ئه‌مڕۆ كه ڕۆژی ژنانه، له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا بایه‌خی پێ ده‌درێ، به‌ڵام له شوێنێك بۆ شوێنێكی تر گرنگی و بایه‌خه‌كه‌ی ده‌گۆڕێ، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بایه‌خدانی كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كان به خانمان، له كوردستان نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی خێزان و نه‌شگه‌یشتووه‌ته ئاستی بڕیاری حكوومه‌ت له‌سه‌ری.
له زۆربه‌ی وڵاتان، جگه له بۆنه‌ی تایبه‌تی ماڵان كه پیاوان گوڵ پێشكه‌شی هاوسه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌و ڕۆژه‌دا به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، له هه‌ندێ كۆمپانیا و شوێنی كاریش، كارمه‌نده ژنه‌كان خه‌ڵات ده‌كرێن و گوڵیان پێشكه‌ش ده‌كرێ، شیرینیش به‌سه‌ر ته‌واوی كارمه‌نداندا ده‌به‌خشرێته‌وه.
له هه‌ندێ وڵاتیش وه‌ك ڕووسیا، ئۆكرانیا، ئه‌فغانستان، ئه‌نگۆلا، ئه‌رمینیا، ئازربێجان، بیلارووس، بوركینا فاسو، كه‌مبۆدیا، كوبا، جۆرجیا، گینیا، ئه‌ریتریا، كازاخستان، لاوس، تاجكستان و چه‌ند وڵاتێكی تر، ڕۆژی ژنان ده‌كرێته پشووی فه‌رمیی وڵات و له‌لایه‌ن سه‌رۆك و به‌رپرسه باڵاكان، ساڵانه بڕیاری تایبه‌ت بۆ خانمان له‌و ڕۆژه‌دا ده‌رده‌چێ.
له چه‌ند وڵاتێكی وه‌ك چین، مه‌قدۆنیا، نیپال، مه‌ده‌غه‌شقه‌ر و نیپال، ئه‌و ڕۆژه ته‌نیا بۆ خانمان ده‌بێته پشووی فه‌رمی، پیاوان له‌سه‌ریانه ئه‌ركه‌كانی هاوكاره ئافره‌ته‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك بیرۆكه چه‌ند وڵاتێكی تر گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردووه كه پێڕه‌وی بكه‌ن.
له كراواتیا، رۆمانیا، كامیرۆن، بولگاریا، چیلی، بۆسنه و چه‌ند وڵاتێكی تر، ڕۆژه‌كه نه‌كراوه‌ته پشوو، به‌ڵام كاته‌كانی ده‌وام قۆستراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك نیمچه ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵێكی گشتی لێ بكرێ، تا هه‌ركه‌سه له‌لای خۆیه‌وه ڕێز له دایك و هاوسه‌ر و ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ده‌وروپشتین بگرێ و به دیاری جۆراوجۆر نمایشیان بۆ بكه‌ن.
له هه‌رێمی كوردستان، به شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ند یادی ڕۆژی ژنان ده‌كرێته‌وه، زیاتر بایه‌خه‌كه له قاڵبی میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌سووڕێته‌وه و چه‌ند به‌رپرسێكیش پیرۆزبایی ڕۆژه‌كه ده‌كه‌ن، هه‌ندێك ساڵیش كۆنگره و بۆنه ده‌كرێ، به‌ڵام به ته‌واوی بۆ ئاستی ناو خێزانه‌كان شۆڕ نه‌بووه‌ته‌وه و بۆ ئاستی حكوومه‌ت به‌رز نه‌بووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌كرێ به سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی وڵاتانی تر، له‌و ڕۆژه‌دا به ته‌واوی وه‌ك بۆنه‌یه‌كی فه‌رمی یان نیمچه فه‌رمی لێ بكرێ.
ڕه‌نگه پێشنیازی شێوه‌ی وڵاتی چین و چه‌ند وڵاتێكی تر كه ده‌یكه‌نه ڕۆژی پشوو بۆ خانمان، گونجاو بێت، چونكه خانمی كورد وه‌ك زۆربه‌ی خانمانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌ركه‌كانی له مافه‌كانی زۆرتره، ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵی له‌سه‌ره و به‌شێكی زۆریشی فه‌رمانبه‌ره له شوێنه جیاجیاكان، ئه‌گه‌ر ڕۆژێكیان بۆ دابنرێ كه له پشوودا بن كه ڕۆژی جیهانیی ژنانه، گرنگیی مه‌عنه‌ویی زۆری ده‌بێ.
کوردۆ شابان