پزیشكێك دەمرێت و هونەرمەندێك پاكی دەنوێنێ

PM:01:11:31/12/2016 ‌

لە دواین ساتی ساڵی 2016دا، گەورەترین كارەساتی تەندروستی لەم وڵاتەدا ڕووی دا، ئەویش گیان لەدەستدانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لە دایكبوون و منداڵانی هەولێر لە كاتی منداڵبوونیدا لە نەخۆشخانەیەكی كەرتی تایبەت، ئەمە‌ خۆی لە خۆیدا شەرحی بارودۆخی تەندروستیمان دەكات، كاتێك بە مردنی ئەو پزیشكە گەورەیە عەقڵێك لەم وڵاتە كەم دەكات.
جیا لەوە، بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا و فریاكەوتنەكان چیتر حكوومەت ناتوانێ نەشتەرگەری بۆ هیچ رووداوێك ئەنجام بدات، چونكە بەهۆی تەنگژەوە سڕكەری نەماوه.
لە دوا ساتەكانی 2016دا سەفین ساڵح هونەرمەندی عوودژەن، بڕێكی زۆر پارەی دۆزییەوە، دوای پێوەندیكردنی بە لایەنی تایبەت، خاوەنی راستەقینەی پارەكەی دۆزییەوە و دایەوە دەستی، سەفین دەڵێت: ئێمە پاكی و دڵسۆزیمان هەڵبژارد.  
رەنگە سەفین بیتوانیایە ئەو پارە زۆرە و لەم دۆخە تایبەتە بخاته گیرفانییەوە و كەسیش پێی نەزانێت، بەڵام وەك خۆی گوتی "سوپاس بۆ خوای مەزن و دڵسۆز پارەكەم ڕادەستی خاوەنەكەی كردەوە" ئەم رەفتارە لەم دۆخە سەختەدا وانەیەكی گەوره بوو لە كاتێكدا مرۆڤگەلێك هەن تا مردن بە دزییەوە خەریكن، ناتوانن بێ دەستبڕین و دزی هەڵ بكەن.
لە دواساتەكانی 2016دا، پیاوێك لە شاری كەركووك لەسەر شەقام لە سەرما گیانی سپارد، نامرادی ئەو پیاوە لەوەدایە كە لە شارێكدا ژیان گوزەر دەكات به دەریای نەوت و گاز ناسراوە، ماوەی 100 ساڵە دەیان وڵاتی دنیا چاویان لەسەر كەركووكە تا ئەمڕۆیش، نەگبەتی ئەو پیاوەش زیاتر لەوەدایە لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی ئەو شارە تا رەق بووەتەوە لە سەرما كەس بەهانای نەچووە. بۆیە مرۆڤ لەم وڵاتەدا بەردەوام لە توانەوەدایە، تا ئێستە داودەزگەی وڵاتێك بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی رایی نەكراوه، كەسێك كە بێ لانەیە، بێ نەوایه، پێویستە وڵات ببێتە لانه ‌و باوەشی گەرم بۆی، بەڵام بە داخەوە ئەمە قەدەری مرۆڤە لێره.
لە 2016دا ، دەیان گەنجی ئەو وڵاتە بەرەو غوربەت كۆچیان كرد، هەر لەو ساڵەدا دەیان ژن و پیاو له ‌یەكتر جیا بوونەوە بەهۆی ئەو تەنگژەی هەیە لە وڵات، جیا لەوەش زۆرترین كەس لەم وڵاتە تووشی نەخۆشی دڵ هاتوون، تەنیا لەبەر نەبوونی و نەداری.
لە دوا ساتەكانی 2016دا، پتر لە 20 گەڕەكی سلێمانی ماوەی نیو مانگە بێ كارەبان، ئەمیش بەهۆی سووتانی محاویلەی ئەم گەڕەكانه ‌و حكوومەتیش دەڵێت: لە كۆگەكاندا هیچ محاویلەیەك نەماوە و دەبێت ئەمانەی تێك چوون چاك بكرێنەوه.
ئەمە مەسەلەیەكە پڕە لە گاڵتەجاری بەخەڵك، چونكە لەم وڵاتە ئەگەر تەنگژەیش بێت، بەرپرسێك یاخۆ وەبەرهێنەرێكی سوودمەند لە ‌خێروبێری ئەم وڵاتە یان سەرمایەدارێك ناتوانێ 10 محاویلە بۆ سلێمانی بكڕێت؟ یان چی ناو بنێین و بڵێم چی؟ زۆری بیر لێ دەكەمەوە و خەریكە مێشكم دەوەستێ.
لە دوا ساتەكانی 2016، پێشمەرگە چۆكی بە داعش و ئەفكاری داعشییەكان دادا كە دوژمنێكی تازەی كوردستان بوون، هاتن هەرچی دەستیان پێی گەیشت و وێرانیان كرد، هەرچی مرۆڤ بوو كوشتیان، هەرچی ئاوەدانی بوو كردیان بە وێرانە، سەیرە بۆ ئەقڵی بەشێكی نەتەوەی كورد لەگەڵ دەركەوتنی داعش هەندێ گومانیان بۆ دروست بووبوو ئایا ئەوان ئیماندارن یان نا، زۆرێك لە گەنجان و لەناویاندا كوردیش چوونە ریزیان و كوژران. كاتێك كورد زۆر پێوەستە بە ئاین كە پێویستە مێشك كراوە بن لە بەردەم بیرێكی تازە، یەكڕاست نەكەونە بەر چەپڵەڕێزان و پشتگیریكردن، یاخۆ بەشێوە و جلوبەرگ و ریش نەخەڵەتێن، یەزدان عەقڵی بە مرۆڤ داوە دەبێت جیاوازی بكەین لەگەڵ ئاین و سیاسییەكی ئاینی، یا داعش و ئاین كە دوو پپرسی لەیەك جودان .
دەبێ نهێنی ئەوە لە چیدا بێت كورد بەردەوام بەم شێوە بژی، دەبێ بۆچی ئەم وڵاتە بەردەوام بە جۆرەها شێواز  خاكەكەی داگیر كراوە یاخۆ كورد بۆچی خاوەنی دوژمنی سەرسەختە؟ بۆچی بۆ نموونە یەكێتی سۆڤیەت كە بە دەیان وڵاتی داگیركراو بوو ئەو ناوەیان لێ نابوو و  هەڵوەشایەوە و هەموو ئەو وڵاتانە بوون بە وڵاتی سەربەخۆ، بۆچی كورد دوای 100 ساڵ داگیركاری هێشتا رێگەی پێ نادەن ببێ بە خاوەنی قەوارەیەكی سەربەخۆ، دەبێت كێشەكە لە خۆمان نەبێت؟ یان شوورەیییەكە بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و وڵاتانی دەوروبەرمان دەگەڕێتەوە.
ئەم هەموو كوشتار و ئەنفال و كیمیاباران و لەناوبردن و داگیركارییە چی بێت كە كۆتای نایەت، دوا سزای كوردانیش بریتی بوو لە  برسیكردن. زۆرم بیرم كردەوە ئەم پرسیارە مایەی تێڕامانی هەموومانە وەك كورد بۆچی خاوەنی ئەو پێوەندییە فراوانە نین لە ئاستی نێودەوڵەتی، بۆچی ئەم هەموو دوژمنەمان بۆ دروست دەكەن. بۆچی ئەنكەرە و تاران و بەغدا و دیمەشق ئەو پارچە دزراوانەی نیشتمانی كوردان نادەنەوە دەستی خاوەنی، یا بۆ ئێمە چاوەڕێی ئەو وڵاتانە بین تا فەرمووی سەربەخۆییمان لێ بكەن. ئاخۆ ناپاكی دەردە گەورەكەمانە یان چی؟
ئەم هەموو دەمەقاڵی و كێشمەكێشە چییە لە ناو كوردان بەدی دەكرێت لە رێگەی راگەیاندن و كۆڕ و سیمنار و دیبەیت و چاوپێكەوتن و رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و سۆسیال میدیا و ماڵپەڕەكان، ئایە قسەكردن كەی تەواو دەبێت، كەی كورد پشتی یەكتر دەگرن و یەكتر ناشكێننەوە و مێژووی ڕەشی ئەنفالچییەكان و رێنیشاندەرانی دوژمن هەر دووبارە دەبێتەوە. با كوردییش پێگەی خۆی هەبێت، با لە چوارچێوەی كیانێكی سەربەخۆ بتوانێ وڵاتی كوردستان دروست بكات هاوشێوەی وڵاتانی تر، ئەوكات دەتوانێ لە رووی تەندروستی و پەروەردەو زانست و كولتوور و ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت و بتوانێ مامەڵە لەگەڵ دنیا بكات.
ئەم چەند دێڕەم لە دوا ساتەكانی كۆتایی 2016دا نووسی، داوای باشبوونی 2017 دەكەم، ئەم ئاگرەی لە ناوچەكە هەیە بكوژێتەوە و كورد ببێتە خاوەنی سەنگ و پێگەی خۆی، پێكەوە لە وڵاتی خۆماندا بمێنینەوە و كۆچ نەكەین.

كەنعان بەهادین