سیروان حه‌مه‌شه‌ریف
سوله‌یمان، په‌یامبه‌ری به ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن حكوومه‌ت، پرسیاری خۆراكى مێروله‌یه‌ك ده‌كات، ئه‌ویش به داماوى ده‌ڵێت: سێ ده‌نكه گه‌نم بۆ ساڵێك. ڕه‌نگه پاشاى خاوه‌ن حوكم باوه‌ڕى پێ نه‌كردبێت، بۆیه له‌گه‌ڵ سێ ده‌نكه گه‌نمه‌كه‌ى ده‌یخاته ناو ده‌فرێكى سه‌رداخراو /وه‌ك قوتوو/ پێی ده‌ڵێت بزانم ڕاست ده‌كه‌یت؟ پاش ساڵه‌كه سه‌رى ده‌كاته‌وه ته‌ماشا ده‌كات ته‌نیا نیوه‌ى خواردووه و نیوه‌ى ماوه‌ته‌وه! ئینجا پێی ده‌ڵێت: ڕِاستت له‌گه‌ڵ نه‌كردم ئه‌وه‌نده‌ت نه‌خوارد. ڕه‌نگه وه‌ك ئێمه‌ى كورد گومانى بندیوارى لێ كردبێت, مێرووله وه‌ڵامى ده‌داته‌وه: باوه‌ڕ بكه درۆم له‌گه‌ڵ نه‌كردووی و سێ ده‌نك ده‌خۆم، به‌ڵام متمانه‌م پێت نه‌بوو له دواى ساڵه‌كه منت بیر بكه‌وێته‌وه، بۆیه پاشه‌كه‌وتم بۆ خۆم كرد.
له سه‌رده‌مى دیكتاتۆری و ته‌نانه‌ت پاشایه‌تیشدا، حكوومه‌ته‌كان كه‌متر پێشكه‌وتوو بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ى "نه‌یار"یان نه‌بووه، به ناچارى هه‌موویان "یار" بوون یان ئه‌گه‌ر نه‌یاریش بووبێتن، ته‌نیا له دڵى خۆیاندا بووه و ده‌ریان نه‌بڕیوه، بۆیه متمانه‌یان به فه‌رمانڕه‌واكانى خۆیان كردووه و ئه‌وانیش هه‌موو كاتێك بیریان نه‌بووه سه‌رى قوتوو و كۆگه‌ى ئازووخهكهیان بكه‌نه‌وه، بۆیه زۆریان به هیلاك و فه‌تاره‌ت چوون.
خۆشبه‌ختانه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى دیموكراسی و پێشكه‌وتنى ده‌سگرتن به‌سه‌ر جومگه‌كانى حوكمدا، ئه‌م چه‌مك و میتۆده‌ش گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هات و میله‌ت ئامینی بۆ هه‌موو دوعاكانى حكوومه‌ت نه‌ده‌كرد و نه‌یاره‌كان باوه‌ڕیان به به‌ڵێن و په‌یمانه‌كانی فه‌رمانڕه‌واكان نه‌ما.
واز له‌وه دێنم كه كه‌سانى بێ ویژدان چى به حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێن، به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌كیش، هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت و سه‌ربارى تێبینى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن كه له وڵاتانى پێشكهوتوویشدا هه‌یه، ئه‌وا سیستمى سیاسیى لاى خۆمان دیموكراسییه و ده‌ستاوده‌ستى ده‌سه‌ڵاتیش به به‌رچاومانه‌وه‌یه, ئه‌گه‌ر تۆى خوێنه‌ریش باوه‌ڕت به‌م دێڕانه‌ى من نییه، ئه‌وا بگه‌ڕێره‌وه بۆ ساڵى 2009 پاشتر له‌م هه‌رێمه‌ى له‌مه‌ڕ خۆماندا فه‌رمانبه‌ر, مامۆستا, پێشمه‌رگه‌یه‌ك نه‌یده‌توانى به ئاشكرا یا نهێنیش ئینتیماى بۆ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌رببڕێت، تووشی سزاى نانبڕین و دوورخستنه‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌ركردنیش ده‌بووه‌وه.
به‌ڵام له دواى ته‌نیا خولێكى په‌رله‌مان، هه‌ڵسووڕاوانى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كه پێشتر نه‌یانده‌توانى به ئازادى بیروڕاى خۆیشیان ده‌رببڕن، پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زیرى پێشمه‌رگه و دارایی و چه‌ندان پۆستى گرنگ به‌ده‌ست دێنن، دیاره پاش ئه‌وه‌ى توانییان بۆ جارى دووه‌م ٢٤ كورسیی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ن.
كارم به "نه‌یار" نییه، "یار"ـه‌كانیش له كاتى گوفتاریان متمانه‌یان به كاری حكوومه‌ت نییه و له‌هه‌ر كامه خه‌ڵك ده‌پرسی چه‌ندان گله‌یی نه‌بیستراوت بۆ به‌یان ده‌كات له‌باره‌ی كاره‌كانی حكوومه‌ت، به‌ڵام سه‌یروسه‌مه‌ره ئه‌مه‌یه هه‌موویشمان جڵه‌وی كاری خۆمان داوه‌ته ده‌ستى ئه‌م حكوومه‌ته و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كارقایمی خۆمان ناكه‌ین.
ده‌زانم تۆ ده‌ڵێیت كاكه حكوومه‌ت مووچه نادات چی قایم بكه‌م، له بیر و هۆشت تێده‌گه‌م ده‌ته‌وێت بڵێیت حكوومه‌ت وه‌ك سوله‌یمان ده‌نكه گهنمهكانمان پێ نادات تا كه‌مخۆری بكه‌ین, منیش ده‌ڵێم باشه ئه‌گه‌ر متمانه‌ی ته‌واومان به‌كارى ئه‌م حكوومه‌ته نییه، بۆچی ساڵانه كه‌ره‌سته‌ی ناوماڵ و ئۆتۆمبێل و مۆبایل ده‌گۆڕی؟ چه‌ند فه‌رمانبه‌ر ده‌ناسین نه‌ك ته‌نیا ئه‌وه‌ی ئێسته بگره مووچه‌ی چه‌ندان مانگی داهاتووی هێشتا نه‌هاتووه، قه‌رزار بووه له‌سه‌ر گۆڕینی كه‌مالیات؟
ئێمه گیرمان خواردووه له نێوان ئه‌وه‌ی پێویستمانه و ئه‌وه‌ی حه‌زمان لێیه‌تی، ئاخر پێوستمان به خواردن و خواردنه‌وه و جلوبه‌رگ هه‌یه، به‌ڵام پێشینه ده‌ده‌ین به‌وه‌ی كه حه‌زمان لێیه‌تی! بۆیه ناچار ده‌بین چه‌ندان مانگ قه‌رزی حه‌زێكی نه‌گونجاو بده‌ینه‌وه. پرسیاری من ئه‌وه‌یه ئێمه ئه‌گه‌ر هه‌موومان قسه به‌كاری ئه‌م حكوومه‌ته ده‌ڵێین، هه‌ر به راستی بارته‌قاى مێرووله‌یه‌كی بێ هه‌ست ئه‌قڵ وه‌گه‌ڕ ناخه‌ین كه متمانه به پاشایه‌ك نه‌كه‌ین ئه‌گه‌رچی په‌یامبه‌ری خوایش بێت؟
پارێزه‌ر و ماسته‌ر له یاسای نێوده‌وله‌تی.
به‌رپرسی راگه‌یاندن و پێوه‌ندی له ناوه‌ندى چاوى كورد.