كوردستان و فڕەنسا پێزانین و بەردەوامیی

بەدرێژایی مێژوو، گەلی كورد بەهۆی خەبات و بەرخۆدانی لەپێناو بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتكراوەكانی، هەردەم تووشی هەڕەشەی لەناوبردن و جینۆسایدی گەورە بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گشت هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ بۆ گەیاندنی پەیامی گەلێكی ستەملێكراو بە سەرانسەری دنیا و پەیداكردنی دۆست و پشتیوان بۆ دۆزەكەی. ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئەو دۆستە لەمێژینە و فڕیادرەسە بكەین، لە مێژوویی دوێنی و ئەمڕۆیشدا، فڕەنسا لە زۆر كاتی سەخت و دژواردا توانیویەتی دەنگ و ڕەنگی گەلی كورد بگەیەنێتە ناوەندە بڕیاربەدەستەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەتی و كاریگەری لەسەر دروست كردوون.

فڕەنسا یەكێكە لە زلهێزەكان و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە، مێژوو دەیسەلمێنێ كاتێك لە كۆڕەوی ملیۆنی ساڵی 1991، فڕەنسا پێگەی بەهێزی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەكار هێنا بۆ ئەوەی بە بڕیارێك هێرشی سوپا دڕندە و داگیركەرەكەی بەعسی رووخاو بۆ سەر هەرێمی كوردستان بوەستێنێت، ئەنجامەكەیشی دەركردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنەكە بوو، لە پێنجی نیسانی 1991دا، هەناسەیەكی بە بەر كورددا هێنایەوە.

لە مێژووی ئەمڕۆیشدا و ئەوكاتەی ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان تووشی هەڕەشەی تیرۆر كرایەوە، فڕەنسا بە زۆر شێواز هاوكاری پێشكەشی هەرێمی كوردستان كردووە لەو شەڕەدا، فڕانسوا هۆڵاند سەرۆكی وڵاتەكە لەگەڵ سەرۆك بارزانی پێوەندییەكی پتەویان بنیات نا و چەند جارێك یەكیان بینی، سەرۆكی فڕەنسا یەكەم سەرۆكیش بوو كە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد.

دەتوانین بڵێین پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فڕەنسا و زۆر پتەو و مێژینە و دامەزراوەیین، بەڵگەش بۆ ئەو ڕاستییە ئەوەیە ئەوكاتەی دەسەڵاتدارانی عێراق بە پیلانگێڕییەكی پێشوەختە و بە پاساوی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، پەلاماری هەرێمی كوردستانیان دا و گەمارۆیان خستە سەر، بەڵام ئەمجارەیشیان فڕەنسا لەو وڵاتانە بوو كە لە رۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرد، داوای چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدای بەگوێرەی دەستوور كرد. ئەوەبوو بازنەی گەمارۆكانی تێكشكاند .

بۆ قۆناغی ئێستە، ئەوەی پێشبینی كراوە جارێكی تر رۆڵی گرنگی فڕەنسایە لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت كە عێراق لە دوای بڕیاری كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا، كۆنفرانسێكی گەورە دەبەستێت و ماكرۆن دەرفەتەكە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بكات و پشتیوانی خۆی بۆ كوردستان دووپات بكاتەوە، ئەمە بە راستی بایەخێكی زۆری هەیە و بۆ كوردیش لەم كاتەدا هیچی كەمتر نییە لە شكاندنی گەمارۆی وڵاتان كە چاویان بڕیوەتە سەر هەرێمەكەمان. تویتەكەی سەرۆك ماكرۆن بە كوردی لە دوای گەشتەكەی، ئاستی پێوەندییەكە دەباتە سەرتر و ددان بە زمانەكەماندا دەنێت كە دەیان ساڵە هەوڵی سڕینەوە و توانەوەی دەدرێت.

هۆكارەكە بۆ پێگەی بەهێز و ستراتیجی هەرێمی كوردستان و ئەو دنیابینییە كراوەیەی كورد دەگەڕێتەوە كە هەر خۆی نزیكە لە رۆژئاواوە و دۆزێكی ئاینی نییە، ئەمە لە رۆژهەڵاتی ئاگر و ئاسن و كوشتن و سێدارەدا، بۆ وڵاتانی پێشكەوتوو بایەخی گرنگی هەیە كە بستە زەوییەكی ئارام لەو ئاگردانەدا ماوەتەوە و هەموو هەڕەشە لێكراوەكانی دەوروبەر بە ئاسوودیی تێیدا دەژین. بۆیە دەیانەوێ دەستی پێوە بگرن، گرنگە ئێمەیش دەست بەوانەوە بگرین و هەرگیز كۆڵ نەدەین لە بەرەوپێشچوون و دروستكردنی سیستمێكی سەرنجڕاكێش، بۆ ئەوەی ئەوانیش هۆكاریان زۆرتر بێت بۆ پشتیوانیمان.

یەكێكی تر لەو گرنگیدانانەی فڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەركەوتن و قارەمانیەتییەی هێزی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستی بەناوی داعش كە نەك تەنیا مەترسی بۆ سەر ناوچەكە، بەڵكو بۆ سەر هەموو دنیا هەبوو، تیرۆریستان لە پێكەوەژیان دەدەن و كەینەكان قەڵاچۆ و جینۆساید دەكەن، كوردیش رێك پێچەوانەی ئەم دیدە تاریكە، كەمینە دەپارێزێت و مافەكانی بۆ دابین دەكات، بەڵام دەبێت بە بەرزی پێزانینمان هەبێت بۆ ئەم هاندانەی فڕەنسا، چونكە زۆر وڵاتی تریش هەن پێگەی نێودەوڵەتییان بەهێزە، بەڵام خۆیان بە بەرپرسیار نازانن لەو جوانییانە و نایەن لە نزیكەوە گرنگی بەم دیمەنە نایابانەی كوردستان بدەن.
وادیارە توركیایش هەستی بەو گۆڕانكاریی و پێشهاتانە كردووە

فڕەنسا سوودێكی تری ناڕاستەوخۆ و گرنگی بۆ كورد هەیە، ئەویش ئەوەیە یەكێكە لەو وڵاتانەی بەردەوام دژایەتی سیاسەتەكانی توركیا دەكات لە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتی هێرشی سەر گەلی كورد لە رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان، ئەگەری زۆرە پاریس لەو ڕووەوە كۆدەنگی جیهانی دژی توركیا دروست بكات و رووبەڕووی ئەو دەستدرێژییانە ببێتەوە، وادیارە توركیایش هەستی بەو گۆڕانكاریی و پێشهاتانە كردووە، بۆیە دەستدرێژییەكانی زیاتر كردووە.

بە گشتیی لەم كات و ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا كە ناوچەكە پێیدا گوزەر دەكات، سەردانی سەرۆكی فڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی، پەیامێكی گرنگ و دڵنیاكەرەوەی دۆستایەتی و پشتیوانی گەل و قەوارەی كوردستانە و دای بەگوێی هەموو وڵاتانی ناوچەكەدا، كە چاوی تەماحیان دوای رووداوەكانی ئەفغانستان زەق كردبووەوە سەرمان.

سوپاس وڵاتی بەهێز و سەرمەشقی پێشكەوتنەكانی دنیا.