چه‌پكه گوڵێكی په‌مه‌یی و سپی له كاغه‌زێكی ڕه‌ش پێچراوم به‌ده‌سته‌وه‌یه، له پاسێكی بچووك له ته‌نیشت ژنێكی به ته‌مه‌ن دانیشتووم، رێك لای ده‌رگه‌ی سه‌ركه‌وتنی نه‌فه‌ره‌كانه‌وه، زوو زوو ئه‌و ژنه به‌ته‌مه‌نه‌ی ته‌نیشتم سه‌یرێكی خۆم و چه‌پكه گوڵه‌كه‌ی ده‌ستم ده‌كات، تێده‌گه‌م ده‌یه‌وێ بزانێت به‌و چه‌پكه گوڵه‌وه له‌و پاسه‌دا چی ده‌كه‌م؟.
ژنێكی گه‌نجتر له‌وه‌ی ته‌نیشتم له‌سه‌ر ڕێ وه‌ستابوو چاوه‌ڕێی پاسه‌كه‌ی ده‌كرد، ده‌یویست له شوێنێكی ئاسووده دابنیشێت چونكه كێشی زۆربوو، ڕازی نه‌بوو بڕواته كوشنی دوای من، هه‌م جێیه‌كه‌ی پێ خۆش نه‌بوو هه‌م نه‌یده‌ویست له ته‌نیشت ئه‌و پیره پیاوه‌وه دابنیشێ كه له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كه‌یدا بێده‌نگییه‌كی قووڵ ته‌نیبوونی، بۆ ئه‌وه‌ی زۆر درێژه نه‌كێشی هه‌رزوو گوتم فه‌رموو خاتوون تۆ وه‌ره جێی من و منیش ده‌چمه كوشنێكی تر، سه‌یرێكی گوڵه‌كانی كرد، وه‌ك بیه‌وێ بڵێ كێ ئه‌م گوڵانه‌ی بۆ هێناوی؟ خه‌نده‌یه‌كی كرد و "سوپاس گوڵه‌باخ خوا له‌دایك و باوكت ڕازی بێت" ئای ته‌زووی ئه‌و دوعایه چه‌ن خۆشه "خودا له دایكت ڕازی بێت".
ئۆتۆمبێله‌كه كه‌وته ڕێ و هێدی هێدی له هه‌ستكردن به نزیكیت ورد ده‌بوومه‌وه، خه‌یاڵ ده‌مبات و بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه ده‌گه‌مه لات چاوم داده‌خه‌م و توند باوه‌شت پێدا ده‌كه‌م، تێر تێر بۆنی لاملت ده‌كه‌م، پڕ به هه‌ردوو چاوم سه‌یرت ده‌كه‌م.. به‌ڵام زوو زوو وه‌ستانی له ناكاوی ئۆتۆمبێله‌كه له به‌رده‌م ڕه‌قی تاسه و چاڵی ڕێیه‌كه‌یدا، ده‌مهێنێته‌وه هۆش خۆم و مووچڕكێك گیانم ده‌گرێت، توند باوه‌ش به گوڵه‌كه‌دا ده‌كه‌م و ئاهێكی قووڵ هه‌ڵده‌كێشم و له به‌رده‌م خۆمه‌وه ده‌ڵێم، باشه ئه‌و ڕێیه كه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌مانبڕی هێنده دوور نه‌بوو، ئێسته بۆ ته‌واو نابێ.
دیاره چیرۆكی من و چه‌پكه گوڵه‌كه‌م تا گه‌یشتن به تۆ، زۆر ده‌خایه‌نێت چاوی زۆر كه‌سمان ده‌كه‌وته سه‌ر و له دڵی زۆریاندا تانه و گومانی زۆرمان لێ ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ر به خه‌نده وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه، مه‌گه‌ر جگه له خه‌نده و بێده‌نگی شتێك هه‌یه بۆ گوتن؟
ژنه به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی پێشم زوو زوو ئاوڕێك ده‌داته‌وه و پێده‌كه‌نێ، ده‌زانم ده‌یه‌وێ بپرسێ و نابێ، له چاوانی وام هه‌ستم كرد حاجی گیانی هاوسه‌ری كه زوو زوو پێوه‌ندی پێوه ده‌كرد و به ده‌نگیكی ڕه‌ق پێی ده‌ڵێت "گه‌شتیه كوێ ئه‌وه بووه شه‌و بۆ نه‌گه‌شتیه‌وه". له ژیانیدا نه‌ك گوڵێكی بۆ نه‌بردبوو، كراسێكی به گوڵچنراویشی پێ ره‌وا نه‌بینیوه.
ده‌گه‌ینه هه‌ر بازگه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌پكه گوڵه‌كه‌م به چه‌ك ببینن، سه‌یرێكم ده‌كه‌ن و ده‌پرسن خاتوون بۆ كوێ ده‌چی، له پێشی پاسه‌كه له‌سه‌ر چواچێوه‌یه‌كی ئاسن نووسراوه "هه‌ولێر - ڕانیه" قابیله بۆ بازیان بچم؟ ئێسته ئه‌و حه‌وت ساڵه‌ی له دووری یه‌ك ژیاین دێته‌وه یادم كه هه‌فتانه هه‌مان ڕێم ده‌بڕی و جگه له دیاری چه‌پكه نێرگز و گوڵه‌باخه‌كانم بۆ ده‌هێنای، بۆیه هه‌ر به خه‌یاڵی ئه‌وكاتانه له دواین بازگه‌دا بێ ئه‌وه‌ی بمه‌وێ گوتم "ده‌چمه لای دایكم".
كات دره‌نگه، خۆر له ئاوابووندایه و تۆ له من هه‌ڵاتی، چه‌پكه گوڵه‌كه‌م خسته سه‌ر دڵت و له به‌رده‌م قاچه‌كانتدا وه‌ستاوم ده‌پرسم له‌وێ بوه‌ستم ده‌مبینی؟ به‌و هیوایه‌وه چه‌ند خوله‌كێك وه‌ستام بۆ ئه‌وه‌ی تامه‌زرۆیی بینینمت كه‌مێك بشكێ، سه‌رده‌خه‌مه سه‌ر خۆڵی سه‌ر دڵت و ده‌مه‌وێت دڵی پڕم له به‌رده‌متا هه‌ڵبڕێژم و ناتوانم. وه‌ك عاده‌تی دیداره‌كانی تر و دوای ڕۆشتنت ده‌ست ده‌كه‌مه‌وه به گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ورده پێكه‌نین و باشییه ڕووكه‌شانه‌ی له دوای تۆ ڕوو ده‌ده‌ن، خه‌ریكم هه‌موو خراپه‌كانت بۆ به تاڵی خۆشیه‌وه گرێ ده‌ده‌م به‌و هیوایه‌ی ئارامی نوستنه‌كه‌ت تێك نه‌ده‌م، كه‌چی خۆم ده‌خۆمه‌وه و دڵم ده‌نێمه ناو جه‌هه‌نه‌می درۆكانی زه‌مانی بێ ره‌حمییه‌وه، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كچێكی ڕاستگۆ درۆ بۆ میهره‌بانترین و پاكترین دایك ده‌كات.
به ئه‌سپایی ده‌ستم به‌سه‌ر خۆڵی سه‌ر دڵتدا دێنم و له دڵێ خۆمه‌وه ده‌ڵێم توخوا ببووره جگه له‌و ورده درۆیانه ناتوانم هیچی ترت بۆ باس بكه‌م، ئاخر دایه گیان گوتنی ڕاستییه‌كان له كێشانی ڕۆحی حه‌وت ڕۆحێك سه‌ختتره، ناكرێ هێنده دڵڕه‌قانه كاره‌ساته‌كانی دوای فڕینت بۆ بگێڕمه‌وه و بیكه‌م به باڵ، چونكه دوای بیستیان جارێكی تر توانای نیشتنه‌وه‌ت نابێت، ئاخر ئاوابوونی خۆری دایكێك له ماڵێك له‌وه پڕ ئازارتره به دێڕێك و نامه‌یه‌ك و كتێبێك بنووسرێته‌وه، پێم ناڵێ زمان چۆن گۆی گوتنی ده‌كات. به كورتی به‌هه‌موو ماناكانیه‌وه نه‌مانی سایه‌ی دایك له ماڵ وه‌ك بڕانی ئاوه له مه‌مله‌كه‌تێك.
ببووره كه ئه‌مجاره‌ش وه‌ك هه‌موو جارێك ڕاست ناكه‌م و ده‌ڵێم هه‌موومان باشین و هه‌موو شتێكمان باشه و هه‌موو كه‌س له‌گه‌ڵمان باشه و له به‌ختیاری ڕۆژگاردا خۆشی به شه‌و ده‌سپێرین، خۆ ناكرێ بڵێم هه‌ریه‌كه‌مان له چاوماندا شتێك ده‌خوێنرێته‌وه و زمانمان به جۆرێكی تر ده‌دوێت و دڵمان له ئازاری له ده‌ستدانت قوڵپ ده‌دات.
بێ ئه‌ده‌بییه له به‌رده‌م خۆڵی ساردی سه‌ر جه‌سته‌دا فرمێسكی گه‌رم بڕێژم و بڵێم نه‌ده‌بوو بڕۆی بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه پێبكه‌نین و خۆش بژین، ده‌بوو بۆ هه‌میشه بژیت و خه‌مخۆرمان بیت، یه‌كه‌مجاریشه ده‌ڵێم "ئارامتر بنوو پشووی ڕاسته‌قینه‌ت دا".
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رم له‌سه‌ر گڵی سه‌ر دڵت لابرد، ئیتر به دیارته‌وه داده‌نیشم و كاتی ئه‌وه‌یه وه‌ك جاران قسه و ڕازی دڵم كه بۆ گوێگرتنی ئێسته‌ت ده‌بن، هه‌ڵڕێژم. دایه گیان.. تۆ گه‌وره‌ترین و پڕچێژترین نهێنی ژیانی منت ده‌زانی و قه‌تیش باست نه‌كردبوو، ئێسته منیش ده‌زانم تۆ له چاوه‌كانمدا بینیبووت و قسه‌شت له‌سه‌ر كردبوو، بێ ئه‌وه‌ی پێم بڵێی.
چه‌ند جوانن ئه‌و نهێنی و مه‌زنییانه‌ی له دوای نه‌مانیشت به من ده‌ڵێن، مه‌زن بوون شكۆی دایك و كچایه‌تیتان جوان ده‌پاراست، ئه‌ما ئاسووده‌به ئه‌مه‌یانت له دڵه‌وه پێ ده‌ڵێم، ئاره‌زووه‌كه‌ی دڵت گه‌یشته جێ و ده‌گات، خۆشبه‌ختی له‌و شوێنه‌وه دێت كه تۆ له سووچێكی نزاكانتدا به نهێنی بۆ خۆشبه‌ختی من وه‌ك ملوانكه‌كه‌ی ملت به ناونیشانی "تۆ و من و كچه‌كه‌م" هه‌ڵتواسیبوو.
لێره‌دا زه‌نگی گه‌یشتنی تاكسی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵ لێی دا، وه‌ك هه‌موو جاره‌كانی تر ئه‌مجاره‌یش قسه‌كانم ته‌واو نه‌بوون، سه‌رم ده‌خه‌مه سه‌ر خۆڵی دڵت، ئاییی چه‌ند ده‌خوازم بێمه ناو تاریكی ئه‌و خۆڵه و به‌هه‌شتی ئه‌و باوه‌شه‌ت، ماچت ده‌كه‌م و ده‌چمه‌وه لای قاچه‌كانت و وه‌ك دواین شه‌وی به‌یه‌كه‌وه‌بوونمان ده‌ستم ده‌خه‌مه سه‌ر پێیه‌كانت و ده‌مه‌وێت یاریی به په‌نجه‌كانت بكه‌م، كه‌چی پڕ بوون له خۆڵ، خۆڵێك بۆ هه‌مووان دواین ماڵه و بۆ ئێسته‌ی من به‌خشینی سه‌بووری.