وڵاتانی عەرەبی بەرانبەر ئاین و گەل دووڕوون

AM:09:35:18/05/2021 ‌
ماوەی چەند هەفتەیە شەڕ لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل دروست بووە، كاردانەوەكان لە ئاستی دنیا زۆر و چاوەڕوانكراو بوون، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەكراو بوو، وڵاتانی عەرەبی كە جگە لە بەیاننامەی سەركۆنەكردن، هیچیتر نەبوو. 

بۆچی میسر لەساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتن دەكات، لەكاتێكدا دەزانێ ئیسرائیل دەیەوێ غەزە و قودس وەك خۆیان دەڵێن "داگیر” بكات؟، بەو رێككەوتنە میسر لە ململانێی عەرەب- ئیسرائیل چووە دەرەوە.

پاشان ئوردن لە ساڵی ١٩٩٤ رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل كرد. 
هەر ئوردن لە ٢٠١٤رێككەوتنی غازی لەگەڵ ئیسرائیل واژوو كرد، بۆیە سلێڤان شالۆم وەزیری وزەی ئیسرائیل، رێككەوتنەكەی "بە مێژوویی وەسف كرد كە دەبێتە هۆی پتەوكردنی پێوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی نێوانیان”. 

وەزیری وزە گوتی، "ئیسرائیل دەبێتە سوپەرهێزی وزە، پێداویستی دراوسێكانی دابین دەكات، پێگەی خۆی بەهێز دەكات وەك فاكتەرێكی ناوەندی لە دابینكردنی وزە لە ناوچەكەدا " . 

 لە ساڵی ٢٠٢٠دا بینیمان هەریەك لە ئیمارات و بەحرێن، رێككەوتنی ئاشتیی واژوو دەكەن، دەیانەوێت پێوەندی پتەویان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.  هەروەها  سوودان هەمان رێككەوتنی ئەنجام دا. ئەوەش بڵێین سعوودیە لەژێرەوە بە زانیاریی هەواڵگری، پێوەندییەكانی ئاسایین لەگەڵ ئیسرائیل.

فەرموو بڵێن كێ دەستی ئەو دەوڵەتانەی گرتووە بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەلەستین، شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بكەن؟ ئەی ئاینەكەیان ناڵێ ئەوەی بێ دەنگی لە ستەم بكات، هاوبەشە لە ستەمكردن؟

دەبوو وڵاتانی عەرەب بەر لە وڵاتانی تر كرداریان هەبوایە. پێوەندییەكان و بەرژەوەندییە بارزگانییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەساردایە، ئەمەش لە گەمەی سیاسیدا پێی دەڵێن” خۆكوژی سیاسی”، كەوابوو دەكرێ بڵێین وڵاتانی عەرەبی "دووڕوون” بەرانبەر بە ئاین و گەلی خۆیان.

غەزە بۆ من گرنگ نییە و ئیسرائیل بەهەمانشێوەیە، بەڵام بە هاوسۆزی كوردە داماوەكە شۆك بووم.

هەر بۆ زانیاریی گەلی "جوو” لە كتێبی تەورات بە گەلی "هەڵبژێراوی خودا” ناویان هاتووە.