حكوومه‌ته‌كه‌ی پارتی

PM:01:25:13/06/2020 ‌
لێدوانێكی كۆنی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا له‌ سۆشیاڵ میدیا بە شێوەیەکی فراوان جارێکی تر بڵاو کراوەتەوە، چونکە بە تەواوی بۆ ئەم دۆخەش دەشێ، دەڵێ: ئەگەر پلانەکانی حکوومەت سەری گرت، هەموو حزبەکان دەڵێن ئێمەش پشکدار بووین تێیدا، ئەگەر شکستی هێنا، دەڵێن ئەوە حکوومەتەکەی پارتییە، نازانێ بەڕێوەی ببات. پێ دەچێ ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتیشدا جارێکی تر سەری هەڵدابێتەوە.

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکوومەت کە چاکسازییە
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکوومەت کە چاکسازییە، وەک لە گوتاری دەستپێکی حکوومەتدا گوتی، داخوازیی یەکەمی ئێستەی هاووڵاتی، نەمانی گەندەڵی و چاکسازیی ڕیشەیییە، حزبە بەشدارەکانی حکوومەت، لە سەرەتای کابینەکەدا، زۆر لە ڕژدبوونی بەڵێن و هەنگاوەکانی چاکسازی دڵنیا نەبوون، تا ئەوکاتەی بەڕاستی چووە بواری جێبەجێکردن و دەرکەوت کارنامەی حکوومەت تەنیا دروشم نییە و ڕاستگۆیانە دەیانەوێ بەڵێنەکانیان بەرانبەر هاووڵاتی ببەنە سەر. ئەمەیش وای کرد، هەر کەسێک لەو چاکسازییە زەرەرمەند بێت، هەوڵ بدات تێکی بدات، هیچ نەبێ دەنگۆی پێچەوانەی بەرانبەر بڵاو بکاتەوە.

وا دیارە زیالێکەوتووانی چاکسازی دژی دەوستنەوە نەک هەموو حزبەکان، بۆیە چاوەڕێ دەکەین زۆرینەی یەکێتییەکان پشتیوانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت بن کە بەتەواوی وەک بەشێکی سەرەکیی بناغەی کابینەی نۆیەم، کار بۆ چاکسازی دەکات و چەندان جاریش بە گوتار ئەوەی بەڕاشکاوی باس کردووە، هەروەک چۆن دەبێ زۆربەی جەماوەی گۆڕانیش لەگەڵ چاکسازی بن.

یەکێتی و گۆڕان، لەو زنجیرە کۆبوونەوانەی بۆ پێکهاتنی کابینەی نۆیەمی حکوومەت کرا، دروشمی گەورەیان چاکسازی بوو، پارتیش بە فایلێکی چاکسازییەوە چووە بەردەمیان و هەرسێ حزبەکە لەسەر ئەو بەڵێنە ڕێککەوتن و کابینەکەیان پێک هێنا و دەیانزانی ئەگەر ئەم چاکسازییە سەربگرێ، هەرسێکیان دەبنە خاوەنی دەستکەوتی جەماوەریی گەورە و ئاشتکردنەوەی خەڵکی خۆیان، بەڵام دەبینین کاتێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەلایەن هەندێکەوە کە بەرژەوەندییان تێک دەدرێ، میدیای زەبەلاح بۆ دژایەتیی بەرنامەکە دەکڕن و وردە میدیا و سۆشیاڵ میدیایش لە دژی دروست دەکرێ.

ئەگەرچی لەسەر بەخت هیچ شتێک بونیات نانرێ، بەڵام ڕەنگە بەدبەختییەکە لەوەدا بێت، پێش ئەوەی خەڵکی هەست بە کاردانەوەی چاکسازییەکانی حکوومەت بکەن، نرخی نەوت دابەزی
ئەگەرچی لەسەر بەخت هیچ شتێک بونیات نانرێ، بەڵام ڕەنگە بەدبەختییەکە لەوەدا بێت، پێش ئەوەی خەڵکی هەست بە کاردانەوەی چاکسازییەکانی حکوومەت بکەن، نرخی نەوت دابەزی، پێش ئەوەی یەکەم بەرکەوتەی چاکسازییەکە بگاتە هاووڵاتی، عێراق جارێکی تر لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم, گرێی دروست کرد, پێش ئەوەی هەرچۆنێک بێت بە قەرز لە کۆمپانیا نەیەڵن ئەمە کاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروست بکات، کۆرۆنا هات و ئابووریی جیهانی تەپاند، کوردستانیش بەشێکە لەو جیهانەی بەتەواوی داهاتی ناوخۆی گەیشتە سفر و بازاڕ ڕاوەستا و وردە وردە کاریگەریی کەوتە سەر قووتی ڕۆژانەی خەڵک کە زلهێزانی ئابووری وەک ئەمەریکا، به‌ریتانیا، ئەڵمانیا و فڕەنسا، دەرەقەتی نایەن. سەرباری ئەوە، فەیکمیدیاکانی ئەو هەلقۆزەرەوانە ویستیان ئۆباڵی هەموو ئەو گرفتانە بهێننەوە بەسەر پارتیدا. 

هاووڵاتی برسییەتی، نانی دەوێ، هەرکەس بڵێ لەگەڵتم بۆ بەدەستهێنانەوەی نانەکەت، بەدووی دەکەوێ، بەبێ ئەوەی بزانێ کوێی ڕاستە و کوێی فیكه‌ی حەرامزادەیە. بەبێ ئەوەی بزانێ ئەو داوایە بۆ ئه‌و حکوومەتانەی دنیاش کە ژێرخانێکی ئابووریی بەهێزیان هەیە، جێبەجێکردنی زەحمەتە، جچای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی بڕینی بودجە و قووتی خەڵکی لە حکوومەتی ناوەندەوە، تووشی قەرزێکی زۆر بوو، بۆیە کابینەی نۆیەم بەسەر ئەو قەرزە ناچارییانەدا هات.

سەرکەوتنی حکوومەت لە یەکەم شەپۆلی کۆرۆنا کە دەبوو بە یەکسانی هەرسێ حزبەکەی دەسەڵات شانازی پێوە بکەن و وەک مادەی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ بکەن، بەپێچەوانەوە کەچی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی کرا و بووە هۆی ئەم لێشاوەی تووشبووانی قۆناغی دووەمی ڤایرۆسە کە بەداخەوە لە سلێمانی زۆرترە و هۆکارەکەیشی دیارە بۆ ساردکردنەوەی خەڵکی دەگەڕیتەوە لە خۆپارێزی، بۆ ئەوەی تەنگژەیەکی تر بۆ حکوومەت زیاد ببێت و کاتێک ئیتر لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێ، بڵێن ئەها پارتی ژیانی خەڵکی نەپاراست. بەڕاستی کاتێک مرۆڤ بیر لەمە دەکاتەوە، پێی سەیرە دژایەتی و ململانێ بگاتە ئەوەی هەوڵ بدەی کارەساتی مرۆیی لە شارێکدا دروست بکەی.

ئەوەی لەبەردەم حکوومەتە، ئیرادەی پۆڵایین و مانەوەی ئەم یەکگرتوویییەی ناو ئەنجوومەنی وەزیرانە
ئەوەی لەبەردەم حکوومەتە، ئیرادەی پۆڵایین و گوێنەدان بەوەی داخۆ حزبەکانیان لەگەڵی دەبن یان نا، چونکە سەرکەوتنی ئەو تیمەی کابینەکە، مێژوویان بۆ تۆمار دەکات، لە سەردەمێکدا کە خەریکە مێژوو بە جۆرێکی جیاواز و بە کارەساتی گەورەی مرۆیییەوە خۆی دەنووسێتەوە. لە بەرانبەریشدا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو تەنگژە و دۆخە پێشبینی نەکراوانە، ئەگەر یەکێتی یان گۆڕان شانی بەرپرسیارێتی نەدەنە بەر و بەشداریی هەموو دۆخەکانی نەکەن و بۆ خۆپەڕاندنەوە بەرپرسیارێتی هەمووی بخەنە ملی پارتی، ئایا نابێ وەک حکوومەت و وەک کۆمەڵگەیش بیانخه‌نه‌ ژێر پرسیارەوە، ئەی خۆیان چۆن وەڵام دەدەنەوە؟.