لە خوارووی ڕێكخەری گشتییەوە بۆ ژێرباڵی هاوسەرۆك

PM:01:35:23/06/2021 ‌
عومەری سەید عەلی، ئەو پیاوەی كاتێك ڕەحمەتی نەوشیروان مستەفا زیندوو بوو، هەردەم لای دەرگەوە دادەنیشت، باش دەیزانی شوێنی ئەو لای ڕێكخەرەكەی چەندە لە سەرەوەیە، ئەمەش بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا ڕەنگی دایەوە و پاش مردنی دامەزرێنەرەكەیان، ئەویان بۆ ڕێكخەری گشتی هەڵبژارد، ئاخر بەهۆی ئەو هاوڕێیەتییەی  ساڵانێكی زۆری تەمەنی ئەو دوو سەركردەیەیان، دەیانزانی هاوڕا و هاو ئامانجیشن. وا دەرنەچوو. ئێستە ئەو بزووتنەوەیە، دڵی هەموو لایەكی ڕازی كردووە، هەڵسووڕاوانی خۆی نەبێت.

كەی بزووتنەوەی گۆڕان باری كەوتە لێژیی؟ بە گوتەی گۆڕانخوازان و هەندێك لە ئەندامانی جڤات، ئەوكاتە بوو كە بە لۆری دەنگی ساختە بۆ بەرژەوەندیی یەكێتی و بە دیاریكراوی كاندیدانی یەكێك لە دوو ئامۆزاكە بران و بە هەمان ئەو لۆرییانە، سندووقەكانی پێشتر كە پڕی بوون لە دەنگی گۆڕان، بران بۆ شوێنێك "خۆیان و خوا و شۆفێری لۆرییەكان نەبێت، كەس نەیزانی" چۆن گۆڕیان بزر كرا. بە گوتەی هەندێكی تر لە ئەندامانی جڤات، ئەوكاتە كۆتاییان هات كە قاسم سلێمانی چووە مەكۆی سەرەكی و پێی گوتن، دەبێت هاوشانی یەكێتی ئاگای لێیان بێت و پێكەوە هاوپەیمانییەكی بەهێز دژی پارتی دروست بكەن، بەڵام كاك عومەری سەید عەلی پێی گوتوون: ئێمە بەشێك نین لە ئەجێندای هیچ دەوڵەتێك، ئیدی بەمە ئێران بەتاڵی كردنەوە. بە گوتەی بەغایییەكانی گۆڕان، ئەو حیزبە بە نزیكبوونەوەی لە پارتی، ئیدی مەرگی بۆ خۆی هەڵكەند!

كاك عومەری سەید عەلی، پێچەوانەی زۆربەی ئەندامە سەرەكییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و ڕووكردنە ئەو هەستە نەتەوەیییەی ناخی، نەیتوانی لە كاتی بانگەشەی "ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان"ـدا هیچ وشەیەك دژی پرۆسەكە بڵێت و دواجاریش بە ئاشكرا و لەپێش چاوی كامێراكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول دەنگی بە "بەڵێ" بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا. ئەم دەنگدانە، نەرمییەكی لەلایەن پارتییەوە بەرانبەری دروست كرد و بووە سەرەتایەك بۆ ڕێككەوتنەكانیان تا بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا بكەن.

ئەو گۆڕانانەی كە بەتەواوی لەو خاڵەدا لە ڕێكخەرەكەی پێشوویان نزیكترن كە نابێت هەرگیز و بۆ هیچ ئامانجێك و لە هیچ هەلومەرجێكدا لە پارتی نزیك ببنەوە، ئەم نزیكبوونەوەیەی كاك عومەر و گۆڕانیان بە كارەساتی گەورە زانی، بۆیە ئیدی لێرەوە ترازان دەستی پێ كرد. هەر لەو بزووتنەوەیە، ئەوانەی هێشتا فەرهوودكردنی دەنگەكانیان لە ئەلبیسەكە لەبیر نەچووبووەوە، ئەم هەنگاوەی بەرەو پارتی بە تۆڵەیەكی مزر لە یەكێتی زانی و پێیان وابوو، سیاسەتێكی باشە.

ڕایەكی باو هەیە دەڵێ، گۆڕان بە بەشداری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆتایی بە خۆی هێنا. بەڵام وای دەبینم، لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوام بوونایە و سەنگەرێكی توندیان لە یەكێتی بگرتایە، وێڕای هێزی ئابووری و سەربازییەكەی یەكێتی، دژەتیرۆر و دەزگەی زانیاری، تاران و بەغدا، هێشتا گۆڕان دەیتوانی لەم هەڵبژاردنەدا، شوێنی ئاسایی دوو هەڵبژاردنی سەرەتای دروستبوونی وەربگریتەوە و یەكەمی سلێمانی بێت كە ئەوە ئامانجە گەورەكەیانە. كاك عومەر ئەمەی نەدەزانی؟

گۆڕان بەم هاوپەیمانییەی لەگەڵ یەكێتی، ئەوانەیشی لێ هەڵوەری كە بە نزیکبوونەوەیان لەگەڵ پارتی لێیان نەتۆرابوون، ئیتر چۆڵی دەكەن و پێناسەیەكیان نەما وەك هێزی سێیەمی كێبەركێ لە كوردستاندا. 

نەمانی گۆڕان وەك هێزی سێیەم، واتە جارێكی تر گەڕانەوەی ئیسلامییەكان و تێكڕا دەبنە سێیەمێكی نزیك لە دووەم كە یەكێتییە، ئەگەر زیاتریش نەبن.

ئەوەی ئێمە لێرە باسی دەكەین، تەنیا لەبەر خاڵێك نییە كە گۆڕان پێچەوانەی دروشمەكانی پێشووی خۆیان مامەڵە دەكەن و چوونەتەوە باوەشی ئەو هێزەی پێش هەموو شتێك تۆران لەوان دروستی كرد، هۆیەكی دیكەی سەرەكی ئەوەیە، ئەوان بە هاوپەیمانییەكی نایەكسان ڕێككەوتوون و تێیدا تەرازووی هێز باری لەنگە و وەك هاوسەرگیریی ڕۆژهەڵاتی، زاڵ و بەزیو بە زەقی دیارە. 

خۆ ئەگەر هاوپەیمانییەكی یەكسان بوونایە، دەبوو قسەیەكیش ڕوو لە یەكێتی بكەین و بڵێین، ئێوە مادەم لەگەڵ گۆڕاندا بوونە برابەش، كەواتە دەبێ ڕازی بن كە كۆمەڵێك جومگەی سەرەكیی ئەوان ئیخوانیزمن. ئەوەی ڕوونە، ئینخوانیزمەكان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئیدی لەم هاوپەیمانییەدا ناتوانن جێگیر بن.

لە بەرانبەردا بە زەقی دەتوانین بە گۆڕان بڵێین، ئێوە مادەم بەم هاوپەیمانییە ناهاوسەنگە ڕازین، كەواتە ددان بە 16ی ئۆكتۆبەردا دەنێن و چیتر نابێت لە میدیاكانتاندا باسی بكەن. كەواتە ئەو شانازییەی گوایە قاسم سلێمانی داوای لێ كردبوون بچنە ژێر هەژموونیانەوە نەما و ئیدی هیچ شانازییەكی لەو جۆرەتان نییە بیكەن. با لێرەدا كەمێك بوەستین! ئەرێ بەڕاست، ئەها لەسەرەوە گوتم، بۆ كاك عومەر نەیدەزانی ئەگەر تەنیا هاوپەیمانی پارتی بووایە، دەیتوانی لە سلێمانی ببێتەوە هێزی یەكەم؟ ئایا تۆ بڵێی بابەتەكە زانین و نەزانین نەبێت؟ بەڵكو دواجار چوونیان بێت بۆ ژێر هەژموونی ئێران؟ ئەمە پرسیارە، پێویستە ئەندامانی جڤاتی گۆڕان ڕاستەوخۆ لە كاك عومەر و كوڕانی كاك نەوشیروانی بكەن. 

كاك عومەر لەژێر باڵی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، تابلۆیەكی هێندە ڕوونە، زۆر ڕوونتر لەو تابلۆیەی هێرۆ برایم ئەحمەد پێش چەند ساڵێك پێشكەشی ئێرانییەكانی كرد و تێیدا نەخشێندراوەكە ڕوون بوو كە یەكێتی دەیەوێت ئێران بە تەواوی باوەشی بۆ بكاتەوە. كاكە عومەریش هەمان باوەشی گەرەكە. لەپێناو چی؟ 

هەمووی لەپێناو یەك خاڵی سەرەكی زیاتر لە 50 ساڵە خەباتی بۆ دەكرێت، ئەویش ئەوەیە، هێزی یەكەم لە پارتی بسەندرێتەوە. گریمان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی هێشتا گەنجن، بەڵام كاكە عومەر باش دەزانێ، ئەو جۆرە سیاسەتە بۆ لێسەندنی زلهێزی لە پارتی شكستی هێناوە، ئایا نەدەبوو ڕێیەكی لۆجیكی تر تاقی بكاتەوە؟ هیچ نەبێت هەڵەكانی ڕێكخەری پێشووی دووبارە نەكردایەتەوە!.