سیروان حه‌مه‌شه‌ریف
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر گه‌نج بناسین، ده‌بێ نزیكتر لێیانه‌وه دابنیشین، زیاتر گوێیان بۆ بگرین، دوورتر بۆیان بڕوانین، ئارامتر له‌گه‌ڵیان بین، ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ین ئه‌وا نه‌خۆشییه‌كه و نیوه‌ی چاره‌سه‌ریشمان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. ده‌بێ بزانین مرۆڤ له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا باوه‌ڕی وایه ده‌توانێ ژیان بگۆڕێت و وزه‌ی زۆری هه‌یه و ماندوو نابێ.
هه‌مان كه‌س كاتێك ده‌چێته ته‌مه‌نه‌وه بۆی ده‌رده‌كه‌وێ له ژیانیدا هه‌ڵه‌ی زۆری كردووه و ئه‌زموونی باشی وه‌رگرتووه له ڕابردوو، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن بگه‌ڕێته‌وه ده‌توانێ كاری باشتر به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژیان دووباره نابێته‌وه. وه‌ك چۆن خێزانه سه‌ره‌تایییه‌كان پێویستیان به‌ده‌ست و بازووی لاوه‌كان هه‌بوو بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان و ئه‌زموونی به ته‌مه‌نه‌كانیش ده‌یپاراستن له‌و تاقیكردنه‌وانه‌ی پێیدا گوزه‌ریان كردبوو، هه‌مان میتۆد بۆ ڕێكخراو و پارتی سیاسی و حكوومه‌ته‌كانیش دروسته، به‌ڵام كاتێك ڕۆڵیان پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه، ئه‌نجامێكی كاره‌ساتبار چاوه‌ڕوانیان ده‌كات، چونكه بابای به‌ته‌مه‌ن هێز و وزه‌ی پێویست و گه‌نجه‌كانیش زانست و ئه‌زموونی ژیانیان نییه.
غاندی، ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌زموونی ته‌مه‌ن قاڵی كردبوو و دنیا به‌ڕێزه‌وه لێیان ده‌ڕوانی، كوڕه‌كه‌ی خۆی هاوڕای نه‌بوو، چونكه ده‌یویست به‌هێز ژیان بگۆڕێ و باوكیشی ده‌یویست به نه‌رمونیانی وه‌ك چۆن ئاوێك به‌ردێك دێته ڕێگه‌ی، ده‌بێ مه‌نگ بێته‌وه و دواتر به‌سه‌ر به‌رده‌كه‌دا به‌ئارامی بڕوات، ئه‌میش ئاوها كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
نووحی په‌یامبه‌ر به ته‌مه‌ن و ئه‌زموونێكی زۆری ژیان و سه‌ری سپییه‌وه بانگی كوڕه‌كه‌ی ده‌كرد: كوڕم وه‌ره سه‌ركه‌وه له‌گه‌ڵمان با نه‌خنكێی، ئه‌ویش ده‌یگوت ده‌چمه سه‌ر ئه‌و شاخه به‌رزه ده‌مپارێزێ. هاواری باوكی بێسوود بوو، ئه‌میش وه‌ك كوڕه‌كه‌ی غاندی وای ده‌زانی ده‌توانێ چیایه‌ك له بن بێنێ.
له سه‌ره‌تاوه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رفه‌تی به‌خشییه گه‌نج كه توانا و وزه‌ی خۆیان به‌كار به‌رن و سوودی لێیان بینی، چونكه وزه‌یان زۆر بوو، به‌ڵام تووشی ته‌نگژه‌ی دابڕینی سیاسی بوو به شێوازێك نه له‌گه‌ڵ پارتی توانی درێژه به حوكمڕانی بدات و نه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیش ڕێككه‌وتن و نزیكبوونه‌وه بكات و بگاته ئه‌نجامێكی باش بۆ خۆی.
دوای دوو مانگ له كۆچی دوایی ڕێكخه‌ری گشتییان و له هه‌ڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠١٧ی ڕێكخه‌ر و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن پرسیاری زۆری هه‌ڵگرت، بۆچی ده‌رفه‌تیان به گه‌نج نه‌داوه؟
سه‌خت بێت یان مه‌حاڵ، ده‌بێ دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێین كه گوفتار و ڕه‌فتاری به‌شێك له‌و گه‌نجانه‌ی ناو بزووتنه‌وه‌كه كه‌مئه‌زموونی پێوه دیار بووه و هه‌میشه به ماسولكه و بازوویان نازیویانه و ویستویانه ژیان بگۆڕن و باوه‌ڕیان به ئه‌زموونی به ته‌مه‌نه‌كان نه‌بوو، بۆیه شه‌قامی سیاسیی كوردستان تووشی ئه‌و گێژاوه بووه‌وه و ده‌توانم بڵێم گۆڕان له ڕابردوودا ڕۆڵی به‌ته‌مه‌ن و بێ ته‌مه‌نه‌كانی گۆڕیبوو، بۆیه تووشی ته‌نگژه بووبوو.
حزب ده‌بێ ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنێ بۆ كردنه‌وه و به‌كارهێنانی توانای لاوان كه باوه‌ڕیان به ماندوبوون نییه و ئه‌زموونی پیره‌كانیش ئاراسته‌ی نه‌خشی داهاتووی سیاسی بكات، چاوێك ورد بكه‌ینه‌وه، له كوردستان به ئاشكرا ده‌بینین پارتی كه حزبێكی خاوه‌ن ته‌مه‌نی زۆره، هه‌میشه به گه‌نجی ماوه‌ته‌وه و به‌سه‌ر كۆسپه‌كانی ژیانی سیاسی خۆیدا زاڵ بووه، چونكه ڕۆڵی پیر و گه‌نجی جیا كردووه‌ته‌وه، به‌شێوازێك هه‌ردوولا ئاینده‌ی خۆیان ده‌بیننه‌وه تیایدا.