حكوومه‌تی به‌عس له سه‌رده‌می پێشوودا به مه‌رامی سیاسی نه‌ك بازرگانی، جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیابارانی له دژی گه‌لی كورد و به‌شێك له شیعه‌كانی عێراق ئه‌نجام دا. ئه‌و تاوانه تا ئێسته‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ھه‌موو عێراقدا ھه‌یه.
به‌رپرسانی عێراق و میلیشیاكانیان له خوارووی ئه‌و وڵاته‌دا، به ده‌رمانی ساخته و ماوه‌به‌سه‌رچوو، له‌وه خراپتر وا به‌سه‌ر خه‌ڵك ده‌ھێنن. سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی عێراق له نوێترین راگه‌یه‌ندنیاندا وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كه له كۆمه‌ڵێك پزیشكی عێراقی پێكدێت، ھۆشداری ئه‌وه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه كه به‌ھۆی قاچاخپێكردنی ده‌رمانی ماوه‌به‌سه‌رچوو كه له رێی چینه‌وه ھاورده‌ی ناو خاكی عێراق ده‌كرێت، ھاووڵاتییانی عێراق جینۆساید ده‌كرێن.
جگه له‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری ماده‌ی ھۆشبه‌ر و تلیاك، له رێی ئه‌فغانستان و پاكستان ده‌گاته سه‌ر مه‌رزی ئێران و له‌وێشه‌وه راسته‌خۆ ده‌گاته خوارووی عێراق.
خه‌ڵك به‌ھۆی ئه‌و ھه‌موو خۆراكه خراپانه‌ی كه ھاورده‌ی عێراق ده‌كرێن، تووشی نه‌خۆشیی درێژخایه‌ن بوونه. بۆ رزگاربوونیان له‌و نه‌خۆشییه، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر داوده‌رمانی پزیشكی. خۆ ئه‌گه‌ر داوده‌رمانیش خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو بێت، ئیتر ھاووڵاتییانی عێراق له‌مه‌ودوا چی بكه‌ن؟
ئه‌وه دۆخه پێشھاتێكی زۆر مه‌ترسیداره، ئه‌وه‌ی ئێسته به سپۆنسه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ناوم ھێنا، له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیاكانی عێراق له دژی ھاووڵاتییانی عێراق ده‌كرێت، زۆر له‌وه مه‌ترسیدارتره كه حكوومه‌تی به‌عس له دژی خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌نجامی دا. ئه‌وه‌ی ئێسته بریتییه له قڕكردنی ھه‌موو ھاووڵاتییان به‌بێ جیاوازی.
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا باشترین بڕیار كه حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، زیاتر له دوو ساڵ پێش ئێسته ده‌ریكرد، ئه‌و بڕیاره بوو كه دامه‌زاندنی كۆمپانیای ھێنانی ده‌رمانی راگرت و ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیای ده‌رمانی داخست كه كاری نایاساییان ده‌كرد. ئێسته‌ش ھاورده‌كردنی ده‌رمان بۆ ناو خاكی ھه‌رێم به‌بێ ره‌زامه‌ندی كوالێتی كۆنترۆڵ قه‌ده‌غه كراوه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رجه‌م كۆمپانیا و مافیاكانی ده‌رمان له ھه‌رێمی كوردستاندا كاریان نه‌ما و به‌شێكی زۆریان روویان له خوارووی عێراق كردووه، بۆیه تا دێت ریشه‌ی بێكاری و ھه‌ژاری زیاتر ره‌گ داده‌كوتێت. نه‌بوونی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و رێگه‌وبان لایه‌نێكی تری نه‌رێنییه . قه‌یرانی سیاسی و به سه‌تان گرفتی تر كه ھه‌ن، كه‌چی تازه‌تازه چه‌ند حزبێكی كوردی باسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مه‌له‌فی نه‌وت بۆ عێراق ده‌كه‌ن.
كام عێراق؟ عێراقێك كه حكوومه‌تێكی نییه پارێزگاری له ئاسایش و سه‌روماڵی ھاوڵاتییانی بكات.