كچە مۆدێل و جگەرەی ماریجوانا و یوفۆڕیا

PM:01:47:18/06/2022 ‌
لە دەستپێكی ئەم نووسینەدا دەمەوێ داوای لێبوردن لە خوێنەرانی بابەتەكەم بكەم، چونكە هیچ كات حەزم نەكردووە ناوی كەس بە خراپ بێنم، بەڵام بۆ دوورگرتن لە كێشەی مادە هۆشبەرەكان و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەكەم، ناچارم ئەو كەسانەی بە ناوی مۆدێلەوە خەریكی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و هەڵخەڵەتاندنی گەنجانی نیشتمانەكەمانن و بەرەو ئالوودەبوونیان دەبەن، بەم نیشانانە كچە مۆدێلەكان بناسن كە بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر و بەتایبەت جگەرەی ماریجوانا یاخۆ (كانابیس)ن.

ئەگەر بە وردی سەیری كچە بەناو مۆدێل (س ، ب) كردبێت، لە زۆربەی پرۆگرامەكاندا زۆر قسەی هەڵیت و پڵیتی دەكرد و لە كاتی پێكەنیندا قاقای پێكەنینەكانی ئاسایی نەبوو، دەچووە قاڵبی یوفۆڕیا و لە كەشێكی سەیردا بوو، ڕۆژێك دەبوو بە مۆدێل و ڕۆژێك بە گۆرانیبێژ و ڕۆژێك بە مەیكەپ ئارتیست و دواتریش دیزاینەر، چونكە هەست و بیركردنەوەكانی لە دەست دابوو، بۆیە بە ئارەزووی خۆی و بێمنەت جوێنی دەدا و قسەی ناشیرینی دەكرد، چونكە لە كەشی یۆفۆڕیای خۆیدا بوو، گاڵتەی بە جەستە قەڵەو و پڕ دەكرد.

خۆی ئەوانەی بەكارهێنەری مادەی ماریجوانان، بۆ ماوەیەكی درێژخایەن تووشی ڕشانەوە و هێڵنجدان و لە دەستدانی حەزی خواردن "ئیشتیها" و لە دەستدانی هەستی برسێتی دەبن، بەو هۆیەوە جەستەیان زۆر لاواز دەبێ، وەك ئەو خاتوونە بەناو مۆدێلەیش زۆر لاوازی پێوە دیاربوو. 
جگە لەوە، كاریگەری ماریجوانا لەسەر خانە میمۆرییەكانی مێشك و لە دەستدانی هەست و سێنسەكان و تووشبوون بە وڕێنە و هەلوەسە و یۆفۆڕیا دەبن، ئەوە جگە لە كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر كۆئەندامی هەناسە و سووڕی خوێن و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و سووربوونەوەی چاو، كاریگەریی خراپ لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و تێكچوونی ددانەكانیش دادەنێت.

ئەو كەسانەی ئالوودەی ماریجوانان، ئالوودەی جگەرە و كهوول و مادەی كریستاڵ و مادەی حشیشن، دەبینین زۆرینەی كچە بەتاڵ و بە جلوبەرگ مۆدێلەكان، مادەی حەشیش بەكار دێنن بۆ مەستبوونی چاوەكانیان. 

بۆیە لە كۆتایی ئەم نووسینەدا داواكارم گەنجانی نیشتمانەكەم دوور بكەونەوە لەو جۆرە بەناو مۆدێل و مادە هۆشبەرانە، تا ژیانی ئاسایی خۆیان بژین و دووربن لە دەرد و بەڵا، ئەوە هەڵبەت تەنیا كورتەیەكە لەبارەی ماریجوانا، دواتر لە لێكۆڵینەوە دەردەكەوێ چیتریان كێشاوە و چییان لە خەڵكی كوردستان كردووە، بۆیە من ناچمە ناوەرۆكەوە تا دادگا رۆڵی خۆی دەگێڕێت، بەڵام بە گشتیی ئەمانە راسپێردراون بۆ شێواندنی كۆمەڵگەی كوردی و هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتەی خێزانی و بوونیان لە مادەی هۆشبەر ترسناكترە.