كوردۆ شابان
ئایا دۆخی كورد به‌گشتی و باشووری كوردستان به‌تایبه‌ت، دوای ڕیفرۆاندۆمی سه‌ربه‌خۆیی چووه‌ته دواوه و تازه جارێكی تر ناگه‌ڕێته‌وه، یان ئه‌وه به‌شێكه له خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌كانی كورد له‌ناو گۆڕانكارییه گه‌وره‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی تا ده‌گاته دۆخی جێگیر 50 ساڵی ده‌وێ. ئێمه هێشتا چه‌ندان ساڵمان ماوه و پێم وایه له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ئه‌و ساڵانه، كورد ده‌گات به مافه‌كانی.
ئه‌گه‌ر به چاوێكی دوورتر ته‌ماشای ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین و دابه‌شی بكه‌ین به‌سه‌ر چه‌ند قۆناغێكدا و "50 ساڵ" وه‌ك بنمیچی گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی دابنێین، ئه‌وا ڕه‌نگه بتوانین ئه‌نجامێكمان بۆ ده‌ربكه‌وێ. له سیاسه‌تی ئینگلیزدا، 50 ساڵ بریتییه له قۆناغبڕیی ڕیشه‌یی و ئێسته‌یش پلانه درێژخایه‌نه‌كانی دنیا هه‌ر ئه‌وان ده‌ینووسنه‌وه و ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێی ده‌كات. ئه‌وانه‌ی پێیان وایه، سه‌رده‌می ئیمپریالیی به‌ریتانی كۆتایی هاتووه و ئه‌وان ئێسته قه‌واره‌یه‌كن له چوارچێوه‌ی خۆیان و سكۆتله‌ند و ئێرله‌ندی باكور، به‌هه‌ڵه‌دا چوون. بڕوانه مێژوو، له‌وه‌ته‌ی به‌ریتانیا ده‌ستیان له گۆڕانكارییه‌كانی زه‌ویدا هه‌یه، هه‌موو نیو سه‌ده جارێك، قۆناغێك تێپه‌ڕیوه.
"شا" ڕووخا، سیستمێكی مه‌لایی كه پێی ده‌گوترێ ویلایه‌تی فه‌قێ، به ڕابه‌رایه‌تیی خومه‌ینی هاته كایه‌وه. خۆی ڕووخانی شا ته‌نیا به‌شێكی بریتی بوو له تووڕه‌یی خه‌ڵك، به‌شه گه‌وره‌كه بریتی بوو له هه‌نگاوی یه‌كه‌می گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دوای ئه‌وه‌ی ئیتر ماوه‌ی "ڕه‌زا شا" به‌سه‌رچوو. جا لێره‌دا با 50 ساڵه‌كه‌ی ئینگلیز له مێشكماندا بزرنگێته‌وه و له ساڵی 1979 كه گۆڕانی سیستمی ده‌سه‌ڵاته له ئێران، به سه‌ره‌تای گۆڕانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابنێین، ئینجا با پانۆرامایه‌كی خێرای به‌شێكی ڕووداوه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام به كه‌مێك وردبوونه‌وه له‌سه‌ر كورد و بزانین به تێپه‌ڕبوونی 40 ساڵ چی ڕووی داوه و چی چاوه‌ڕێی 10 ساڵی كۆتایی ئه‌م نیو سه‌ده‌یه ده‌كرێ.
له ساڵی 1980، واته دوای كه‌متر له ساڵێك به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژئاوا دنه‌ی "سه‌دام حوسێن"یان دا و پڕچه‌كیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگ به‌رانبه‌ر ئێران به‌رپا بكات كه پێی ده‌گوترێ جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو، چونكه هه‌موو وڵاتانی كه‌نداویش به پاره و پشتگیریی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م، پشتیوانیان له‌و شه‌ڕه ده‌كرد كه وه‌ك خوێن ته‌نیا عێراقی و ئێرانی پێوه ده‌بوون. به‌م شێوه‌یه، یه‌كه‌م هه‌نگاوی شڵه‌قانی سه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستی پێ كرد.
شۆڕشی كوردستان به ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی و زۆرینه‌ی توێژه‌كانی گه‌ل له باشووری كوردستان گه‌رم بووه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌میش به پشتیوانیی ته‌واوی ڕۆژئاوا، هه‌ر ئه‌و ڕۆژئاوایه كه پشتیوانی شۆڕشی كوردی ده‌كرد و له‌لایه‌كیشه‌وه ڕێی ده‌دا جارجار ئێران له‌ده‌ست سه‌دام بیپارێزێ، خۆیشیان پشتیوانی سه‌دامیان ده‌كرد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یانده‌ویست ڕژێمی به‌عس كورد بتوێنێته‌وه، هه‌موو ڕێیان به هه‌موو هۆكارێكی خۆهێشتنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ده‌دا. سه‌رنج بده، كورد له دوای نسكۆی 1974 له ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا بێهیوا بوو، وای ده‌زانی ده‌ستی لێ به‌رده‌دا، به‌ڵام بۆچی دواتر ده‌ستی گرته‌وه؟ تۆ بڵێی بێ پلان بێت؟
ڕێ به وڵاتانی كه‌نداو درا، خه‌ریكی به‌هێزكردنی ژێرخانی خۆیان بن و به‌ته‌واوی تێكه‌ڵی ورده‌كاریی ژیان بن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ناوخۆیی، هیچ پشتیوانییه‌كی فه‌له‌ستینی نه‌كه‌ن، گوێ نه‌ده‌ن به‌وه‌ی ئیسرائیل جۆلان ده‌خاته ژێر نه‌خشه‌ی خۆیه‌وه، له میسڕیش هه‌م ده‌سه‌ڵاتیان به‌هێز ده‌كرد هه‌م ئیخوان موسلیمین. ئوردنیش به پردی پێوه‌ندیی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل دانرا. وڵاتانی تری سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست، له‌به‌رئه‌وه‌ی دوورتر بوون له چه‌قی بازنه‌ی یارییه‌كه، جارێ به هێمنی مانه‌وه.
بازنه‌ی ئێران ته‌سك كرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری بكه‌ن بچێته به‌ره‌ی یه‌كێتیی سۆڤێت، چونكه به‌ره‌كه خۆی له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه پلانی درێژی بۆ دانراوه و ئه‌وه‌بوو له ساڵی 1991 توایه‌وه. به‌م شێوه‌یه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بوو.
هه‌نگاوه‌كانی ڕژێمی عێراق ئیتر خه‌ریك بوو زۆر ده‌بوون، ئه‌نفال و كیمیابارانی كورد، له خواره‌وه‌ش چه‌وساندنه‌وه‌ی شیعه، خوارتریش داگیركردنی كوێت. ڕۆژئاوا هه‌روا ته‌ماشا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بیانوویه‌ك هه‌بێت بۆ هه‌نگاوه‌كانی دواتر كه بریتی بوون له گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوێت، پاشان دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی حوكمی زاتی بۆ كورد له‌سه‌ر هێڵی 36، واته به‌بێ كه‌ركووك و شنگال. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو له ڕێی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كوردییه بچووكه‌وه، ئێران ده‌ستی به نه‌وتی كه‌ركووك و چیای شنگال نه‌گات كه له‌وێوه ده‌توانێ به مووشه‌كی دووربڕ ئیسرائیل بپێكێ. شیعه‌كانی عێراقیش له ڕێی خاكی كوردستان و پێوه‌ندی به سه‌ركرده كورده‌كانه‌وه، ده‌گه‌یشتنه ئێران و ئه‌مه‌یش ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا ئاگه‌داری بوون.
له‌ولاشه‌وه هه‌روا فه‌له‌ستینییه‌كان له ڕێی یاسر عه‌ره‌فاته‌وه سه‌رقاڵی ڕێككه‌وتنی ئاشتی و كۆبوونه له دوای كۆبوونه‌وه بوون و حكوومه‌تی ئیسرائیلیش به‌رده‌وام بوو له‌و ماسته‌رپلانه‌ی كه به هاوئاهه‌نگیی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا ده‌یكرد.
له توركیا، له‌به‌رئه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان له به‌ره‌ی ڕووسیا بوو، له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه پشتیوانی نه‌كرا، تا گۆڕانی حوكم له جه‌هه‌په‌وه بۆ ئه‌كه‌په، ئه‌م جاره‌یان له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی تر، به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ جارجار هاوكاری ده‌كران و ڕێیش به توركیا نه‌ده‌درا به ته‌واوی له قه‌ندیل له‌ناویان ببات و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیش كرا له سووریا به‌هێز بن.
كورد له باشوور دوای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنی به سه‌ره‌كه‌وتوویی كرد و گه‌یشت به هه‌ندێك له مافه‌كانی و له چنگی سه‌دام ده‌رهات، بۆ ئه‌وه‌ی ناچار نه‌بن پلانه درێژخایه‌نه‌كه‌ی بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه، پێویست بوو دۆخێك دروست بكه‌ن تا شه‌ڕی ناوخۆ دروست بێت، ئه‌م دۆخه ده‌ستی ئێرانیش به‌شدار بوو، چونكه تا قۆناغه‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌گۆڕێن، ده‌بوو لێره به شتێكه‌وه سه‌رقاڵ بكرێن، به‌ڵام كاتێك ئێران ده‌یه‌وێ له ڕێی یه‌كێتییه‌وه سنوور ببه‌زێنێ، ئه‌مه‌ریكا عێراق ناچار ده‌كات له 31ی ئابدا هێزێكی بۆ هاوكاری بنێرێ و نه‌یه‌ڵێ پاسدار بگه‌نه خاكی باشووری كوردستان، چونكه بهاتنایه، تازه نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه. ئه‌ی ئه‌م جاره‌ش بۆچی كوردی پاراست؟
هه‌موو كارته‌كانی سه‌دام ئیتر سووتان و كاتی گۆڕان هاتبوو، بۆیه به بیانووی چه‌كی قورس، ئه‌مه‌ریكا ڕاسته‌وخۆ خۆی لێی دا. چاوه‌ڕێ ده‌كرا ئه‌مه‌ریكا كه چووه ناو خاكی عێراقه‌وه، زۆر شت به گونده‌یی چاره بكات. بۆ نموونه ئه‌و پلانه‌ی له‌مێژه دانراوه كه سێ ڕه‌گه‌زه‌كه (كورد-شیعه-سوننه) به ته‌واوی لێك جیا بكرێنه‌وه، ده‌هێنێته دی. به‌ڵام وێنه‌كه هێشتا مابووی ته‌واو بێت، ده‌بوو ڕێ بده‌ن ئێران قه‌ڵه‌وتر بێت، بۆیه ورده‌ورده لێی كشایه‌وه و پێشكه‌شی كۆماری ئیسلامیی كرد.
ئێران به‌هۆی دزینی سامان و بودجه‌ی عێراق له ڕێی ده‌سه‌ڵاتی چه‌ندان ساڵی شیعه‌ی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، توانی خۆی له كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری ڕزگار بكات و به‌مه‌ش نه‌وه‌ستا، ڕێ درا پاوانخوازییه‌كانی كه بریتییه له خه‌ونی "مانگی شیعه" ده‌ست پێ بكات. ئه‌و مانگه واته ئێران بتوانن له قومه‌وه بۆ نه‌جه‌ف و به‌غدا و له‌وێوه بۆ سووریا و له‌وێشه‌وه بۆ لبنان و له‌ڕێی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسیشه‌وه بگه‌ن به ئیسرائیل. جیا له یه‌مه‌ن و به‌حرێن و عومان له خوارووی كه‌نداو. ئێران توانی هه‌موو ئه‌م شتانه بكات و ڕۆژئاواش هه‌ر وا ته‌ماشا ده‌كات.
ئێران قه‌ڵه‌و بوو، ئه‌ی چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هێزی به‌رانبه‌ری بۆ دروست بكرێ؟ توركیا و سعوودیه باشترین هه‌لن. توركیا وه‌ك ئه‌ندامی ناتۆ و سعوودیه وه‌ك زلهێزێكی سوننه و تۆختركردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه مه‌زه‌وییه، پڕچه‌ك كران و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریان كردن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕانی سیستمی حوكمڕانیی توركیا له سیكۆلارییه‌وه بۆ حزبێكی نیمچه ئیسلامی و نیمچه سیكۆلار، ئه‌وروپا به ته‌واوی سڵی لێ ده‌كرده‌وه، ئه‌گه‌رچی بۆ ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تاوه هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بوو.
كوردستان ده‌ستی به بووژانه‌وه كرد، له ڕۆژی ڕووخانی سه‌دامه‌وه تا ماوه‌ی 10 ساڵ، باشووری كوردستان هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی به‌هێزبوونی ژێرخانی ئابووری، چوونه سه‌ر نه‌خشه‌ی نه‌وت و گازی جیهانی، پێوه‌ندیی دیپلۆماسیی نێوده‌وڵه‌تی، هێنانی سه‌دان كۆمپانیای زه‌به‌لاحی وه‌به‌رهێن، فڕۆكه‌خانه‌ی زه‌به‌لاح، هێنانی گه‌شتیار، بردنه ده‌ره‌وه‌ی هه‌زاران خوێندكار بۆ خوێندنی باڵا و ده‌یان هه‌نگاوی تری بڕی و ده‌توانین بڵێین وێڕای گه‌نده‌ڵی، هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی ته‌واو بوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی مابوو به فه‌رمی ددانی پێدا بنرێ.
ئه‌م قۆناغبڕییه‌ی كوردستان بۆ ئێران مه‌ترسی بوو. هه‌وڵیان دا له ڕێی حكوومه‌تی شیعه‌ی عێراقه‌وه تێكی بده‌ن، به نه‌ناردنی بودجه و ڕێگریكردن له به‌رده‌م هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان به سه‌ربه‌خۆیی، به‌مه‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاوی پاشه‌كشه‌ی كوردستان ده‌ستی پێ كرد و گرفتی گه‌وره‌ی ئابووری دروست بوو. میله‌تێكیش 10 ساڵ فێری ژیانێكی خۆش بووبێ، ئیتر به كه‌متر له‌وه ڕازی نابێ، بۆیه ده‌نگ به‌رز بووه‌وه و ئێرانیش هه‌وڵی دا سوود له‌و ده‌نگه ناڕازییانه له دژی حكوومه‌ت وه‌ربگرێت و له ڕێی خۆپیشاندان و دنه‌دانی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه، به ته‌واوی خه‌ڵكی له حكوومه‌ت ڕه‌نجاند.
ئه‌م دۆخه ئاڵۆزه، هه‌ر كوردستانی نه‌گرته‌وه، به‌ڵكو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ته‌واوی شڵه‌قی و ئیتر دیاره پلانه‌كان به‌ره‌و خێراڕۆیشتن چوون. تونس ده‌سه‌ڵاتی ڕووخان، میسڕ به‌دوایدا ڕۆیشت، پاشان لیبیا و په‌ڕییه‌وه بۆ ئه‌مبه‌ر، سووریا و یه‌مه‌نیشی گرته‌وه، به‌ڵام ئه‌و دوو وڵاته كه ئێران و ڕووسیا ده‌ستیان تێیاندا هه‌یه، نه‌یانهێشت ئاوا به ئاسانی ده‌سه‌ڵات بگۆڕدرێ، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات له سوودانیش گۆڕا، سووریا وه‌ك خۆی مایه‌وه.
ئینجا نۆره‌ی سیناریۆیه‌كی خوێناویتره، ئه‌ویش پاككردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وروپا و زۆربه‌ی وڵاتانی دنیایه له بیری تیرۆری ئیسلامی و كۆكردنه‌وه‌یان له عێراق و سووریا به‌ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش). ئه‌م ڕێكخراوه تیرۆریستییه كه به ناڕاسته‌وخۆ ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ شوێن به ڕاسته‌وخۆ هاوكاری ده‌كران و له ڕێی توركیاوه وه‌ك پردی په‌ڕینه‌وه له ئه‌وروپا و ئاسیاوه بۆی ده‌هاتن، ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی گرتبوویان، وێرانیان كردن. ژێرخانیان خاپوور كرد، شوێنه‌واریان نه‌هێشت، هه‌زاران خه‌ڵكیان كوشت، كوردانی ئێزیدییان ئه‌تك كرد. له سه‌ره‌تای ئه‌م قۆناغه‌دا هه‌ڕه‌شه نه‌بوون بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ڵام دواتر كه به ته‌واوی به‌هێز بوون، خۆیان له‌گه‌ڵ كوردیشدا تاقی كرده‌وه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له‌مه‌یاندا شكستیان هێنا.
ئه‌م خۆشبه‌ختانه‌یه زۆر ئاسان نییه، سه‌ركردایه‌تیی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك بارزانی، ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه، تا ئاستێك یه‌كگرتوویی ئه‌وكاتی ناوماڵی كورد و پشتیوانیی هێزی ئاسمانی و چه‌كی میلانۆ، هه‌مووی هۆی نه‌دۆڕانی خاكی كوردستان بوون، بگره به پێچه‌وانه‌وه، بارزانی بڕیاری دا، سنووری خاكی كوردستان، ئه‌وانه‌یش كه له دوای ڕووخانی سه‌دامیش ئازاد نه‌كرابوون، هه‌مووی له ده‌ست داعش پاك بكاته‌وه و له هێزێكی به‌رگرییه‌وه بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوودا، هێزی پێشمه‌رگه بوونه هێرشبه‌ر و ته‌واوی خاكی كوردستانیان خاوێن كرده‌وه و هه‌مووی كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورده‌وه. دیسان با پرسیاره‌كه بكه‌م، قه‌یرانه ئابوورییه‌كانی مالیكی و عه‌بادی به‌سه‌ر كوردیان هێنا، وایان كرد كورد وا بزانێ ڕۆژئاوا پشتی تێ كردووه، ئه‌ی باشه بۆچی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پڕچه‌كی كرد و فڕۆكه‌ی به فه‌رمانی پێشمه‌رگه ده‌جووڵاند، له كاتێكدا ئه‌وه‌ی بۆ عێراق به ئاسانی نه‌ده‌كرد؟
ئه‌مه هه‌لێكی گه‌وره بوو بۆ كورد، تا خۆی له‌گه‌ڵ عێراقدا یه‌كلا بكاته‌وه. به ڕوونی سه‌رۆك بارزانی پێی گوتن، یان ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێك ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ قۆناغی پێش 2013 و چی قه‌رزی بودجه‌یه ده‌یده‌نه‌وه و قه‌ره‌بووی ئه‌نفال و هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌كانی كورد ده‌كه‌نه‌وه كه به‌ده‌ست ڕژێمه‌كانی عێراقه‌وه تووشمان هاتووه، وه‌ك چۆن قه‌ره‌بووی كوێت كرایه‌وه، یان ئه‌وه‌تا له ڕێی ڕیفراندۆمه‌وه بڕیاری چاره‌نووس ده‌ده‌ین.
عێراق ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی بارزانی‌یان زۆر به گرنگ وه‌رنه‌گرت، تا ئه‌نجوومه‌نێك بۆ ڕیفراندۆم دروست كرا، ئینجا به‌غدا ده‌ستیان به دروستكردنی لۆبی كرد بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پشتیوانییه‌كی ڕۆژئاوای بۆ نه‌یه‌ت. كوردستان له‌سه‌ر بڕیاری ڕیفراندۆم سوور بوو، واده‌ی بۆ دانا و هه‌موو گه‌ل كه‌وتنه جۆشوخرۆشه‌وه و له كاتی خۆیشیدا ده‌نگ درا و به زۆرینه‌یه‌كی باڵا، هه‌موو باشووری كوردستان گوتیان "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
دوای ڕیفراندۆم، ئه‌وه‌ی زۆرینه چاوه‌ڕێیان نه‌ده‌كرد به به‌رچاوی ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا، سوپای قودسی ئێران و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به هاوكاریی باڵێكی یه‌كێتی هه‌ڵبكوتنه سه‌ر باشووری كوردستان و نه‌خشه‌كه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ پێش هاتنی داعش و ئه‌و سنووره‌ی پێشمه‌رگه به خوێن ئازادی كردبوو، به ماوه‌یه‌كی كه‌م بیگه‌ڕێننه‌وه.
ئێمه ناتوانین له‌وه حاڵی بین تا ئا به‌م شێوه‌یه سه‌یری وێنه گه‌وره‌كه نه‌كه‌ین. ئێسته 40 ساڵ به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاستی شڵه‌قاودا تێپه‌ڕیوه و 10 ساڵی ماوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پلانه‌ی پێشتر خۆیان دایانڕشتبوو كه ده‌بێ نه‌خشه‌كه بێته گۆڕین، بێته دی. كورد له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و كاره‌ساته‌كان، وایزانی ئیتر وا لێی قه‌وما به 100 ساڵی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی خۆی. به‌ڵام چونكه ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا هه‌رگیز نایانه‌وێ كورد له هاوكێشه‌كه دوور بكه‌وێته‌وه و به‌شێكی گرنگی پلانه‌كانه، جارێكی تر وه‌ك ئه‌و نموونانه‌ی له سه‌ره‌وه باسم كرد، له ماوه‌یه‌كی خێرادا زۆربه‌ی دۆخه‌كان هێور بوونه‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی لای كورد جێی پرسیار بێت، بۆچی هێشتیان ئێران كورد بگه‌ڕێنێته‌وه سنووری پێش هاتنی داعش؟ به‌لای منه‌وه له‌وانه‌یه له‌به‌رئه‌وه بووبێ، هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وان نه‌یانویستبێ له‌م كاته‌دا كورد به ئاسانی كه‌ركووك و شنگالی بكه‌وێته ده‌ست و یارییه‌كی تر ماوه له ماوه‌ی ئه‌م 10 ساڵه‌دا بكرێت، پێش ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك كۆتایی بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ی ئێسته له‌و دوو شوێنه ڕۆژانه ده‌یبینین، سه‌ره‌تای ئه‌و یارییه‌یه.
كاتێك ئاوا به ڕوونی سه‌یری وێنه گه‌وره‌كه ده‌كه‌ین، ده‌بینین هه‌موو هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌یه كه بۆ ئه‌م گۆڕانكاری نه‌خشه‌یه و ساڵانێكی دووره داڕێژراوه. له‌م 10 ساڵه‌ی كه ماوه، نۆره‌ی بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه به‌رانبه‌ر ئێران، توركیا، عێراق، سعوودیه، سووریا، لبنان و له‌و یه‌كلابوونه‌وه‌دا، كورد هه‌رچۆنێك بێت له ئێسته‌ی باشتر ده‌بێ و داهاتوویه‌كی گه‌شتری له‌به‌رده‌مدایه. ڕووداوه‌كان و نه‌هێشتی چه‌ندان جاره‌ی ئه‌ورووپا به توانه‌وه‌ی كورد، باشترین به‌ڵگه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانی ئه‌و داهاتووه چۆنه، سه‌یری نه‌خشه‌ی داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه، تێیدا وڵاتی كوردستان، له توركیا گه‌وره‌تره.