باسی گه‌رمی سیاسی، ڕێككه‌وتنی سه‌در و پارتی و سوننه‌كانه. ئه‌م ڕێككه‌وتنه پاش ئه‌وه دێت كه سه‌درییه‌كان له عێراق و پارتی له ھه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م ده‌نگی ھه‌ڵبژاردنن. یاسا و ده‌ستوور ڕێ ده‌ده‌ن سه‌درییه‌كان به به‌شدارپێكردنی كورد و ھاوپه‌یمانێتیی سوننه‌كان، حكوومه‌ت پێك‌بێنن.
ڕه‌ھه‌ندی ناخۆیی
سه‌در له گوتاری خۆیدا دوو بنه‌مای بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق دیاری كردووه: یه‌كه‌میان "سه‌ربه‌خۆیی عێراق" و دووومیان "دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی"، به كورتی ده‌یه‌وێ بڵێ، عێراق ده‌كه‌مه‌وه به ده‌وڵه‌تی عێراقییه‌كان نه‌ك ھێزه‌كانی سه‌ربه ئێران و ھه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا، له‌و ڕێیشه‌وه حكوومه‌تی یاسا و ھاووڵاتی دابمه‌زرێنێ.
پارتی له‌گه‌ڵ سه‌دری و سوننه‌كان بۆ پێكھێنانی حكوومه‌تی عێراق ڕێككه‌وتووه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كاندیدی بۆ پۆستی سه‌رۆكی كۆماریش ھه‌یه. یه‌كێتی ئه‌وه به خراپ وه‌سپ ده‌كات و پێی وایه زیانی بۆ پێوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ھه‌یه. گوایه ھه‌م ھۆكار ده‌بێت بۆ تێكچوونی دۆخی ھه‌رێم و ھه‌م له عێراقیشدا مه‌ترسیی ناوه‌ندییه‌تی و كۆبوونه‌و‌ه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی سه‌درییه‌كان دروست ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به دۆخی ھه‌رێمه‌وه ھه‌یه، ئه‌وه‌یه ڕێككه‌وتنی ستراتیجیی پارتی و یه‌كێتی ھه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، یه‌كێتی نیوه‌ی ده‌نگی پارتی ھه‌یه. پارتی ده‌یه‌وێ به قۆناغ و ورده ورده یه‌كێتی له‌گه‌ڵ دۆخی قبووڵكردنی ده‌ره‌نجامه‌كانی ھه‌ڵبژاردن رابێنێت و چیتر به لۆجیكی په‌نجا به په‌نجا بیر نه‌كاته‌وه.
ده‌وره‌دانی یه‌كێتی له ڕووی سیاسی و یاساییه‌وه (نه‌ك به چه‌ك) له‌لایه‌ن پارتییه‌وه، ورده ورده یه‌كێتی ده‌خاته به‌رده‌م دوو بژارده: یان ڕازیبوون به كۆتاھێنان به‌و دوو ئیداره‌ییه‌ی بووه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م حكوومه‌تی ھه‌رێم كه سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی پارتییه، یان به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پشتیوانی له ئێران كه دیار نییه ئاینده‌كه‌ی چۆن ده‌بێت.
یه‌كێتی له‌ناو ڕێككه‌وتنی سه‌در و سوننه‌كان و پارتیدا نییه، بۆیه له به‌ره‌ی ئێران‌دا ته‌نیا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام گوشاری ئێران و خواستی خۆی بۆ سه‌لماندنی پێگه‌كه‌ی، وایكردووه سوور بێت له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار. یه‌كێتی به‌و تاكتیكانه‌ی پارتی ته‌نیا ده‌توانێ ھاوبه‌شێكی بچووكتری پارتی بێت و سه‌نگ و ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی قبووڵ بكات، یان سه‌ركێشی بكات و خۆی بخاته مه‌ترسییه‌وه.
یه‌كێتی به‌و ھه‌موو برینه ناوخۆییه‌وه توانای ئه‌و ململانێیه‌ی كه‌مه. كه‌وایه ئه‌مجاره له جیاتی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له به‌غداوه سیاسه‌ت به‌رانبه‌ر پارتی بكات، پارتی لێی سووڕاوه‌ته‌وه و له به‌غداوه جووڵه‌ی به‌رانبه‌ر ده‌كات. گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ به‌غدا و داواكردنی سه‌رۆكی كۆمار، له پێشبینیی یه‌كێتیدا نه‌بوو.
ڕه‌ھه‌ندی ھه‌رێمی
دوای كشانه‌وه‌ی پله به پله‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا له دوای ساڵی (٢٠١١)ـه‌وه، ئێران له ڕێی شیعه‌كانی سه‌ربه خۆی، كۆنترۆڵی بڕیاری سیاسیی عێراقی كرد. ئه‌و دیارده‌یه وایكرد عێراقی نوێ نه‌بێته خاوه‌ن ستراتیج و سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی، به‌ڵكو عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران به‌كار بھێنرێت. دوا ئاماژه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه دروستكردنی ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ی شیعه‌گه‌رایی سه‌ربه ئێران بوو، له‌ڕێی ھێزه سیاسییه‌كانی مالیكی و عامری و حه‌كیم و ھێزی میلیشیایی مه‌زه‌وی (حه‌شدی شه‌عبی)، كه به‌و ھۆیه‌وه له ١١ ساڵی ڕابردوودا زۆرینه‌ی بڕیاره سیاسییه‌كانی عێراق له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران دراون.
ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی ئێران كه بۆ سه‌ر عێراق و وڵاتانی كه‌نداو و سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست دروستی كردن و عێراقی وه‌ك ڕێڕه‌و به‌كار ھێناوه، به‌ره‌ی سوننه‌ی ناوچه‌كه‌ی خسته ناو كۆمه‌ڵێك ڕێككه‌وتنه‌وه كه به سه‌ركردایه‌تیی سعوودیه و به‌حرێن و ئیمارات جێبه‌جێ بووه. بڕیار وایه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له ناوخۆی عێراقدا سنوور بۆ ئێران دابنێن و ھاوكاریی ئه‌و ھێزه شیعی و سوننه و كوردانه بكه‌ن كه به جۆرێك له جۆره‌كان دژی ڕه‌وتی ئێرانیزمن.
ئه‌و خواسته ھه‌رێمییه له دوای ھه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه كه سه‌درییه‌كان زۆرینه‌یان ھێنا، ھه‌لومه‌رجی ڕێگرتن له ئێرانی له ڕووی سیاسی و یاساییه‌وه خۆشتر كرد، له‌لایه‌كی تره‌وه، به‌ره‌ی سوننه‌ی عێراقی و پارتی چوونه‌ته ناو ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه، چونكه ھه‌ردوولایان به‌لای ده‌وڵه‌تانی سوننه‌ی ناوچه‌كه‌دان، نه‌ك ئێران.
ڕێككه‌وتنه‌كه ھه‌رچه‌ند تاكتیكییه و بۆ پێكھێنانی حكوومه‌تی عێراقه، به‌ڵام ده‌شێت ببێته ستراتیجی و دوورمه‌ودا، چونكه به‌ره‌ی دژه ئێران له ناوچه‌كه‌دا پشتیوانی ده‌كات.
سه‌درییه‌كان خۆیان به قوربانیی ده‌سه‌ڵاتی ئێران ده‌زانن و گوتاری ناسیۆنالیستی شیعه‌ی عێراقیان ھه‌یه. سوننه‌یش له ١١ ساڵی ڕابردوودا قوربانی ھه‌ژموونی ئێران و تیرۆریزمن كه به‌ھۆی حكوومه‌تی مالیكیی سه‌ربه ئێرانه‌وه، زیانی ڕاسته‌وخۆیان به‌ركه‌وت.
پارتیش ھه‌رچه‌نده له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا زۆرتر تاكتیكییانه سیاسه‌ت ده‌كات، پێی وایه ئێران به‌رپرسی یه‌كه‌مه له جێبه‌جێنه‌بوونی سیاسه‌ته‌كانی به‌تایبه‌ت له ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا و به‌رده‌وامیی لاوازكردنی حكوومه‌تی ھه‌رێم، له ڕێگی به‌رده‌وامیدان به دوو ئیداره‌یی.
پرسی لێدانی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی ئێران ئه‌گه‌رێكی دووره
ڕه‌ھه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی
تا ئێسته دانوستان له‌باره‌ی به‌ستنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران و سنووردانان بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا‌وه درێژه‌ی ھه‌یه، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرتووه. ئێران پێناچێ سازش له‌سه‌ر پرسی ناوكی بكات و به مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕازی بێت، بۆیه ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له رێیه‌كی تره‌وه ئێران لاوازتر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ له سۆنگه‌ی لاوازكردنیه‌وه به مه‌رجه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕازی بێت.
پرسی لێدانی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی ئێران ئه‌گه‌رێكی دووره، بۆیه ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر خواستی گۆڕینی ھه‌ڵسوكه‌وتی ئێران. ئه‌مه‌ریكا له ڕێی پشتیوانیی ڕێككه‌وتنی سه‌درییه‌كان و سوننه و پارتییه‌وه، ده‌یه‌وێ ھه‌ژموونی ئێران له عێراق لاواز بكات، ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی كه‌متێچوو و كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكایه له‌ناو عێراقدا. ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوو بدات، سه‌نگی سیاسیی ئێران له عێراق سووریا و لبنان و به‌رانبه‌ر وڵاتانی كه‌نداو و ئیسرائیل لاواز ده‌بێت و كارتی سیاسیی زۆر له ده‌ست ده‌دات. به‌وه‌ش ڕێڕه‌وی وشكانی گه‌یشتن به‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستی و په‌ڕینه‌وه‌ی لێ ته‌نگ ده‌بێته‌وه و چیتر به ئاسانی ناتوانێ یارمه‌تیی سه‌ربازی و لۆجستی بێنێت و ببات. ھاوكات ده‌بێته ھۆی لاوازیی ئه‌و ھێزانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا دژی ئیسرائیل ھاوكارییان ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه زیاتر بچێته پێشه‌وه، ڕۆڵی ئێران به ڕێژه‌ییش بێت له ناوچه‌كه‌دا به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت. به‌وه‌ش ئه‌مه‌ریكا، ئێران ده‌خاته گۆشه‌یه‌كی په‌راوێزخراوتر و لاوازتره‌وه.
ئه‌نجام/
١- ڕێككه‌وتنی سه‌درییه‌كان و پارتی و سوننه ڕه‌ھه‌ندی ناوخۆیی و ھه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ھه‌یه و پرسێكی گه‌وره‌تره له به‌ستنه‌وه‌ی پۆسته‌كه به تاكه‌كه‌سێكه‌وه. لاوازبوونی ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه له‌لایه‌ن به‌رھه‌م ساڵحه‌وه، پێوه‌ندی به لاوازبوونی ئێران و ھێزه‌كانی سه‌ربه ئێران له عێراقدا هه‌یه.
٢- ڕێككه‌وتنه‌كه بۆ پێكھێنانی حكوومه‌ت، قۆناغێكی نوێیه له نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراقدا، ئه‌گه‌ر ببێته پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی، دۆخی سیاسیی عێراق ده‌گۆڕێت و ئاماده‌یی ئێران لاوازتر ده‌كات.
٣- له‌و ڕێككه‌وتنه نوێیانه‌دا ئه‌گه‌ر لانی كه‌می به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران نه‌پارێزرێت، چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ھێرش بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق و ھه‌رێمی كوردستان زیاتر بێت و تاكتیكی نانه‌وه‌ی پشێوی په‌ره‌ی پێ بدرێت.
٤- ئه‌گه‌رێكی دووره ئه‌م ڕێككه‌وتنه نوێیه، دۆخی عێراق له ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو و گه‌نده‌ڵه‌وه بگوازێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی یاسا و چاكسازی و خۆشگوزه‌رانی. ڕه‌وتی شیعه‌ی عێراق پڕه له كێشه‌ی عه‌قڵییه‌تی سیاسی و تێڕوانینی سیاسیی نادروست بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق.
٥- ڕێككه‌وتنه‌كه به‌شێكه له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێی نێوده‌وڵه‌تی بۆ گوشار خستنه‌سه‌ر ئێران و زیاتر لاوازكردن و ناچاركردنی بۆ ملكه‌چكردن به‌رانبه‌ر خواسته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.