پێشبینی دەكرێ كۆبوونەوەی ئۆپێك سێ مانگ دوا بخرێ

:: PM:12:22:18/01/2020 ‌

بەشێك لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و رووسیا لە هەوڵی ئەوەدان كۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێك بۆ كاتێكی تر دوابخەن و هۆكارەكەشیان بۆ نەبوونی بەرچاوڕوونی گەڕاندووەتەوە.

سەرچاوەیەك لە رێكخراوی ئۆپێك بۆ ئاژانسی تاس ئەمەی دركاندووە و گوتوویەتی، ئەندامە سەرەكییەكانی رێكخراوەكە خەریكی تاوتوێكردنی ئەو پرسەن  و دەیانەوێ كۆبوونەوەكە بۆ مانگی حوزەیران دوابخەن.
ساڵی رابردوو بڕیاری كەمكردنەوەی ملیۆنێك و 700 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت درا

بەگوێرەی دواین بڕیاری ئۆپێك كە ساڵی رابردوو لە كۆبوونەوەیەی ڤیەننا خرایەڕوو، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ رێكخراوەكە و هاوپەیمانەكانی كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی ریككەوتنی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن.

هۆكارە سەرەكییەكە لە هەوڵی وەزیرانی نەوتی هەندێك وڵاتی ئۆپێك بۆ دواخستنی ئەم كۆبوونەوەیە بریتییە لە نەبوونی بەرچاوڕوونی و دەڵێن تا ئەو ئامار و زانیاری وردیان لە بەردەست نەبێت، ناتوانن كۆ ببنەوە و بڕیارێكی دروست دەربكەن.

بەگوێرەی "فارسنیوز" لە كۆبوونەوەی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو بڕیاری كەمكردنەوەی ملیۆنێك و 700 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت درا، بەراورد بە بڕیارەكەی پێشتر نیو ملیۆن بەرمیلی تر كەم كرابووەوە بەو ئامانجەی نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

باس لەوەش كراوە كە لەوانەیە كۆبونەوەكە سێ مانگ دوابكەوێت و لە مانگی حوزەیراندا ئەندامانی ئۆپێك و رووسیا كۆ ببنەوە.



وشە - سلێمان تاشان