100 ڕۆژ حوكمڕانی


گوتارە‌كە‌ی مە‌سروور بارزانی سە‌رۆكی حكوومەتی هە‌رێمی كوردستان ڕووە‌ و خە‌ڵك و هاووڵاتییانی هە‌رێمەكەی، دوای 100 ڕۆژ لە‌ كاركردنی كابینە‌ی نۆیە‌م. جێی گرنگی و وردبوونە‌وە‌یە‌، چونكە‌ چە‌ند ئاماژە‌یە‌كی تێدا دە‌خوێنرێتە‌وە‌.

هە‌رچە‌ندە‌ پرۆسە‌ی هە‌ڵسە‌نگاندنی حوكمڕانێتی، پێوە‌ری زانستیی خۆی هە‌یە‌ و 100 ڕۆژیش كە‌مە‌ بۆ لە‌ تە‌رازوودانی كابینە‌ی حكوومەت، بە‌ڵام هە‌ڵسوكە‌وتە‌ سیاسییە‌كە‌ی سەرۆك وەزیران رێخۆشكردنێكی بەهێزە‌ بە‌و ئاراستە‌یە‌ی حكوومەت دە‌یە‌وێ بە‌ر لە‌ خە‌ڵك، خۆی بێتە‌وە‌ بە‌ردە‌می رای گشتیی و ڕای بگەیە‌نێت لە‌و ماوە‌یە‌دا چی كراوە‌ و چۆن كراوە‌. ئە‌و پە‌یامە‌ چە‌ند ئاماژە‌یە‌كی ئە‌رێنی تێدان وە‌ك:

١- لە‌ نە‌ریتی سیاسیی حوكمڕانیی كوردستاندا، بە‌رپرس و بە‌رپرسیارێتی زۆربە‌ی كات لە‌ ماوە‌ی حوكمڕانیدا ون بوونە. ئامادە‌یی بەرپرس و بە‌ڕێوە‌بە‌رە‌كان لە‌ بە‌ردە‌م خە‌ڵك لە‌ تەنگژەدا بووە‌، بە‌ڵام سە‌رۆكی حكوومەت ئە‌و نە‌ریتە‌ی تێكشكاند و خۆكارانە‌ دێتە‌وە‌ بە‌رچاوی خە‌ڵك و پە‌یامی حكوومەت و نوێكردنە‌وە‌ی بە‌ڵێن دووپات دە‌كاتە‌وە‌.

٢- لە‌ هە‌رێمی كوردستاندا متمانە‌ی سیاسیی نێوان خە‌ڵك و حكوومەت تێكشكاوە‌، بە‌ڵام لێپێچینە‌وە‌ لە‌لایە‌ن حكوومەت‌ خۆیە‌وە‌، وە‌ك بنە‌مایە‌كی سە‌رە‌كی گێڕانە‌وە‌ی متمانە‌ ڕۆڵ دە‌گێڕێت، بۆیە‌ گوتارە‌كە‌ی سە‌رۆك وە‌زیران تا ئاستێكی باش خواستی‌ نیازپاكیی حكوومەت لە‌ پێشكە‌شكردنی خزمە‌تگوزاریی و بە‌رە‌وپێشە‌وە‌بردنی حكوومەتەكەی پێشان دە‌دات.

٣- ئە‌م جۆرە‌ ئە‌كت و هە‌ڵسوكە‌وتە‌ سیاسییە‌، دووبارە‌ ئە‌رك بە‌سە‌رشانی سە‌رۆك وە‌زیران و حكوومەتدا دە‌كاتە‌وە‌ ماڵ، بە‌وە‌ش تێدە‌گە‌ین حكوومەت نایە‌وێ خە‌ڵك بە‌ڵێن و گوفتارە‌كانی پێشوە‌ختە‌ی ئە‌و كابینە‌یە‌ی لەبیر بچێتە‌وە‌، كە‌واتە‌ دووبارە‌ ئە‌رك دە‌خاتە‌وە‌ سە‌رشانی خۆی. 
ئە‌م پە‌یامە‌ هە‌ر بۆ خە‌ڵكیش نییە‌، بە‌ڵكو بۆ تە‌واوی دە‌زگەی بیرۆكراسیی حكوومەت و وە‌زیرە‌كانیشە‌ كە‌ دە‌بێ پابە‌ندی هە‌مان ڕێچكە‌ و كارنامە‌ بن.

٤- گوتاری سە‌رۆك وە‌زیران، گوزارشتە‌ لە‌ دروستكردنی ئاگاییە‌كی نوێ و هۆشیارییە‌كی باشتری خە‌ڵك بە‌رانبە‌ر كار و كردە‌وە‌كانی حكوومەت، تا خە‌ڵك بە‌ وردی ئاگاداری گۆڕانكارییە‌كان بن و بزانن چ جیاوازییە‌ك لە‌گە‌ڵ ڕابردوودا ڕوو دە‌دات.

ئە‌م ئاگاییە‌ دە‌بێتە‌ هۆشیارییە‌كی نیشتمانیی، چونكە‌ زۆربە‌ی حزبە‌كان پشكیان لە‌و حكوومەتە‌دا هە‌یە‌ و هە‌موو لایە‌ك هە‌ر پێشكە‌‌وتنێك بەهی خۆیان دە‌زانن.

٥- دە‌شێ پە‌یامی سە‌رۆكی حكوومەت كە‌ لە‌ ناوە‌ڕۆكە‌كە‌یدا "بە‌ردە‌وامیی چاكسازی و سزادانی سە‌رپێچیكار" دووپات كرایە‌وە‌، وە‌ك هۆشدارییە‌ك ببینین كە‌ لە‌ قۆناغە‌كانی تر‌دا لە‌وانە‌یە‌ لایە‌نە‌ بە‌رهە‌ڵستكار و بە‌رژە‌وە‌ندخوازە‌كان هە‌ڵاوێرد نە‌كرێن و گوشارە‌ سیاسی و ناشە‌رعییە‌كانیش كار لە‌ ڕە‌وتی حكوومەت نە‌كە‌ن.

پە‌یامە‌كە‌ بە‌گشتی لە ‌ڕووی مە‌عنە‌وی و متمانە‌وە‌، بە‌ ئاراستە‌ی نیازپاكی و دروستكردنی پردێكی بە‌هێزتری نێوان خە‌ڵك و دە‌سە‌ڵات دە‌بینرێت، بە‌ڵام ئە‌وكاتە‌ ئە‌و پە‌یامە‌ گرنگییە‌كە‌ی تە‌واو دە‌بێت كە‌ هە‌موو پرۆسە‌كان بخرێنە‌ خزمە‌تی ڕە‌وتی حوكمڕانێتی باش. 
دە‌بێت ئە‌وە‌ش بزانین كە‌ هە‌ڵسە‌نگاندنی گشتی و كۆتا دە‌كە‌وێتە‌ دوای كۆتاهاتنی ئە‌و كابینە‌یە‌ كە‌ جگە‌ لە‌ بە‌ڵێن و گێڕانە‌وە‌ی متمانە‌، دە‌ستكە‌وت و خزمە‌تی كردارییانە‌ی لێ دە‌خوازێت.