رۆژوو ناگرم بە تۆ چی؟

PM:02:14:25/05/2018 ‌
ئیڤان عەبدوڕەحمان

ڕەنگوڕووت زۆر گەشە پێ ناچێ بەڕۆژوو بی؟ جارێ بڵێ چۆنی باشی ئینجا بپرسە، ئێ خۆ دیارە زۆر باشی بەس پێم بڵێ بەڕۆژووی یا نا؟ بەڵێ بەڕۆژووم..
لە كوردستان ئەوە گفتوگۆی سەرەكیی بە یەكگەیشتنی دوو كەسە لە ڕەمەزاندا، كەسی وەڵامدەر بەڕۆژوو بێت یاخۆ نا ئەو وەڵامە دەداتەوە، چونكە نایەوێ دڵی تۆی ڕۆژووەوان بشكێنێ و بەو هاوینە بە كۆمەڵە قسەیەكی زبر هیلاكت بكات كە هەم بۆ تینوێتیت خراپە و هەم لە گرنگی ناوەڕۆكی ڕۆژووەكەت كەم دەكاتەوە كە خۆت بەتەواوی نایزانی!
بەڵێ گومان لەوەدا نییە كە نایزانی، چونكە ئەگەر بەتەواوی تێبگەی ڕۆژوو چییە و بۆچی بەڕۆژووی، هەرگیز ڕێ بە خۆت نادەی لە كەسێكی تر بەو زمانە پڕ هەراسانكەرەوە بپرسی بۆ ئەوەی پێت بڵێ بەڕۆژوو نیم و تۆش دەست بە سەرزەنشتكردن و هێنانەوەی كۆمەڵێك حەدیس بكەی كە بە دڵنیایی نەتخوێندوونەتەوە، تەنیا گوێت لێ بووە و نازانی ریوایەتەكەیان مام حەسەنی دراوسێتانە یان نەنە ئایشێمە. خۆ دڵنیای ئەو حەدیسانە نە گوتراوی پەیامبەرەكەی مسوڵمانان و نە فەرمانی خودا. خودا مرۆڤی بە ئازادی دروست كردووە، ئازادی بەهەموو مانایەكیەوە، بۆیە تۆ بۆت نییە بچیتە ناو تایبەتمەندی كەسێكەوە و ڕۆڵی پەیامبەر بگێڕی.
هاوڕێیەكم بینی ڕەنگی زەرد بوو، جلەكانی جیاوازتر بوو لە هەموو ڕۆژانی رابردوو، لەچكێكی بەزۆری بەسەردا دابوو كە نەیدەزانی چۆن بەسەریەوە ڕایبگرێت، گومانم كرد نەخۆش بێت، بۆیە پرسیم ئەگەر تەندروستیت باش نییە دەتبەمە لای پزیشك، پێكەنی گوتی تۆش بڕوات كرد؟ گیانەكەم من لەبەر پرسیاری خەڵك هەم میكیاجم نەكردووە هەم لەچكم لەسەرە، بۆ ئەوەی هەموو دەقەیەك یەكێك پێم نەڵێ ئەوە بۆ بەڕۆژوو نیت بۆ نایگری؟، بۆیە بەمشێوەیە وا دەزانن بەڕۆژووم و بۆ من باشترە، لە كاتێكدا ئەو هاوڕێیەم نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە و پزیشك ڕێی پێ نادات بەڕۆژوو بێت، خوایش خۆی ڕێی پێ داوە نەیگرێ، ئیتر تۆ خۆت بەچی دەزانی لە تاو برسیەتی و كەمیی باوەڕت بە رۆژووبوونی خۆت هەموو كەس هەراسان دەكەیت، بۆ كۆڵ لەو خەڵكە نادەی؟ تۆ چووزانی تایبەتمەندییەكانی خەڵك چییە و تەندروستی چۆنە بۆ فێری تەنیایی و ژیانی تایبەت نابیت و ئەوەندە پرسیار نەكەیت، دنیا زۆر پێشكەوتووە هەموو ئەوەی بەدەستەوەیە و لەبەرت كردووە بەرهەمی خێرایی و تەكنەلۆجیان، بۆیە هەقە كەمێك مێشكیشت بكەیتەوە.
لێرەوە دەمەوێ بڵێم رۆژووگری ئازیز بزانە كە تۆ بوویت بە مایەی سەرئێشە و هەراسانكردنی خەڵك، لەو نموونەیەی سەرەوە دەردەكەوێت كە خەڵك لێت دەترسێت بۆ تۆ خۆی دادەپۆشێ نەك خودا، لە كاتێكدا ئەمانە هیچی پێوەندی بە فەلسەفەی رۆژووگرتن و ئیماندارییەوە نییە كە تۆ دەستت داوەتێ، ئەو هەموو نازە چییە بەسەر خوادا دەیكەی؟، بۆیە گرنگە بزانی تا ئەو ئاستە گوماناوی بوونت و بەسەربردنی كاتی خۆت لەسەر حیسابی گێچەڵكردن بە دەوروبەر، وا باشترە خۆیشت رۆژوو نەگریت و ئارامی لە دەست نەدەی، ئێ خۆ لە لۆجیكی ئاینی و دەقەكانیشدا هاتووە كە كەس ناچێتە گۆڕی كەسەوە و هەركەس بەرهەمی خۆی دەچنێتەوە لە قیامەت، بۆیە واز لە خەڵك بێنە (خودا لە دڵی هەمووماندایە و پێویست ناكات بۆی بگەڕێیت).
هەروەها خودا خۆی هۆكاری بەڕۆژوونەبوونی بە ژن داوە بۆ چەند ڕۆژێك، بۆیە پیاوی تێگەیشتوو كە ژنێك دەبینێ خەریكی خواردن یان خواردنەوەیە بەژێر لێوەوە پێمەكەنە و وێنە گشتییەكەی لەش و تایبەتمەندییە بایۆلۆجییەكانی ژن مەهێنەرە بەرچاوی خۆت، ژن دڵنیایە تۆ دەزانی سووڕی مانگانە چییە، ماشەڵا لە ژنەكە باشتر وردەكارییەكەیشی دەزانن، خۆیشت سووك مەكە لای هاوڕێ كچەكانت دەڵێی خۆزگەم پێتان هەفتەیەك مۆڵەتن، بۆیە تۆش ئەگەر ئەوەندە بێزار و بە گومانی لە رۆژووگرتن، مەیگرە. خودا پێویستی بەو دەمبەستنەی تۆ نییە لە خواردن و خواردنەوە، لە كاتێكدا هیچ كوێی هۆشت بە رۆژوو نییە.
لە زمانی هەموو ئەوانەوە كە بەڕۆژوو نابن، بۆ ئەوانەی بەڕۆژوون، تكایە ڕۆژوو بۆ خۆت بگرە و هیلاكیت بە كەس مەفرۆشەوە و گێچەڵ مەكە، وازمان لێ بێنە كە بەڕۆژوو نابین، ئەوەندەی توانج لە خەڵك دەگری بیرێك لەوە بكەرەوە ئەو ڕۆژووەی تۆ پێت وایە بۆ خودای دەگری، كەسێك بۆ خۆتی بگرێت و بەرۆژوو بێت بەو جۆرەی خۆت، ئایا قبووڵی دەكەی؟.