ره‌تای كۆتایی سه‌رمایه‌داری ته‌ماشای ده‌كه‌ن. ناسیونالیسته‌كان وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ بووژانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی وێنای ده‌كه‌ن، گه‌ڕانه‌وه بۆ پێڕه‌وی سیاسه‌تی پاراستنی ئابووری و به‌نه‌ته‌وه‌ییكردنی كه‌رته گرنگه‌كانی پیشه‌سازی و گێڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت به پێویست ده‌زانن.
هه‌رچی سیستمه تۆتالیتێره‌كانه یان گرووپه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كانه، كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی وه‌ك پاساوێك به‌كار ده‌هێنن بۆ توندتركردنی حوكمڕانیان، به‌تایبه‌ت له هه‌ندێك وڵاتانی شكشتخواردووی پر له ئاژاوه‌ی وه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه ببێته قۆناغێكی تر له پاشه‌كشێی دیموكراسی و ناسه‌قامگیری و هه‌ڵسانه‌وه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان.
له‌ڕووی سایكۆلۆجی تاكه‌وه، كۆرۆنا خه‌ڵك زیاتر له یه‌كتر دوور ده‌خاته‌وه، به‌مه‌ش به‌ها تاكگه‌راییاكان ورده ورده شوێنی به‌ها گرووپگه‌راكان ده‌گرێته‌وه، مرۆڤ زیاتر بۆ خۆپه‌رستی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆنه و نه‌ریته به‌كۆمه‌ڵه‌كان لاواز ده‌بن. ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ناسیونالیسته‌كان، له‌وانه‌یه له دوورمه‌ودا و له قۆناغی دوای كۆرۆنا "تاكگه‌رایی- لیبرالیزم - جیهانیبوون" به‌هێزێكی به‌گوڕتر له جاران باڵ به‌سه‌ر دنیادا بكێشێته‌وه.
له ڕووی سایكۆلۆجیای جاماوه‌رییه‌وه، كۆرۆنا به‌هۆی لێكدابڕاندنی خه‌ڵك به‌گشتی له‌یه‌كتر و كه‌ره‌نتین و گۆشه‌گیركردنی له ماڵان‌دا، ئه‌مه جگه له بێكاربوونی و كه‌مكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات، بارێكی ده‌روونیی پڕ له په‌ستی و نیگه‌ڕانی و تووڕه‌یی دروست كردووه، به جۆرێك له زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیا خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات كه‌وتوونه‌ته دوو به‌ره‌ی دژبه‌یه‌كی ڕانه‌گه‌یه‌نراو كه دوور نییه به هه‌ر بیانوویه‌ك خه‌ڵك بڕژێنه سه‌رشه‌قام و په‌ستیی خۆیان به دامه‌زراوه‌كان و بازاڕ و هه‌رشتێك ڕێیان لێ بگڕێت دابڕێژن و خۆیان به‌تاڵ بكه‌نه‌وه.
ئه‌مه‌ی ئه‌م دۆخه قورس‌تر ده‌كات، به سیاسیكردنی كۆرۆنا و بابه‌ته‌كانی تری له‌لایه‌ن هێزه ڕكابه‌ره‌كانه، باشترین نموونه؛ هه‌ڵڕژانی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌وروپایه بۆ سه‌رشه‌قام وه‌ك ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر كوشتنی جۆرج فلۆیدی ڕه‌شپێست له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌مه‌ریكاوه كه به‌هۆیه‌وه له جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكاوه تا ئێسته، یه‌كه‌م جاره سوپای ئه‌مه‌ریكا بێته سه‌رشه‌قام بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كان.
هه‌رچۆنێك بێت، ئاكامه‌كانی كۆرۆنا ته‌نیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ته‌ندروستیی خه‌ڵك نییه، به‌ڵكو له هه‌موو ڕه‌هه‌نده ئابووری و پیشه‌سازی و سایكۆلۆجی و سۆسیۆلجییه‌وه تا ده‌گاته ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌كان ده‌رهاویشه‌ی خۆی هه‌یه، به جۆرێك ده‌كرێ بگوترێت مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ كۆرۆنادا، قۆناغێكی ده‌رباز كرد و دوای كۆرۆنا قۆناغێكی تر ده‌ست پێ ده‌كات كه هێشتا زۆربه‌ی نیشانه‌كانی به‌سه‌ر سیستمی ناوخۆی وڵاتان و به‌سه‌ر سیستمی جیهانیدا ناڕوون و ته‌ماوین.