بارزان جه‌وهه‌ر سادق
ئایا بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی له‌باره بۆ ریفراندۆم؟ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تان له ئه‌نجامی جه‌نگ و ململانێكانه‌وه دروست بوون. پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی له زانكۆی "هارڤارد"ی ئه‌مه‌ریكایی فرانسیس فۆكۆیاما بڕوای وایه: زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له چینی كۆن دروست بوون به‌هۆی جه‌نگه‌كانه‌وه بوون. جگه بێ له‌مه‌یش، ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی مێژووی دوای ئه‌م قۆناغه بكه‌ین، ئه‌و دیارده سیاسییه ده‌بینین. بۆ نموونه له دوای شه‌ڕی 30 ساڵه له ئه‌وروپا جیۆگرافیای ئاینی گۆڕا بۆ جیۆگرافیای سیاسی و چه‌ندان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوون.
به‌هه‌مان شێوه له سه‌ده‌ی نۆزده ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا له ئه‌نجامی جه‌نگه‌وه، ئینجا له دوای كۆتاهاتنی ئیمپراتۆره‌كان له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و دواتریش له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی چه‌ندان ده‌وڵه‌ت دروست بوون. له هه‌موویان نوێتر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و دروستبوونی راگه‌یاندنی راسته‌وخۆی سه‌ربه‌خۆیی 15 ده‌وڵه‌ت ته‌نیا له‌وكاته. جه‌نگ و ململانێكانی دوو ده‌یه‌ی رابردوویش به‌هه‌مان شێوه چه‌ندان ده‌وڵه‌تی دروست كردووه كه لێره‌دا ناتوانین بپه‌رژێینه سه‌ریان. كه‌واته جه‌نگ ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كات. هه‌رێم چۆن سوود له بارودۆخی جه‌نگ وه‌رده‌گرێت؟
به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه نوێیانه‌ی تیرۆر و به‌هاری عه‌ره‌بی له ناوچه‌كه و نه‌خشه نوێیه‌كانی زلهێزان، ئیتر بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش له دوای 2011ه‌وه ته‌قیوه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نوێ له دروستبووندان كه باشووری كوردستان به‌هێزترین پاڵێوراویانه. شتێك نه‌ماوه به‌ناوی ده‌وڵه‌تی سووری یان عێراقی، هه‌ریه‌كه‌یان بۆ چه‌ندان ده‌وڵه‌تی بچووك دابه‌ش بوون. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه توركیا و ئێرانن. ئه‌مانه‌ش تێوه‌گلاون له ململانێیه‌كی توندی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی كه ناتوانن هاوئاهه‌نگ بن "وه‌ك پێشوو" له دژی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی.
خاڵێكی تر، به‌هێزبوونی پێوه‌ندی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابووری هه‌رێمه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی زلهێز به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می جه‌نگی داعشه‌وه، كورد متمانه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ دروست بووه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه هێزێكی ئاشتیپارێزه و دژی تیرۆره. له‌لایه‌كی تره‌وه، حه‌واندنه‌وه‌ی نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره و كارایی 36 كونسڵی گشتی، كونسوڵگه و نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و سه‌ربازانی بیانی و ئه‌و هه‌موو كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ی نه‌وت و غاز و وه‌به‌رهێنان و هتد… فاكته‌رێكی تری به‌هێزی له‌بارن بۆ گشتپرسی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له ئێسته‌دا.
ئێمه كاتێك پڕۆ‌ژه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێ ئه‌لته‌رناتیڤی بۆ بخه‌ینه ڕوو. ئه‌وانه‌ی كاته‌كه به‌گونجاو نازانن ده‌بێ پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ بكرێت كه كه‌ی به گونجاو ده‌زانن؟ ئه‌وكاته‌ی عێراق و سووریا له جه‌نگ ته‌واو ده‌بن و به‌رده‌بنه‌وه گیانی ده‌وڵه‌تی كوردی؟ یان شیعه‌كانی عێراق ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كه‌نه دیاری بۆمان؟ ئه‌وانه‌ی ئه‌م پاساوه به‌تاڵانه دێننه‌وه ویژدانیان نییه. چۆن ده‌بێ رۆشنبیر خامه‌كه‌ی له دژی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی به‌گه‌ڕ بخات.
توخوا رۆڵه‌یه‌ك شیری دایكێكی سته‌مدیده و خاوه‌ن شه‌هید و ئه‌نفالی خواردبێ، ده‌بێ بێ خه‌ڵكی هه‌ژار و ماندووی هه‌رێمه‌كه‌ی فریو بدات و بڵێ نه‌كه‌ن ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆبوون بده‌ن و هانی مانه‌وه له بن ده‌سه‌ڵاتی شیعه و عه‌ره‌ب بدا. كوردێك كه به پاره‌ی ئه‌و نیشتمانه فێری خوێنده‌واری و نووسین بووبێ و له دژی رێبازی باوباپیرانی بنووسێ "نه‌خێر" بۆ ده‌وڵه‌تبوونمان، جێی سه‌رسوڕمانه. به‌هێزترین پاساو ئه‌وه‌یه په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه. ئه‌وه پارتی ئه‌و به‌ڕه‌ی له‌ژێر پێ ده‌رهێنان با ئینجا بزانین چ مه‌رجێكی تریان هه‌یه بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوونیان.
پاساوی ئه‌وه‌یان هه‌یه پارتی هه‌موو مه‌له‌فه‌كانی به‌ده‌ست خۆیه‌وه گرتووه. ئه‌مه‌ش پاساوێكی به‌تاڵه، چونكه ئه‌وان له سه‌ركه‌وتن هاوبه‌شن، به‌ڵام كه بوو به ته‌نگژه ئه‌و پارته جێ دێڵن، ئه‌م پارته‌ش تا سه‌ر له ده‌سه‌ڵات نابێت و خه‌ڵك له دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ئازادانه بڕیار ده‌دات كه كێ حوكم بكات.