ئەم شەڕە ناكرێت

PM:03:01:14/04/2024 ‌
نێوان كۆتاییی جەنگی یەكەمی جیهانی و دەستپێكی جەنگی دووەمی جیهانی، تەنیا 21 ساڵ بوو. زۆرێكی ئەو سەرباز و جەنەڕاڵانەی لە یەكەمدا بەشدار بوون، لە دووەمیشدا بەشدارییان كرد. لە دوای ئەوەوە، زلهێزیی دوو جەمسەری نەما و تەنیا جەمسەری ئەمەریكا و هاوپەیمانە ئەرووپییەكانی بوونە تاكە زلهێزی جیهان، تا ئەو كاتەی ڕووسیا هەستایەوە و چین گەشەی كرد، لەگەڵیاندا كۆریا و ئێرانیش وەك هێزی مەترسیدار دروست بوون و لە ناوەندیشیاندا هیندستان و پاكستان كەوتنە ناو كڕیارانی چەكی ئەتۆمی و بەمە هێز لە جیهاندا باڵانسێكی وەرگرت كە كەس نەوێرێت یاریی بە بەرژەوەندیی وڵاتانەوە بكات، ئەگەر هەموو وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕازی نەبن.

سەرباری ئەو كورتەچیرۆكەی لەسەر سەتەی ڕابردوو باسم كرد، بەڵام بەردەوام جیهان چاوەڕێی شەڕێكی تری یەكلاكەرەوەی جیهانییە، چونكە شتێك هەیە لە نێوان ئەو هێزە گەورانەدا بریتییە لە مێژوو، ئەمەش بە ئاسانی تێ ناپەڕێت. مێژووی هەژموونی ڕووسیا بەسەر ئەورووپاوە كە ئێستەیش بەشێكی ئەو وڵاتانە بە هی خۆی دەزانێت. مێژووی داگیركاریی توركیای عوسمانی بۆ سەر ئەورووپا كە ئێستەیش ئەورووپاییەكان ئەو كینەیان هەر لا ماوە. مێژووی یۆنان، ئەرمەن، عەرەب و كورد لەگەڵ توركیا. لەولاوە مێژووی دروستكردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاكێك، ئەگەرچی لە مێژوویەكی كۆندا خاكی كەنعان هی ئەوان بووبێت، بەڵام لەو مێژووەی تاپۆ كرایە سەریان، خاكەكە هی عەرەب بوو، بە زەبری ئەو زلهێزە بێ ڕكەبەرەی دوای بردنەوەی دووەم جەنگی جیهانی، كەس لەسەر فەلەستین بە جواب نەهات، ئەم بەجوابنەهاتنە، پیشخواردنەوەیەكی قووڵی دروست كرد و ئیسرائیل و زلهێزەكانیش دەیانزانی هەر ڕۆژێك دێت دەتەقێتەوە. لە شەڕی ئۆكتۆبەری عەرەب و ئیسرائیل، زۆری نەمابوو لەناوی ببەن، بەڵام ئەمەریكای سەردەمی كیسنجەر، فریای ئیسرائیلی سەردەمی گۆڵدا مایێر كەوت و لە چنگی عەرەب ڕزگاری كردن.

ئێستە جیهان لە بەردەم دوو هەژموون و سێ پاوانخوازیدایە. هەژموونی ئەمەریكا و هەژموونی چین كە هەریەكەیان دەیەوێت بە هێزی ئابووری و زەبری زلهێزی، جڵەوی سامان و داهاتووی زەوی بگرنە دەست. لە پاڵیاندا سێ پاوانخوازی بەرۆكی جیهانی گرتووە، یەكێكیان پاوانخوازیی ڕووسیایە، دەیەوێت هەموو دەریای ڕەش هی خۆی بێت، هەموو ئەو وڵاتانەی بە شەڕی مێژوویی بە هی خۆی دەزانێت، بیگرێتەوە و سەرەتا ئۆكرانیای دەوێت، هەروەها دەیەوێت وڵاتانی ڕێككەوتی هەڵوەشاوەی وارسۆ بكەونەوە ژێر ڕكێفی و لە ڕێككەوتنی ناتۆ دووریان بخاتەوە. 

لە پاڵیدا پاوانخوازیی ئێران هەیە، دەیەوێت مانگی شیعی دروست بكات كە پانتایییەكەی هەڕەشەیە بۆ پاوانخوازیی ئیسرائیل كە ئەویش دەوێت هەر بستە زەوییەك پێش هەزاران ساڵ جوویەكی تێدا بووبێت، بیگرێتەوە. لە نێوانیاندا توركیا هەلەكەی قۆستووەتەوە و لە هەر شوێنێك ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی لاواز بووبن، بە ئابووری و تەنانەت سەربازیش خۆی گەیاندووەتێ، وەك سۆماڵ و لیبیا و سوودان.
لەم سێ هێزە پاوانخوازەی باسم كردن، ڕووسیا و ئێران یەك جەمسەرن كە چین و كۆریای باكوریشیان لەگەڵدایە. جەمسەرێك هەم هەژموونی چینی لە پشتە، هەم چەكە ئەتۆمییەكانی كۆریا و بە تەواوی بینەقاقای جەمسەرەكەی تریان گرتووە كە ئیسرائیلیان لەگەڵدایە و دۆخەكە بە شێوەیەك ئاڵۆز بووە، هەر ئەوەندەی شەڕەكە گەورە ببێت، جەنگی سێیەمی جیهانی دروست دەبێت، بەڵام ئایا براوەی ئەو جەنگە كام جەمسەرەیان دەبێت؟

لەسەر كاغەز سەیری هەردوو جەمسەر بكەین، داخۆ چییان هەیە و چییان نییە؟ دەبینین هێشتا ئەو جەمسەرەی ئەمەریكا ڕابەرایەتی دەكات، بەهێزترە، بەڵام لە ڕووی پتەویی نێوان لایەنەكانی هەردوو جەمسەر سەیر بكەین، دەبینین جەمسەری چین زۆرتر لەگەڵ یەكدی پتەون، بە بەڵگەی ئەوەی ئەوەتا ئێستە ئێران خەریكی شەڕی بە وەكالەتە بۆ ڕووسیا. ئەم شەڕەی ئێستە ئێران لەگەڵ ئیسرائیلی دەكات و پێشتر لە ڕێی حەماسەوە كردی تا گەیشتە ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆی درۆنی بۆ بنێرێت، لەپێناو شەڕێكی ترە كە بریتییە لە شەڕی ئۆكراینا و ڕووسیا. 
ئەورووپا و وڵاتانی ناتۆ لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو شەڕەدا، هاوڕای ئەمەریكا نین، ئەمەش دەرفەتی قۆستووەتەوە تا ڕووسیا لە قۆڵێكی تری جەرگبڕەوە لێیان بدات. لێدان لە ئیسرائیل كە منداڵە بەنازەكەی جەمسەری ئەمەریكا و ئەورووپایە، هیچ شتێك لەسەر مێزی گفتوگۆ ناهێڵێتەوە و ناچاریان دەكات وەڵام بدەنەوە و جەنگ ڕابگەیەنن، یان...

یان ئەوەتا بە دانوستان دەستبەرداری ئۆكراینا بن، ئەمەش بۆ ڕووسیا دەستكەوتێكی مەزنە، چونكە یەكەم هەنگاوی شەڕە مێژوویییەكەی بردەوە. بۆ ئەمەریكاش دەستكەوتە كە ئیسرائیلی لە شەڕێكی خوێناوی گەورە پاراست و جیهانی لە سێیەم جەنگی جیهانگر ڕزگار كرد، هەروەها بەهۆیەوە ئەورووپایش دەكاتە گیسكەكەی هەیاس، چونكە لەوەتەی ئەورووپا لە سەقامگیریی تەواوی خۆیدایە، خەریكە بەڕە لە ژێرپێی ئەمەریكا دەربێنن، ئەمەش هەرگیز جێی قبووڵ نییە و دەبێت واشنتن بە مەسجێك پێیان بڵێت، ئێوە بێ من هیچ نین. كەواتە ئەم شەڕە ناكرێت، بەڵام ئەورووپا دەكەوێتە دۆخێكی شڵەژانی تەواوەوە، چونكە ڕووسیا دەكەوێتەوە بن سەری. ڕەنگە توركیا (ئەویش ئەگەر ڕووسیا ڕازی بێت)، ببێتە جێگرەوەی غازەكەیان بۆ ئەورووپا و قازانجێكی گەورە بكات. ئەم شەڕە ناكرێت، تا ئەوكاتەی ڕوون دەبێتەوە كە لایەكیان براوە دەبێت. لەم دۆخەدا، ڕەنگە چل پەنجا ساڵی تریش بخایەنێت، هیچ جەمسەرێكیان ناتوانێ جەنگێكی جیهانی بباتەوە. لە ڕووی مرۆیییەوە، ئەم باڵانسی هێزە سەقامگیریی زیاتری لە جیهاندا دروست كردووە.