دەستوور و شوناسی حكوومەتی هەرێم

AM:09:48:24/05/2021 ‌
دەستوور وەك كۆتا بزمار لە تابووتی مەهزەلەی سیاسی و بەڕێوەبردن!
سیاسیی ترسنۆك ئەوەی لە ئاوی لیخندا كەیفی بەماسیگرتن دێت، دەستووری ناوێت!
دەستوور چییە و سوودی چییە؟
بۆ تا ئێستە دەستوورمان نییە؟
بۆ دەبێ پشتگیریی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بكەین لە پێناو نووسینەوەی دەستووردا؟ 

دەستوور چییە؟
دەستوور یاسای یاساكانە، بنەما سەرەكییەكانی دەوڵەت و سیستمی حوكمڕانی تێدا دیاری دەكات، دەسەڵاتە گشتییەكانی ناو دەوڵەت رێك دەخات. 

ئەی دەستوور لەرووی زمانەوانییەوە چییە؟
مامۆستا هەژار لەڕووی زمانەوانییەكەیەوە پێمان دەڵێت:
وشەی دەستوور واتە "فەرمان" و "ئیجازە" و "ڕێوشوێن و داب"؛ فەرمانێكە لەسەر گشت داودەزگەكانی دەوڵەت جێبەجێ دەبێت؛ مۆڵەت دەدات بەم دامەزراوانە دەسەڵات بەكار بهێنن و هەر دەستوورێك ڕێوشوێن و داونەریتی فەرمی و یاسا بنەڕەتییەكان دادەڕێژێت. 

باشە بۆچی تا ئێستە ئێمە دەستوورمان نییە؟ 
لە ساڵی 1992 تا 2003 دەمانتوانی ببینە خاوەن دەستووری خۆمان، بەڵام ناكۆكی سیاسی و شەڕی براكوژی و لێك دووركەوتنەوەی حزبەكان، كارێكی وایكرد هیچ دەرفەتێك نەهێڵێتەوە بۆ داڕشتنی دەستوور، ئەگەر بیانووشمان ئەوە بووبێت كە عێراق رێگر بووە لە دانانی دەستوورێك، خۆ لەدوای ساڵی 2003 عێراق خۆی ئەم مافەی پێداین كە ببینە خاوەن دەستوور، بەڵام سەرجەم حیبەكان لەبەر كێشەی لاوەكی نێوان خۆیان، رێك نەكەوتن كە ئەم هەرێمە بكەنە خاوەن دەستوور .

ئایا هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم شایانی ئەوەن ئێمە پشتیان پێ ببەستین و پشتگیریی بكەین؟ 
بەڵێ بێگومان هەرچەندە ئەم بابەتە دواكەوتووە، بەڵام هێشتا دەرفەت و ژینگەیەكی لەبار هەیە كە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی .

لەبەرئەوەی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێم و پێوەندییەكانی نێوانیان رێك دەخات و چوارچێوەیەكیش لەڕووی جیۆگرافییەوە بۆ حكوومەتی هەرێم دیاری دەكات. دەستوور پێمان دەڵێت سنووری هەرێم لە كوێوە دەست پێ دەكات و لە چ شوێنێك كۆتایی پێ دێت، پێوەندییەكانیشی لەگەڵ عێراقدا رێك دەخات، لەهەمان كاتیشدا ماف و ئازادییەكان رێك دەخات و شێواز و میكانیزمێك بۆ پاراستنیان دادەنێت. دەستوور هەرێم دەكاتە خاوەنی یەك سوپا، یەك هەرێم، یەك نەتەوە، بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزێت . 

نەبوونی دەستوور عەیبەیەكە بۆ هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ و لە ئاستی نێودەوڵەتیش، دانانی دەستوور دەسكەوتێكە بۆ هەموومان، چ حزبەكان و چ كۆمەڵگەی كوردی، لە هەمووشیان گرنگتر حكوومەتی هەرێم، لەو بێ شوناسییە قوتار دەكات كە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەك كەماسییەك سەیر دەكرێت. 

لە كۆتادا دەكرێ بگوترێت، هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بەرجەستەكردنی ناسنامە و شوناسی حكوومەتەكەیدا، كارێكی مێژوویی و لەبیرنەكراو دەبێت، خەباتێكی نوێ و بێ وێنە دەبێت لە پێناو دامەزراندنی حكوومەتێك كە تەنیا یاسا و دەستوور بڕیاری سەرەتا و كۆتایی دەدەن، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرمەبنای بڕگە و مادەكانی ئەم دەستوورە، پێوەندییەكانیان لەگەڵ خەڵك و حكوومەتی هەرێم ڕەنگڕێژ دەكەن.