كازمی لیستێكی نوێی كاندیدانی حكوومەتەكەی پێشكەیش دەكات

:: PM:08:22:27/04/2020 ‌

لەوكاتەی مستەفا كازمی، راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەڵێت كە پێویستە هەمووان بەرژەوەندی عێراق بخەنە پێشەوە و گوشاركردن بۆ لاوازكردنی دەوڵەت قبووڵ ناكات، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی كردەوە كە كازمی گۆڕانكاری لە لیستی وەزیرەكانی كردووە.
هێزە شیعەكان لەگەڵ كازمی كۆ دەبنەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، مستەفا كازمی، لە تویتێك نووسیویەتی، ئەو بەرپرسیارەتییەی لە دۆخە ناهەموارە و لەناو تەنگژەی ئابووری و تەندروستی و تەناهیدا لە ئەستۆم گرتووە، بەرپرسیارەتییەكی نیشتمانییە و ئەو حكوومەتەی دەمەوێ پێكی بێنم پێویستە لە ئاستی تەنگژەكان و چارەسەریان بێت، بۆیە پێویستە هەمووان بەرژەوەندی عێراق بخەنە پێشەوە، ئەو كاتەیش قبووڵی گوشار دەكەم كە پاڵپشت بێت بۆ دەوڵەت، هەر گوشارێكیش رەت دەكەمەوە بە مەبەستی لاوازكردنی دەوڵەت بێت.

لای خۆیەوە عامر فایز، پەرلەمانتاری شیعە لەو بارەوە گوتی، بڕیارە كازمی لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرانی هێزە سیاسییە شیعەكان لیستێكی دەستكاریكراوی كاندیدی وەزیرانی بخاتە روو، روونی كردەوە، هاوپەیمانی "فەتح" و هێزی تری سیاسی، لە كۆبوونەوەكانی پێشوو بە كازمیان راگەیاند كە رەتی دەكەنەوە پۆست بە وەزیرانی پێشوو بدرێت. 

زیاتر گوتی، سەركەوتنی كابینەی حكوومەتەكە و متمانەوەرگرتنی لە پەرلەمان بە كاندیدەكان و توانا و شارەزاییان بەندە، بڕیارە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە شیعەكان، كازمی لیستێكی نوێی وەزیرەكانی بخاتە روو، پێش رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان. 

هەینی رابردوو هێزە سیاسییە شیعەكان لە ماڵی هادی عامری لەگەڵ مستەفا كازمی كۆبوونەوە، ئەو لیستەی لە كۆبوونەوەیەكی پێشتر پێشكەیشی كردبوون، رەتیان كردەوە و 48 سەعاتیان بۆ دیاری كرد بۆ گۆڕینی لیستی وەزیرانی كابینەكەی، بۆیە بڕیارە لەم هەفتەیە لە كۆبوونەوەیەكی تری كازمی و ئەو هێزانە، لیستێكی نوێی وەزیرەكان پێشكەیش بكات.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل