له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا "هه‌نری كیسنجه‌ر" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا، تاكتیكی دروستكردنی ناڕوونی (Constructive Ambiguity)له گفتوگۆكانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا به‌كار ده‌هێنێت. كیسنجه‌ر پێی وابوو سیاسه‌تی ناڕوون له به‌شێكی گفتوگۆ دیپلۆماسییه‌كاندا، ده‌رفه‌ت به ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌ست ده‌دات پانتاییه‌ك بۆ شیكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌ده‌ست بێنێت و له ساتی تردا ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ، به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی تردا بیسه‌پێنێت. ئه‌م تاكتیكه‌یش پێویستی به زمانێكی سیاسیی ناڕوون و زۆرجاریش دژبه‌یه‌ك هه‌یه كه هێز و لایه‌نه‌كانی به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكا بكه‌ونه گومان و راڕایی یه‌كلانه‌بوونه‌وه.
كیسنجه‌ر پێی وابوو گوتاری ناڕوون له دانوستانه هه‌ستیاره‌كاندا ده‌رفه‌ت ده‌داته سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ئامانج به‌دی بێنێت، بۆیه ڕاشكاویی هه‌میشه‌یی ده‌شێ زیانبه‌خش بێت. ناڕوونی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا له سه‌رده‌می شه‌ڕی (ئێران- عێراق) و ململانێی (عه‌ره‌ب- ئیسرائیل) و داگیركردنی كوێت، له هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكادا ڕه‌نگی دایه‌وه و زۆرجار نه‌یاره‌كانی ئه‌مه‌ریكای تووشی سه‌رلێشێوان یان ئابڕووچوون، كردووه.
بۆیه هه‌ركات ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كۆمارییه‌كاندا پێویستی به ده‌ستێوه‌ردان و ده‌ستكاری زیاتری سیاسه‌تی وڵاتانی تر هه‌بووبێت، تاكتیكی ناڕوون و گوتاری ته‌ماوی، ڕۆڵیكی دیاری له دانوستانه‌كاندا بینیوه.
له دیداری تره‌مپ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له داڤۆس، مامه‌ڵه‌ی تره‌مپ و راگه‌یاندنی سیاسیی ئه‌و ئیداره‌یه چه‌ندان ناڕوونی تێدا به‌دی كرا و بۆ هه‌ندێك لایه‌ن بووه جێی گومان.
ڕاگه‌یاندنی كۆشكی سپی له ڕووماڵكردنی دیداره‌كه‌ی تره‌مپ و سه‌رۆك كۆماری عێراقدا، ناوی به‌رهه‌م ساڵحی به "سه‌رۆك كۆماری ئێران" بڵاو كرده‌وه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ناڕوون بوو بۆ كاریگه‌ریی به‌رچاوی ئێران له‌سه‌ر عێراق و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی ناو عێراق به سه‌رۆك كۆماریشه‌وه، ئه‌م كۆده له ده‌ربڕیندا ده‌شێ به‌و واتایه لێك بدرێته‌وه كه ئه‌مه‌ریكا به‌یه‌ك چاو سه‌یری ده‌سه‌ڵاتداره سیاسییه عێراقی و ئێرانییه‌كان ده‌كات.
هه‌ر له میانی دیداری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له داڤۆس، له كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا تره‌مپ زۆرترین ئاماژه‌ی به دۆخی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان كرد و سه‌رنجی گفتوگۆی كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی خسته‌سه‌ر ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن بكه‌ونه پرسیار ئایا ئه‌و گرنگییه‌ی تره‌مپ به باسكردنی ڕۆژئاوای كوردستان له دیداری سه‌رۆكی هه‌رێمدا پێشانی دا، بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
له‌م گوتاره سیاسییه‌دا هه‌ڵسوكه‌وتی تره‌مپ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نه‌بوو، جگه له ئاماژه‌یه‌كی سیاسی له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه بۆ هه‌ریه‌ك له وڵاتانی توركیا و عێراق، به‌و مانایه‌ی له كاتێكدا كه كار بۆ وه‌ده‌رنانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌كرێت، ئه‌گه‌رێكی هه‌ره به‌هێز ئه‌وه‌یه ڕۆڵی گه‌وره‌تر بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ردوو به‌شی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان وه‌ك دوو به‌شی هاوئاهه‌نگ بدرێته هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له زمانی ئه‌مه‌ریكادا بۆ یه‌كه‌مجاره ئاماژه‌ی پێ ده‌درێت، كه تێیدا هه‌م به‌هێزتركردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر عێراق وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك پێشان ده‌دات، هه‌م دابینكردنی سه‌روه‌رییه‌كی زیاتری ڕۆژئاوای كوردستان پێشانی توركیا ده‌دات.
زمانی ناڕوون له‌لای ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به‌شێكه له تاكتیكی دانوستان و گفتوگۆ، به‌پێی تێگه‌یشتنه كیسنجه‌رییه‌كه، مه‌ودای یاریكردن و ده‌ستخستنی ئامانجه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه فراوانتر و به‌هێزتر ده‌كات، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا دیپلۆماسیی ئه‌مه‌ریكا ته‌م ده‌خاته سه‌ر ئاشكرایی و هه‌ندێك شتی تر كه خه‌ریكه ڕوو ده‌ده‌ن، ده‌شارێته‌وه.
پێویسته بگه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له دانوستان و دیپلۆماسیدا دامه‌زراوه‌ییه، هه‌ڵه‌ی ئابڕووبه‌رانه‌ی وا هه‌ڵناگرێت دۆسیه و كه‌س و ئاڵاكان تێكه‌ڵ بكات و له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆكایه‌تیشدا دژیه‌كی و نه‌زانی ڕه‌نگ بداته‌وه، به‌ڵكو تره‌مپ لێزانانه تاكتیكی ناڕوونی، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه زیندوو كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش كاری كردووه‌ته سه‌ر هه‌موو وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی.