هێما نیازی حه‌مه‌عه‌زیز
گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ناو زه‌وینه‌یه‌كی پڕ له ترس‌دا یه‌كتر ده‌گرن، گردبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌په‌نا یه‌كتر له دێرینه‌وه پاڵنه‌رێكی هه‌بوو كه بریتی بوو له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی هاوبه‌ش، بۆیه كۆمه‌ڵگه‌رایی یان خڕبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له ده‌وری یه‌كتر بۆ مانه‌وه و یه‌كخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، تۆپه‌ڵه خه‌ڵك و خێزان و بنه‌ماڵه‌ی دروست كرد. ئه‌م یه‌كگرتنه هاوبه‌شه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسی، هه‌ر ته‌نیا خڕبوونه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی دروست نه‌كرد، به‌ڵكو سیستمێكى به‌كۆمه‌ڵ بیركردنه‌وه‌یشى له‌باره‌ى ژیانه‌وه لێ كه‌وته‌وه. له‌ناو سیستمێكى به كۆمه‌ڵ ژیاندا مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تی، به ته‌واوه‌تى ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ژموونى بیرى باوى كۆمه‌ڵه‌كه‌ى.
له‌ناو پێكهاته‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیی وا كه "هێز" له‌ناو ململانێكاندا ده‌بێته ڕه‌گه‌زی یه‌كلاكردنه‌وه و مانه‌وه‌ی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. ئه‌م كۆبوونه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌ر له هه‌ر شتێك گردبوونه‌وه‌یه‌كی بایلۆجییه، ڕیشه‌كه‌ی له‌ناو هه‌موو ئاژه‌ڵه هاوچه‌شنه‌كاندا به‌دی ده‌كرێت، بۆیه زاده‌ی بنه‌مایه‌كی ساده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی بوونه‌وه‌رانه له‌پێناو مانه‌وه‌دا.
ئاژه‌ڵه هاوچه‌شنه‌كان یه‌كتر ده‌گرن، تا به‌رانبه‌ر ئه‌وانیتر جیاواز یان دوژمن به‌ره‌نگاری بنوێنن، بۆیه ناچارن له‌ناو كۆمه‌ڵه‌كه‌یاندا سه‌ر بۆ به‌شێك له باوه‌ڕه گشتییه‌كان بله‌قێنن، تا فڕێ نه‌درێنه ده‌ره‌وه‌ى ئاسایشی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تێیدا ده‌ژین.
له دوای نیشته‌جێبوونی مرۆڤیش به‌هۆی كشتوكاڵه‌وه، به كۆمه‌ڵ بیركردنه‌وه وه‌ك زاده‌ى یه‌كگرتنى بایلۆجیی مرۆڤ نه‌مایه‌وه، به‌ڵكو درێژ بووه‌وه بۆ یه‌كخستنى هێز و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سامانداری، ئه‌مه‌ش به‌كۆمه‌ڵبوونى مرۆڤ و مانه‌وه‌یانی له شوێنێكی دیاریكراودا به‌هێزتر كرد. بونیادێكى نوێی له به كۆمه‌ڵ ژیان پێكهێنا كه مرۆڤی زیاتر ده‌به‌سته‌وه به خاكێك، ئه‌مه‌ش شوناسێكى به‌هێزتر و مانه‌وه‌یه‌كى پته‌وترى پێ به‌خشی. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا هه‌موو ئه‌م كۆبوونه‌وانه له نه‌بوونی سیستمێكی ئاسایشی گشتی و دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌ت ده‌هاتنه كایه‌وه.
له ده‌ورانی پێشكه‌وتنی سیستمی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه له دیدی "ماكس ڤیبه‌ر"دا ده‌توانن "زه‌بروزه‌نگی شه‌رعی" له ڕێى "پۆلیس و دادگا" بۆ پاراستنى ئاشتی و ماف پیاده بكه‌ن، ئاستی پشت پێكبه‌ستن و گردبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه خه‌ڵك له ڕه‌هه‌ندی خوێن و خزمایه‌تییه‌وه كاڵ ده‌بێته‌وه، چونكه له جێی ئه‌وه‌ی مرۆڤ به كۆمه‌ڵ و له ڕه‌هه‌ندی خزمایه‌تی و هێزى بنه‌ماڵه‌ییه‌وه خۆى بپارێزێت، ده‌وڵه‌ت له‌جیاتی هه‌مووان ئه‌م ئه‌ركه به چه‌ندان ڕێوشوێنی پێشكه‌وتووی شارستانییانه‌وه ده‌گرێته ئه‌ستۆ. ئه‌مه هاوكاتى ئه‌و گۆڕانه شارستانییه بوو كه ڕه‌وته چاكسازه‌كانى دنیا داوایان ده‌كرد، تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ى ئاین و هزر له بابه‌تێكى گشتى و كۆمه‌ڵگه‌رى، بكرێته پرسێكى تایبه‌ت به تاكه‌كه‌س.
دیارده‌ى تاكگه‌رایی و گه‌ڕانه‌وه بۆ پێگه‌ى تاكه‌كه‌س، له دواى شه‌ڕى سارد و سه‌ركه‌وتنی ته‌وژمی لیبراڵیزمدا كه تاك ده‌كاته ته‌وه‌ری جووڵه‌ی سیاسی و ئابووریی خۆی، چه‌ند هێنده خه‌ست ده‌بێته‌وه، له‌مه‌وه دیارده به كۆمه‌ڵه‌كان ورده ورده هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه، تا وای لێ دێت له سه‌رده‌می جیهانگیریدا مرۆڤ سه‌ربه‌خۆیی خۆی له شوێنی نیشته‌جێبوون و كار و بیركردنه‌وه و ئازادییه تایبه‌تییه‌كانیش به‌ده‌ست دێنێت.
ئه‌م تاكگه‌راییه هه‌ر ته‌نیا پانتایی بیركردنه‌وه‌ى نه‌گرته‌وه، ته‌نانه‌ت له ژیانى ڕۆژانه و به‌كارهێنانى كه‌لوپه‌له‌كانیشدا ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه به‌ده‌ست هات، له نموونه‌ی هه‌ره دیاردا سیستمی نوێی ته‌كنه‌لۆجیا و شاشه گه‌وره‌كان كه به كۆمه‌ڵ له‌ناو خێزاندا سه‌یر ده‌كران، ده‌كاته‌وه به شاشه‌ى زۆر بچووك و تایبه‌ت به چاوی تاكه‌كه‌سێك، یان ئامێره‌كانى پێوه‌ندیكردن له هێڵى گشتییه‌وه ده‌بن به ئامێرى پێوه‌ندیی تایبه‌ت به ده‌ستى تاكه‌كه‌س.
له‌و قۆناغه‌دا تاكگه‌رایی ئه‌وه‌یه مرۆڤ له هه‌لومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له ترس و فۆبیای له‌ناوچوون ڕه‌خساوه و له‌ناو سیستمێكی نوێ‌دا ده‌توانێت به تێڕوانینێكی سه‌ربه‌خۆ و به تاكایه‌تی خۆیه‌وه بژیی. لێره‌وه مرۆڤ له ڕووی هێزی جه‌سته‌یی و هزریشه‌وه، هانا بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ى ناباته‌وه. تێگه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه له‌ناو جیهانی تاكگه‌راییدا پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه كلاسیكییه‌كان بچووك ده‌بنه‌وه و ده‌وڵه‌ت وه‌ك پاسه‌وانی ئاسایشی تاك ده‌توانێت ئاسایش و سه‌ربه‌خۆیی تاك و دابڕان له بیری خێڵ و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دابین بكات. چونكه وه‌ك سه‌رده‌می كۆن چیتر تاكه‌كه‌س له‌پێناو ئاسایشی خۆیدا، خۆی به كۆمه‌ڵێك كه‌سه‌وه نابه‌ستێته‌وه كه له ده‌رئه‌نجامدا پشتى له ئازادییه كه‌سییه‌كانى ده‌كرد، لێره‌دا چیتر له‌پێناو ئاسایش‌دا، ده‌ست له ئازادی به‌ر نادرێ.
له سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ى گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له گۆڕانی سیاسییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌م دیارده‌یه له كۆمه‌ڵگه‌ى سڤیلدا ده‌چێته خزمه‌تێكى بێوێنه‌ى دابینكردنى سیستمی ئاسایش و ئازادیی گشتییه‌وه. كه به‌هۆیه‌وه ڕێژه‌یه‌كی باش له ئازادی و سه‌روه‌ریی یاسا و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت فه‌راهه‌م ده‌بێت. له سایه‌یدا گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه كلاسیكییه‌كانی وه‌ك خێڵ و بنه‌ماڵه و گرووپه باڵاده‌سته‌كان لاواز ده‌بن و ناتوانن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا سه‌ربكه‌ون و ناتوانن هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان بقۆزنه‌وه بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تاكی بێ پشت و په‌نا، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت هاوسه‌نگانه له ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ڕوانێت و له جیاتى پشتیوانیكردنى گرووپى به‌هێز، ده‌بێته پشتیوانی به‌هێزكردنه‌وه‌ى پێگه‌ى تاك و یاسا بێلایه‌نه‌كان.
به‌لاى ده‌وڵه‌تى گه‌شه‌كردوو و پێشكه‌وتوو، ڕێ ڕاسته‌كه ئه‌وه‌یه تاكی بێده‌سه‌ڵات دروست بكرێ، به‌ڵام مافی پارێزراو بێت. بێده‌سه‌ڵات به‌و واتایه‌ی نه هێنده به‌هێز بێت سته‌مكاری بۆ بچێته سه‌ر و نه هێنده‌ش لاواز بكرێت سته‌می لێ بكرێت. ئه‌وه له ده‌ورانی فیوداڵی/ده‌ره‌به‌گی بوو، مرۆڤ به خزم و نه‌وه و پشتی خۆیه‌وه نازی ده‌كرد، چونكه له سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وادا، ده‌سه‌ڵات و ئابووری پێناسه‌كراو بوو به "هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی". له‌و ژینگه‌یه‌دا زه‌وی و موڵكایه‌تی، ئه‌وه دیاری ده‌كات كێ سه‌رده‌سته و كێ بنده‌ست. شه‌ڕی هه‌مووان دژی ئه‌وانیتر به‌ره‌نجامی ته‌ماعكاری و ویستی فراوانخوازییه.
كۆمه‌ڵگه‌ی یاساسه‌روه‌ر كه سڤیل په‌روه‌رده ده‌كات، سنوور بۆ ئه‌و وزه خراپه داده‌نێت. ئیتر ده‌وڵه‌ت له هه‌موو شت و كه‌سێك باڵاتر ده‌بێ و ڕه‌مه‌كیش هاوئاست ده‌كرێن. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خزم و كه‌س، بنه‌ماڵه و بنه‌وان، تێیدا باڵاده‌ست بن و سیاسه‌تیش نه‌توانێ سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و باشتر بگۆڕێ، دابینكردنى هه‌لى یه‌كسان و مافى گشتى ده‌بنه خه‌ونی به‌دینه‌هاتوو.