بڕیارەکەى پارتى.. درەنگ بەڵام لە جێگەی خۆیدا بوو


ڕاستە زۆر لەمێژ بوو کوردستان چاوەڕوانى ئەو بڕیارە بوو، بەڵام بڕیارەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەلومەرجێکدایە کە نەیارانى کوردستان و دەسەڵاتدارانى بەغدا و تاران،  زۆر لەمێژ بوو بە ڕێگە و فۆڕمى جیاواز، خەونیان بە ڕیشەکێشکردنى گەلى کورد و قەوارەى کوردستان دەبینى، بۆیە لەماوەى 33 ساڵى رابردووى حوکمڕانیى کوردستان، لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان وەک دراوسێیەکى باش و مامەڵە و سوودبەخشى هەبوو و هەرگیز نەبووە جێگەى هەڕەشە و مەترسى بۆیان، بەڵام بەردەوام لە سەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە ئاستەنگ و پیلانگێڕییان لە دژى جێبەجێ  دەکرد کە دەکرێت ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەین: 
یەکەم، دەستوەردان لە کاروبارى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى شەڕى ناوخۆ. 
دووەم، تێکدانى سەقامگیرى بە ڕێگەى شەڕى میدیایی و تابوورى پێنجەم.
سێیەم، بەکارهێنانى هەندێک کەس و لایەن کە لە ڕابردووش لە ڕووى هەستى نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرییەوە لاواز بوون لە دژى هەرێمى کوردستان  و یاسا و سەروەرییەکانى. 
چوارەم، ڕێگریکردن لە پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانى کوردستان بە ڕێگەى پشتیوانکردن لە کەسانى مافیا و تاڵانچى و قاچاخچى و بوارى دیکەوە.
پێنجەم، بەکارهێنانى عێراق و دەسەڵاتەکانى لە دژى قەوارەى هەرێمى کوردستان، لە پێناو لاوازکردنى بە شێوازى جۆراوجۆر.
شەشەم، ڕێگریکردن لە هەناردەکردنى نەوتى کوردستان لە پێناو ئیفلیجکردنى ژێرخانى ئابووریى کوردستان. 
حەوتەم، پەلاماردانى مووشەکى و سەربازى لە پێناو دروستکردنى ترس و دڵەڕاوکێ و بە نائارامپیشاندانى هەرێمى کوردستان و  چوونە دەرەوەى بازرگان و کۆمپانیان بیانییەکان. 
هەشتەم، بەکارهێنانى چەکى ئابوورى وەک مووچە و بودجە لە پێناو شکاندنى ئیرادە و شکۆى خەڵکى کوردستان. 
نۆیەم، بەکارهێنانى کارتى هەڵبژاردن و ساختەکارى بۆ بە براوە پیشاندانى  جاش و بەکرێگیراوەکانیان لە ڕابردوو، بەتایبەت هەڵبژاردنى پارێزگاکانى عێراق و بەدیاریکراوی  کەرکووک و مووسڵ لە پێناو پشتیوانیکردنى لەو کەسانەى کە ئەوان وەک کارتێک دژى کوردستان بەکارى دێنن.
دەیەم، بەکارهێنانى دادگاى بەناوى فیدراڵى و بڕیاردان لە سەرهەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان و ئینجا نەهێشتنى مافى کورسى پێکهاتە نەتەوییەکانى کوردستان لە پیناو زیانگەیاندن بە قەوارەى دیموکراسى و پیکەوەژیان و ئینجا خۆسەپاندنێکى تر و داگیرکردنێکى تر لە ژێر ناوى هەڵبژاردنێک کە راستەوخۆ ئێران ژمارەى دەنگ و کورسییەکان بۆ ئەو لایەنانە زیاد بکات کە خۆى مەبەستێکى ئەوە بەو واتایەکى کە نیوەکەى ترى خاکى کوردستان بە ڕێگە هەڵبژاردنێکى مینرێژکراو  و زیانى قەوارەى هەرێمى کوردستان سوودى لێ  ببینێت و ئەجێندا و ئەو خەونانەى کە نەیتوانى لە پیلانگێرى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 بەدەستینان بێنێت ئەوا بە ڕێگەیەکى جیاواز بەناوى هەڵبژاردن بەدى بهێنیێت.

بۆیە بڕیارى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ ڕەتکردنەوەى هەڵبژاردنێکى سەپێنراو بەرێگەى دوژمنان و دیکتاتۆران لە بەغداوە رەنگە هەندێک درەنگ بێت بەڵام لە کۆتاییدا بریارێکى وردبینانە وژیرانە لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئەزموو ن ئیرادە و شکۆى قەوارەى هەرێمى کوردستان بەرانبەر پیلانگێرى نەیارانى گەلەکەمان و بەرگریکردن لە ئیرادە و ئەو دیموکراسى وپیکەوەژیانەى کە لە پیناویدا خوێن و قوربانى بێ شومار بەخشراوە و لە هەمان کاتیشدا ڕەتکردنەوەى هەر جۆرە بریارێکى خۆسەپێنەراویە بە سەر کوردستاندا.