بەرانبەر هەر چەواشەكارییەك پڕۆژەیەك

دوای 24 مانگ كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، مێژوو و هەڵسوكەوتەكانی گەواهیدەرە كە لە قۆناغێكی هەستیار و سەختدا ئەرك و بەرپرسیارێتیی وەرگرت، كاریگەریی شەڕی داعش و پیلانگێڕیی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەسەر هەرێمی كوردستانەوە زاڵ بوو، بەشێوەیەك لەناو بارودۆخێكی ئابووری و دارایی نالەبار و دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی كۆڤید-19 و قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر حكوومەتی كوردستان، سەرۆكی حكوومەت زۆر خۆڕاگرانە و ژیرانە كارنامە و بەرنامەكانی بە دروشمی كوردستانێكی بەهێز پێشكەش كرد، بەشێوەیەكی كردەیی هەنگاوەكانی لەناو كێڵگەیەكی پڕ مین و ڕیسك و كۆسپكی گەورەدا دەست پێكرد، بەڵام بە متمانە بەخۆبوون و پشتیوانیی دڵسۆزان.

ئەمڕۆ دوای دوو ساڵی پڕ لە كێشە و كۆسپ و قەیرانی گەورەی ناوچەیی، عێراقی و ناوخۆیی، وەك ئەوەی بە كردەوە دەبینرێت، كاروانی پێشكەوتن و ئاوەدانی و گەشەسەندن و چاكسازی، هەنگاو بەهەنگاو باڵ بەسەر هەموو كوردستاندا دەكێشێت و چەندان پڕۆژەی ستراتیجی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، چوونەتە جێبەجێكردنەوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بەرهەمەكانیان دەبینرێت. 

جگە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، هەنگاوەكانی چاكسازی و پاكسازی و نەهێشتنی چەند مووچەیی و خانەنشینی نایاسایی و چەندان كاری تر، لە پێناو نەهێشتنی رۆتین و ئاسانكاری و خێراتركردنی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، بەبێ‌ جیاوازی بیر و هزری حزبایەتی، ئەم هەنگاوانە لەخۆیدا هێز و توانا و ئەمانەتداری مەسروور بارزانیی لە بەڕێوەبردن پێشان دەدات.

هەر لە هەڵەبجە تا زاخۆ، بەبێ‌ جیاوازی و دوور لە دەستی حزبایەتی بەرتەسەك پڕۆژە پێشكەش كراون


دوو ساڵی رابردوو بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن كە هەر لە هەڵەبجە تا زاخۆ، بەبێ‌ جیاوازی و دوور لە دەستی حزبایەتی بەرتەسەك پڕۆژە پێشكەش كراون، ئەوەش بۆ هەستی نیشتمانپەوەریی گرنگە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هاووڵاتییانیش، هەریەك بە توانای خۆیان بەشدار بن لە پشتیوانی حكوومەتی كوردستان بە هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی، چونكە حكوومەتی هاووڵاتیی بەدڵنیاییەوە دەبێت پشتیوانیی خەڵكەكەی لەگەڵ بێت لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر و ئاوەدانی زیاتر.

لەم دوو ساڵەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حكوومەت توانی پێگەی خۆی بەهێزتر بكات، هێزی كوردستان هاوسەنگ بكاتەوە كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا لەق بووبوو. ئێستە هەم وڵاتانی ئەوروپا و هەم ئەمەریكا، بە سەنگینی مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەن و ئەمەش كارێكی ئاسان نەبوو، دوای ئەو خۆخۆرییەی كورد بتوانی قەوارەكەت راست بكەیتەوە لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا.

ناكرێ ئاماژە بەو ڕاستییەش نەكەین كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان و راگەیاندنی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی، نەیارانی ناوخۆیی و دەرەكی، هەوڵی زۆر و كۆسپی گەورەیان لە پێناو دروستكردنی كێشە و شاردنەوەی ڕاستییەكان و ناشیرینكردنی ئەدا و ستراتیجی خزمەتگوزاری حكوومەت خوڵقاند، بەڵام هەوڵە ماندوونەناسەكان، كۆڵنەدان و ماندوو نەبوونی بەردەوام، توانی بەسەر هەموو كۆسپەكاندا سەر بكەوێت و لە جیاتی هەر پیلانگێڕی و چەواشەكارییەك، پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیجی خراوەتە گەڕ، بەوەیش خەونی نەزۆكی دوژمن و نەیارانی كوردستان لە گۆڕٍ نراوه.