گەنج بە رەنج

PM:02:39:26/06/2021 ‌
بەهۆی كۆچی بەلێشاوی گەنج بۆ دەرەوەی وڵات و بەتایبەت ئەوروپا، مەترسییەكی گەورە لەسەر ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان هەیە، كاتێك دەبینین توێژی گەنج لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان كە نەوەی تازەی ئەم گەلەن، بەلێشاو كۆچ بەرەو وڵاتان دەكەن، دوای بڕینی دەیان بەربەست و مەترسی لەسەر ژیانیان، پارەیەكی زۆر بە فیڕۆ دەدەن و بێگومان ناشگەن بەو ژیانەی كە لە وڵاتی خۆیاندا بە شایستەیی دەیكەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەمە دیاردەیەكی ترسناكە و دەبێ قسەی لەسەر بكرێت، چونكە وڵات پێویستی بە وزەی گەنجە.

بەهۆی كۆچەوە، مەترسییەكانی نەمانی گەنج و زۆربوونی توێژی بەساڵاچوو لە چەند ساڵی داهاتوو ڕووە و زیادبوون دەچێت، بەوەیش رێژەی گەنج و گەشەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە عێراق سست دەبێت و دواجار رێژەی دانیشتووانیش لە ساڵانی داهاتوو كەم دەكات. هەروەها لە بۆشایی نەبوونی گەنجی كورددا، نەوەیەكی عەرەب دەبێتە خاوەن موڵك و ماڵ و سامانی كوردستان و كورد لە وڵاتی خۆی دەبێت بە كرێچی و شاگردی عەرەب و بیانییەكان بۆ دەستكەوتنی كار و بژێوی.

گەنج سامانێكی بەهێز و لە بننەهاتووی وڵاتن، پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان چارەسەری كۆچی گەنجان بكەن و ڕێ نەدەن ڕێژەی گەنج لە هەرێمەكە ڕووە و كەمی بڕوات و هەوڵی رازیكردنیان بدرێت، چونكە ئەوان سەرچاوەی سەرەكی خۆڕاگری نیشتمان و پارێزەری وڵاتن. 

هەموو كەسێكی خاوەن سەرمایە و بەرپرس، دەبێت خۆی بە خاوەنی گەنج بزانێت


وەك دەردەكەوێت كۆچی گەنجان زیاتر لەبەر بێكاری و نەبوونی ژیانێكی شایستەیە، بەڵام راستییەك هەیە كە ئومێدبەخشە ئەویش ئەوەیە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم و كارنامەی سەرۆك وەزیرانەكەی، بەشێكی گرنگی دۆزینەوەی هەلی كارە بۆ گەنج و وزە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە كەرتی تایبەتدا. ئەم بەرنامەیە خۆی لە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكال و گەشتوگوزار و بە بازاڕكردن و دروستكردنی تاكێكی بەهێزدا خۆی دەبینێتەوە، بتوانێ پشت بەخۆی ببەستێت و ببێت بە سەرچاوەی داهات بۆ چەندان كەسی تریش، ئەمە بە روونی هەستی پێ كراوە لە یەك ساڵی رابردوودا و سەرۆكی حكوومەت لە چەند بۆنەیەكی گەنجانەدا دەركەوتووە كە ئامانجەكە پشتیوانی و هاندان بووە.

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێم چەند پڕۆژەیەكی ڕاگەیاند بە كەرتی گشتی و تایبەتەوە كە هەندێكیان ستراتیجین و هەزاران هەلی كار دەڕەخسێنن، بێگومان هەست دەكرێ وڵات رووی لە بووژانەوەیە و لە داهاتوویش پڕۆژەی گەورەتر دەبینین، بەڵام كاتی دەوێت تا دەكەونە بەرهەم و لە مانگێكدا تەواو نابن، ئەوەیش چاوەڕوانی و پشوودرێژی دەوێت، چونكە پڕۆژەكان بۆ سوودی گشتی و چارەنووسازن بۆ داهاتووی گەلەكەمان. وەك بینینمان لە رووی كشتوكاڵی و پیشەسازیی خۆراكەوە دەیان كارگە دەكەونە كار و بەرهەمی جووتیاری كورد ساغ دەكەنەوە، ئەمانە جێی دڵخۆشین و وزەی بەكارخراویش بێگومان گەنجە، بۆیە هەموو هەوڵدانێك لە خاكی خۆتدا پیرۆزترە تا رۆیشتن بەرەو چارەنووسێكی نادیار.

هەموو كەسێكی خاوەن سەرمایە و بەرپرس، دەبێت خۆی بە خاوەنی گەنج بزانێت لە كوردستان و هەوڵ بدات بەگەڕیان بخات، چونكە گەنج بڕبڕەی پشتی هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو و گەشەسەندوون، بە نەمانیشیان ئاوەدانی وڵات دەوەستێت و توێژی بەساڵاچوو زۆر دەبێت، تا دواجار وڵات بەرەو لاوازی و نەمانی گەشە دەبەن، بەوەش ئومێد نامێنێت بۆ داهاتوو، بەڵام با گەشبین بین و متمانە بكەین بەوەی داهاتوو باشە، چونكە جووڵەی دڵخۆشكەری ئابووری و ئاوەدانی هەن و گرنگیشە كاری لە پێشینەی هەموو دەزگا و كۆمپانیاكان دابینكردنی هەلی كار بێت بۆ گەنجی كوردستان.

راستییەكیش هەیە دەكەوێتە ئەستۆی گەنج خۆی كە دەبێ هەوڵ بدەن و ماندوو بن، تەمەنی گەنجی تەمەنێكی پڕ وزەیە، لە دنیادا و بەتایبەت لە ئەوروپاش هەروایە، گەنج پارەی پێ نییە، بەڵكو هەوڵ دەدات پارە پەیدا بكات و هەموو كارێكی گونجاویش دەكات، راستییەكەی ئەوەی گەنجی پەنابەر لە ئەوروپا دەیكات بۆ بژێوی، لە وڵاتی خۆی بیكات زۆر بە جوانی پێی دەژی و كاریش هەمیشە شانازییە، نەك لێرە كارێك بە عەیب بزانین و لە ئەوروپا هەوڵی بۆ بدەین، بەپێچەوانەوە خزمەتی وڵاتی خۆت سەربەرزییە و هەلی پێگەیشتن زیاتر دەكات.