شارەکان لە غوربەتدا جوانن.. بە بیانووی ساڵڕۆژی سلێمانییەوە

PM:03:06:14/11/2022 ‌

جیاوازیی شارێک لەگەڵ شارێکی دیکە، هێندە بریتی نییە لە بەراوردی ڕێژەی پێشکەوتنی ژێرخانی ئابووریی نێوانیان، یان ئاستی چالاکیی ئەدەبی و هونەری تێیاندا، بەڵکو زیاتر ئەو جیاوازییە لەو کاتانەدا دەردەکەون کە مرۆڤ لە دوورەوە لەسەریان دەیڵێت. خۆی شارەکان شتێکن و گوتن لەسەریان شتێکی تر.

هەمان ئەو پێوانەیەیە کە بۆ دڵداریی نێوان دوو کەس دەکرێت. شیرین و فەرهاد، مەم و زین، لەیل و مەجنوون، خەج و سیامەند، ڕۆمیۆ و جۆلیت و هەموو دوو ئاشقێکی ناو زانکۆکانی کوردستان کە بۆ یەک نابن و ئیدی کوڕە یان کچە دەکات بە شاعیر، ئاوا نەدەبوونە داستان، ئەگەر بگەیشتنایە بە یەکدی. 

واتە، جوانترین خۆشەویستی، ئەوانە نین کە ناوبانگیان هەیە. خۆشەویستییە جوان و سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە هیچان لەبارەوە نازانین و وەک خێزانێکی بەختەوەر دەژین و خەریکی بەخێوکردنی منداڵەکانیانن. ئەو خۆشەویستییەی دەنووسرێتەوە، بەهۆی کەموکوڕییەکانیەتی، لە سەروو هەموویەوە، جیابوونەوە، یان پێکنەگەیشتن.

شارە بەختەوەرەکانی دنیا، ئەو شارانەی زۆر پێشکەوتوون، ئەو شارانەی ئارامن، ئەو شارانەی باری دارایی دانیشتووانی باشە و باری تەناهی سەقامگیرە، خەڵکەکەی لێی ناچنە دەرەوە، هەر لەوێ دەژین تا دەمرن. کەواتە، لەو شارە هێورانەدا نابینیت و نابیستیت، یان بە دەگمەن دەبیستیت شاعیرێکی لێ هەڵبکەوێت و لەسەر جوانییەکەی بهۆنێتەوە. 

ئەو هەموو بەیتوبالۆرەیەی بەسەر "دوبەی"ـدا دەگوترێن و میرەکانیان پارە هەڵدەڕێژن بۆ ئەوەی گۆرانیبێژە زلەکانی عەرەب بە ئاواز و موزیکی پڕخەرجییەوە بیکەنە گۆرانی، هێندەی دوو دێڕی شیعری "دیمەشق"ی نزار قەبانی چێژیان نییە، هێندەی گۆرانییەکەی کازم بۆ "بەغدا" کاریگەرییان نییە. ئاخر دیمەشقەکەی نزار و بەغداکەی کازم، ئەو شارانەن کە خەڵکەکەی بەجێیان دەهێڵن و لە دوورەوە یادلەمە دەنووسنەوە. (چۆنە ئیدی لەجێی نۆستالجیا، یادلەمە لەسەر کێشی دیشلەمە بەکار بهێنین؟).

سلێمانی، یەکێکە لەو شارانەی دنیا کە بەردەوام خەڵکەکەی بە هۆکاری جیاواز: سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی... بەجێی  دەهێڵن. لێرەوە وەک هەر شارێکی دیکە، غوربەت و یادلەمە، هەستەکانی خەڵکەکەی دەورووژێنن و بە جۆری جیاواز دەری دەبڕن. ئەوەشمان بیر نەچێت، کورد بەگشتی، چونکە میلەتێکی ستەمدیدەین، ئەم هەستەمان بەردەوام هەڵکفیوە. 

واتە پێش ئەوەی سنەیی، شاری خۆی بە قیبلە بزانێت، هەولێری، شاری خۆی بە شاری شاران بزانێت، مەهابادی، سەقزی، کۆیی، عەفرینی، ئامەدی، قامیشلۆیی، بۆتانی... ئێمە گوندەکانی خۆمان بە بەهەشت و کانییەکەیمان بە کەوسەر زانیوە. 

واتە ئەمە شتێکی نوێیە کە پیاهەڵدانەکانمان بووە بە پێداگوتن بەسەر شاردا. لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا، هەموو ستایشەکان بۆ گوند و سروشت بوون و گۆرانیی کوردی تەژییە لە باسی گوند.

سلێمانی، شارێکی دەنگییە. ڕەنگە لە پاڵ ئەو هۆیەی کە خەڵکەکەی زۆر لێی چوونەتە دەر، ئەمەش هۆکار بێت کە زۆرتر ستایشی ئەدەبی و هونەری بەسەر ئەو شارەدا دەبینین. هیچ شیکارییەکمان پێویست نییە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە سلێمانی شارێکی دەنگییە. بەڵگە مێژوویییەکان خۆیان سەلمێنەرن. سلێمانی هەر لە سەردەمی بابانییەکانەوە، وەک شتێکی نوێ و بێ پێشینە لەناو کورداندا، ڕاگەیاندن و پروپاگەندەی لە دژی ئیمارەتەکانی تر و لە ستایشی میرەکانی خۆیدا بووە. ئەم ڕێچکەیە پەرەی سەندووە و ئیدی دەنگ لەو شارەدا تەنیا بۆ گفتوگۆی نێوان کەسەکان نەبووە، بەڵکو بۆ پێشاندان و زەقکردنەوە و زێدەگۆییش بەکار هاتووە و لەمەوە ئەدەب و زمانیش تێیدا پەرەی سەندووە.

یانی چی چوویتە سلێمانی و پێنجی بەیانی سەروپێیەکی ژێر پردەکەت نەخوارد؟ بە ڕاستە دەڵێی شەو نەچوویت چایەک لە ئەزمەڕ بخۆیتەوە؟ ئەوە بەجددیتە؟
لەو شارانەی دەنگ زاڵن، شەقام و دارەکان، کۆڵان و بەردەکانی، تەنیا شەقام و داروبەرد نین. گۆرانیبێژ دەناسم بۆ شێلمی بەردەم مزگەوتی گەورە، لە سویدەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. لە چاوپێکەوتنێکدا باسی دەکات و دەڵێت، لەپڕ بۆنی ئەو شێلمە هاتەوە بەر لووتم و بڕیارم دا تکتی فڕۆکە ببڕم و سەرێک لە شارە حەیاتەکە بدەمەوە. 

ئەم هەستی غوربەتە کە شارەکان لە خۆیان جوانتر لە یادگەی کەسی دووردا تۆمار دەکات و کەسەکەیش خەڵکی شارێک بێت کە شارێکی دەنگییە، دەبینین دەری دەبڕێت و باسی دەکات. ئەم باسکردنە لەلایەن هونەرمەندێکەوە، دەچێتە ناو فەرهەنگەوە و ڕێچکە وەردەگرێت و جەماوەر بۆ ئەو شێلمە پەیدا دەبێت. هەربۆیە سەهۆڵەکە، ژێرپردەکە، شەقامی سالم و نالی، باخی گشتی، چایخانەی شەعب و ناوەکانی تری ئەو شارە، لە هزری هەموو کوردێکدا دەزرنگێنەوە. هەربۆیە کاتێک لە سەردانێکدا بۆ باکوری کوردستان، لەلایەن چەندان کەسەوە داوام لێ دەکرا، باسی کەبابی قایەر و کفتەی سابوونکەران و گەزۆی تۆفیقی حەڵواچی بکەم.