بایدن چۆن یارمە‌تی كورد بدات؟

گە‌لانی لێقە‌وماو كە‌ بارودۆخیان لە‌ ھە‌موو ڕوویەكە‌وە‌ تە‌نگوچە‌ڵە‌مە‌ی تێدایە‌، زۆربە‌ی جار خە‌ونی ڕزگاری و پە‌رە‌سە‌ندنی دۆخی سیاسیی خۆیان بە‌ فریادڕە‌سێكە‌وە‌ دە‌بە‌ستنە‌وە‌. چە‌مكی فریادڕە‌س لە‌ خە‌یاڵی گشتیی ئە‌و میلە‌تانە‌دا یان ئاینی و میتۆلۆجییە‌، یان سیاسی و كارێزمییە‌.

چاوە‌ڕوانكردنی فریادڕە‌س بۆ ئازادی دە‌یان ملیۆن كە‌س، بە‌رئە‌نجامی بێدە‌سە‌ڵاتی ئە‌و میلە‌تە‌یە‌ و جگە‌ لە‌ بێھیوابوونی زیاتر، بە‌رھە‌مێكی شیاوی باسكردنی لێ ناكە‌وێتە‌وە‌.

لە‌ ھە‌موو ئە‌و گۆڕانكارییانە‌ی لە‌ سە‌رۆكایە‌تیكردنی ئە‌مەریكادا ڕوو دە‌دە‌ن، بە‌شێكی زۆری خە‌ڵك و میدیای سیاسیی كوردستان، ھیوا و ئومێدی خۆیان بۆ ڕزگاربوون و پێشكە‌وتن بە‌ سە‌رۆكی نوێوە‌ دە‌بە‌ستنە‌وە (سە‌رۆكی نوێ تاچە‌ند دۆستی كوردە‌؟ ھە‌ڵوێستی چییە‌؟ چی بۆ كورد دە‌كات؟) گوایە‌ بە‌ھۆی ھە‌ڵوێستی سیاسیی دۆستانە‌ی ئە‌و سە‌رۆكانە‌، ئە‌گە‌ری زۆرە‌ كورد پشوو بدات و بەسەر نەیارانیدا سە‌ربكە‌وێت. (بایدن)یش وە‌ك یە‌كێك لە‌و سە‌رۆكانە‌ سە‌یر دە‌كرێت. بە‌ڵام بۆچی دەبێت چاوە‌ڕێی فریادڕە‌سێكی وا نە‌بین؟ 

1- لە‌ پێوە‌ندییە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌كاندا، دوو بۆچوونی بە‌رانبە‌ر ھە‌ن كە لە‌بارە‌ی ھاوكاری و شێوە‌ی پێوە‌ندییە‌ نێودە‌وڵە‌تییان دواون. تیۆری (لیبڕالیزم) پێی وایە‌ لە‌ نێوان دە‌وڵە‌تان ھاوكاری و پشتپێكبە‌ستن ھە‌یە‌. بە‌ڵام تیۆری زاڵ كە‌ (ڕیالیزم)ە‌، پێی وایە‌ ھاوكاری بوونی نییە‌ و بە‌رژە‌وە‌ندی و ھێز لە‌ پێوە‌ندییە‌كاندا ڕۆڵ دە‌گێڕن. ھە‌ر ئە‌و بۆچوونە‌ی دووە‌میشیانە‌ بڕیاری سیاسی لە‌سە‌ر ئاستی نێودە‌وڵە‌تیدا پێ دروست دە‌كرێ. كە‌وایە‌ چانسی ھاوكاری و پشتیوانی بە‌بێ (بە‌رژە‌وە‌ندیی ھاوبە‌ش و ھێز) كە‌مە‌. كوردیش لەوەدا لاوازە.

2- ھە‌رێمی كوردستان تا ئێستە ئە‌كتە‌رێكی نادە‌وڵە‌تییە‌، بۆیە‌ ئەگە‌ر ھاوكاریش ھە‌بێت، زیاتر لە‌ نێوان دە‌وڵە‌تانە‌. دە‌شێت بۆ قە‌وارە‌ی لە‌ جۆری ھە‌رێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان میكانیزمی پاراستن و ھێشتنە‌وە‌ ھە‌بن، بە‌ڵام پێشكە‌وتنی زیاتر و ڕزگاربوون لە‌ دە‌رە‌وە‌ڕا وەك ئەستەم وایە.

3- بایدن كاتێك جێگری سە‌رۆك ئۆباما بووە‌، ھە‌ڵوێستێكی باشی بە‌رانبە‌ر كورد ھە‌بووە‌ و لە‌ دۆزە‌كە‌شی شارە‌زایە‌. بە‌ڵام كاتێك سە‌رۆكە‌، دۆخە‌كە‌ جیاوازە‌. ھە‌م بە‌رپرسیاریە‌تی زیاترە‌، ھە‌م دامە‌زراوە‌ی تر‌ی ئە‌مەریكی لە‌گە‌ڵیدا بۆ بڕیاردان بە‌شداری دە‌كە‌ن. جگە‌ لە‌وە‌، ھە‌ر ھاوكارییە‌ك خزمە‌تی بە‌رژە‌وە‌ندیی باڵای ئە‌مەریكا نە‌كات، بایدن پیادە‌ی ناكات، جا با كاتی خۆی كورددۆستیش بووبێت. ئەوە جیۆگرافیای سیاسی و بەرژەوەندیی زیندووی ئەمەریكا لە ناوچەكەیەدایە بڕیار دەدات.

4- تا ئێستە بە‌رژە‌وە‌ندیی وڵاتانی زلھێز لە‌گە‌ڵ داگیركارە‌ كلاسیكە‌كانی كوردستان كە‌ ئێران و توركیا و عێراقە‌، گە‌ورە‌ترە‌ لە‌ بە‌رژە‌وە‌ندیی ئە‌مەریكا لە‌گە‌ڵ كورد. لە‌ 30 ساڵی ڕابردوودا كورد وە‌ك ھێزێكی مرۆیی و سیاسی دژ بە‌و دە‌وڵە‌تانە‌ پارێزراوە و زۆرجاریش بەكار ھێنراوە‌، بە‌ڵام ئە‌وە‌ بە‌و واتایە‌ نییە‌ ئە‌مەریكا خە‌یاڵی دە‌وڵە‌تسازی بۆ كورد ھە‌بێت.

5- چارەنووسی كوردستان لە ستراتیجی ئەمەریكادا پێوەندی بە چارەنووسی عێراقەوە ھەیە. بایدن و سەرۆكەكانی تریش تا ئێستە بەرنامەی تایبەتیان بۆ كورد نییە، ئەجێندای جێگیر تا ئێستە مامەڵەیە لەگەڵ عێراقدا وەك یەكەیەكی سیاسیی 40 ملیۆن كەسی كە ئەمەریكا دەیەوێت بمێنێتەوە. لێرەشدا تەنیا ئەمەریكا بۆ گۆڕانكاری بڕیاردەر نییە.

بەپێی ئەو فاكتەرانە ھەر ئەگەرێكی گۆڕانكاریی گەورە بۆ كورد، لە ئامادەیی ناوخۆی كوردستان لە پرسی ئیدارە و چاكسازی و بەھێزكردنی حكوومەتدا دەبێت. دۆخێك كە تێیدا یەك ھێزی نیشتمانی و یەك ئیدارە و سیستمێكی ڕوونی ئابووری ڕۆنرابێت و چەمكی ھاووڵاتیبوون بەھێز كرابێت. ئەو گەشانەوە و خۆبەھێزكردنە، ئەگەری وەرگرتنی پشتیوانی بەھێز دەكات. كەوایە تا ئەمڕۆش چارەی خۆمان لە ناوخۆدایە. وەك چۆن پێشنیازی ئەمەریكا بۆ یەكخستنی پێشمەرگە و پڕچەككردنیان دەشێت، بەرەو پشتیوانی زیاتر بڕوات، ئەگەر لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە بین.