فاكتەرەكانی پشت سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردن

كۆمەڵێك فاكتەر و هۆكار لە پشت سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانن، لە چەند هەڵبژاردنی رابردوو و بەتایبەت دواین هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، پێویستیان بە لێكۆڵینەوە، هەڵسەنگاندن و هەڵوەستە لەسەركردنە.  

بەهێزترین فاكتەر بریتییە لەوەی ئەم پارتە بەهۆی زیاتر لە سێ چارەكە سەدە تەمەنی، چووەتە قووڵایی و رەگوڕیشەی كۆمەڵگە و بووەتە گەورەترین پارتی رێكخراوی عێراق و بەهێزترین پارتی سیاسیی هەرێمی كوردستان. بۆیە گومان لەوەدا نییە كە جێگیریی دەنگ هەیە لە ناو پارتی و قورسە دەنگدەری پارتی بیروڕای بگۆڕێ بۆ دەنگدان بە پارت یان كاندیدێكی دەرەوەی پارتەكەی. 

ئەم سەقامگیرییە بەهۆی كولتووری پارتایەتی جێگیرە، ئەمەش وایكردووە تەمەنی پارتەكە درێژتر و كەم كێشەتر بێت. واتە سەركەوتنی پارتی بەهۆی بەهێزی رێكخستنەكانیەتی. خۆ ئەگەر پارتی بیتوانیایە باوەڕ بەو سەتان هەزار دەنگدەرەی تری بێنێ كە نەچوونە سەر سندووق، ئەوا ئێستە هاوكێشەكە زۆر جیاوازتر دەبوو. 

ئەم مێژووە فاكتەرێكی تر بووە بۆ ئەزموونداریی پارتەكە تا بەشێوەیەك دیزاینی بازنە سەرەكی و لاوەكییەكان بكات و كاندید دابەش بكات، بەهەمان مۆدێلی ساڵی ٢٠١٠ كە ئەمجارەش توانی زیاتر لە كۆی هەموو پارتەكانی تر، كورسی بەدەست بخات. 

نەتەوەییبوون نەك نەتەوەپەرستی، فاكتەرێكی تری بەهێزی زیادبوونی هەژموونی جەماوەریی پارتییە. پارتی بووەتە خوڵقێنەری رووداوە گەورەكانی نەتەوەیی. ریفراندۆم و بەرگری و قوربانیدان لەپێناو پاراستنی كوردستان لە جەنگی داعش و لە هێرشی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و هاوشێوەكانی بۆ لەناوچوونی هەرێمی كوردستان، كەم نین و ئەم رووداوانە لە مێنتاڵێتی تاكی كورددا جێگیر بوون و كاریگەری دەبێت لەسەر رەفتاری دەنگدەر لە هەڵبژاردنەكاندا. 

فاكتەرێكی تری سەركەوتنی پارتی، شاندانە بەر حوكمڕانێتییە كە وایكردووە متمانە لەلای دەنگدەر دروست بكات. سەرەڕای كەموكوڕی و گەندەڵی و كێشەكانی سیستمی سیاسی كە پارتیش نكۆڵییان لێ ناكات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خەڵك بارودۆخی ژیان و گوزەران و پێشكەوتنی شارەكانی هەرێم، بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو یان ناوەڕاست و عێراقی لێ دیارە و دەنگدەر بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و میدیاوە ئەوە دەبینێ. 

هەر پێوەست بەم فاكتەرەی پێشوو، پارتی بەهۆی ئەزمووندارییەوە توانیویەتی باشتر ئیدارەی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بدات و هەمیشە بیخاتە خزمەتی سیاسەتی ناوخۆ. ئەوەندەی ئەكتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەكان مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن و جێی متمانەیانە، ئەوەندە ناپەرژێنە سەر پارتەكانی تری هەرێم. 

پارتی رەگەزەكانی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی لە ناوەوە بەگەڕ خستووە بۆ ئاشناكردنی كورد و پرسەكەی بە دنیا، ئەمەش وایكردووە پارتەكە لە ناوەوە و دەرەوە بەهێز بێت. 

خراپی ئەدای پارتەكانی تر بەتایبەت كێبەركێكاری كۆنی پارتی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان) و لاوازی پارتە ئیسلامییەكان، فاكتەرێكی تری سەركەوتنی پارتییە. بەتایبەت كاتێك یەكێتی لە دوای كۆنگرەوە بەهۆی ململانێكانی هاوسەرۆك و رووداوەكانی هەشتی تەمووز و بارودۆخی گۆڕان لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، رووبەڕووی دۆخی ناهەموار هاتن، لە بەرانبەریشدا یەكگرتوویی و نەبوونی كوتلەكاری ناو پارتی و حەكیمی سەركردایەتییەكەی، وایكردووە ئەم پارتە بە یەكەم بمێنێتەوە.  

مۆدێلی كاركردنی پارتی سیاسی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی كوردستان، جیاوازە و پێچەوانەی پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوایە. لە ئەمەریكا و وڵاتانی پێشكەوتووی تر، خەڵك و كۆمپانیاكان تێچووی كەمپینەكان دەگرنە ئەستۆ و پشتگیریی پارتەكان و كاندیدەكان دەكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دەبێ پارتی سیاسی و كاندید پارە و دیاری بە خەڵك بدەن، یان بەشێوەیەك لە شێوەكان بەڵێنی جێبەجێكردنی كارێك یان خزمەتگوزارییەكی تایبەتیان پێ بدەن. هیچ كام لە پارتەكان بەدەر نین لەو مۆدێلەی كاركردن، تەنیا ئەوە نەبێت كام پارت پارە و دەسەڵاتی زیاتری هەبێت، دەتوانێ باشتر ئەدای ئەم سیاسەتە بكات لەوانیتر.

ئەم هەڵبژاردنە وەڵامێكی توندی ئەو تۆمەتانە و پاكی پرۆسەكە بوو،


بەپێچەوانەی رای گشتی بەرانبەر كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدان، بە حوكمی كاركردنمان لەگەڵ كۆمسیۆن و پارتەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ٢٠١٣، پێمان وایە هەڵبژاردنەكانی رابردوو بەو خراپییە نەبوو كە بۆ خەڵك وێنا كرابوو، لە هەمان كاتدا دەكرێ بگوترێت ئەم هەڵبژاردنە وەڵامێكی توندی ئەو تۆمەتانە و پاكی پرۆسەكە بوو، دەركەوت بۆ نموونە پارتی نەك هەر دژی ساختەكارییە، بەڵكو دەنگدەری پارتی خۆی لەبەر لەكاركەوتنی ئامێرەكان و خاوی سیستمەكە، نەیتوانی دەنگ بە پارتەكەی بدات. 

سەرەڕای ئەو ئەڕگیومێنتانەی سەرەوە، پارتی توانیویەتی خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییە نۆێیەكان بگونجێنێ و بەشێوەیەكی سەردەمییانە سیاسەت بكات، ئەمانەیش هۆكار بوون بۆ مانەوە و بەهێزبوونی زیاتری پارتی دیموكراتی كوردستان.