دەنگ بۆ ئازادی یان کۆیلەیی


ئەم کوردستانە تا لە عەرەب جیا نەبێتەوە، بە تەمای ئەوە مەبە یەک تاکی کورد هیوای بە ئازادی هەبێت. لە ژێر سایەی عەرەبی برا گەورەدا و لەوەتی مێژوو بڕ کات، دەیان جار ئەم کوردستانە بە پێدانی ئازادی درۆ هەڵخەڵەتاوە، کاتێکی زانیوە بە جینۆسایدێک وەک ماروپەیژەکە هاتووەتەوە سەر وێرانە و نەتەوەیەکی مایەپووتی خوێناوی و کۆستکەوتووی لێ هاتووەتە دی.

کوردستان ئازاد نییە تا بێگانەیەک لەناویدا بە وڵاتی خۆی بزانێت، کوردەکەی ناویشی بە کەمینە و براچووک لە قەڵەم بدات، کوردستان ئازاد نییە، تا ئاسایشێکی نەتەوەیی پتەوی نەبێت و دوژمنانی چواردەور بتوانن کەسایەتی شەلەولەو /کەسایەتی بیر لەرزۆک/ ئاسا لە مەزادخانەی جاشایەتیدا هەرزانکڕ بکەن و ساویلکەی کوردی پێ بەرەوهەڵدێر و سیاسەتی (کەری دێزە) بەرن.

ئەمڕۆ کوردستان دەردی شاعیری نەتەوەیی کورد ئەحمەد موختار جاف دەڵێت: لە بەینی تورک و فارس و عەرەب، بێچووە تەیرێکە کەوتووەتە داوی منداڵانەوە.

ئەوەتا هەر باسی ریفراندۆم کرا، ئەمانیش کەوتنە خۆیان، بە داو و فاقەی کوردەکە خۆی، چەندان قەڵەمی شەلەلەویان کڕیوە، جا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، با بەردەدەنەوە و بیانووەکەیشیان هەر نانە جۆکەیە. ئەی شێتۆکەیەکیش هەست بەوە دەکات، دەق لەگەڵ دوژمنی کورد و کوردستاندا شانبەشانن بۆ مانەوەی خاک و نەتەوە و مێژوویان لەژێر چەپۆکی ئەوانەی بە درێژایی مێژوو خوێنیان بەرداوین. 

ئەمڕۆ کوردی ساویلکەیان وا لە خشتە بردووە کە ریفراندۆم درۆیە و بۆ بەرژەوەندی یەک دوو لایەنە بیکەن بە کارتی فشار بۆ دەستکەوتی تایبەتی خۆیان! باشە جا ئەگەر وایە، ئیتر بۆ دوژمن کەوتووەتە هات و هاوار و وەک قاز لەگەڵ قیڕاندی، کوردە نەگبەتەکەش بۆی دەسێنێتەوە.

 ئەمڕۆ کورد دوو رێگەی لەبەردەمدایە، یان ببێتە زوڕنای دوژمن و ئەو چی گوت ئەمیش دەنگدانەوەی دوژمن بێت، یان ئەوەتا خۆی لە جغزی ئەو تاوانە گەورەیە وەدەرنێت و دەنگ بۆ ئازادی خۆی بدات. دوژمن ئەمجارە وەک پرسێکی ناوخۆ ئەو بیانووەی نەبێت، وەک باوە پیارەیەک هەمیشە دایپڵۆسێت. چونکە تۆی سەربەخۆ دەچیتە بازنەی نێودەوڵەتییەوە و خوێن و چارەنووست بەهای خۆی دەبێت، جا ئیتر ئەمڕۆ هەلومەرجی کوردستان هەرچۆنێک بێت، تۆ راست دەکەیت، گەندەڵن؟ تۆ راست دەکەیت، یاسا سەروەر نییە؟ تۆ راست دەکەیت، خەڵک برسییە؟ تۆ راست دەکەیت، هەرچی تۆ رەخنەی لێ دەگریت راست دەکەیت، بەڵام لە داخی ئەوانە دەنگ بە کۆیلەیی خۆت بدەیت، ئەوا هەڵەیت و پشتی خۆت و نەوە دوای نەوەی خۆت دەشکێنیت.

هەر کوردێک دژی سەربەخۆیی بێت، ئۆتۆماتیکی لە بەرەی دوژمندایە، ئیتر هەر بیانوویەکی هەبێت، بیانووی تڕە، هێرش بۆ نانی جۆ دەبات.